کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر، پێشەوایانی داکۆکی لە مافی نەتەوەیی

04:11 - 19 جۆزەردان 2719

دوای ئەوەی لە نێوەڕاستی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی ئەمساڵدا مەداحێکی توندڕەو لە کاناڵ پێنجی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بێڕێزی بە کەسایەتییە گەورەکانی ئەهلی سوننەت و ئەسحابەی پێغەمبەری ئیسلام، حەزرەتی محەممەد(دروودی خوای لێ بێت) کرد و بە ناڕەوا، هێرشی کردە سەر کەسایەتیی هاوسەری پێغەمبەر، زۆربەی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لە خوتبەکانی دوو حەتووی ڕابردووی خۆیاندا، بە توندی هەڵوێستیان گرت. هاوکات لە گەڵ هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی بەرانبەر بەم بێڕێزیانە بە ئەهلی سوننەت، لەسەر دیتنی مانگ و جێژنی ڕەمەزانیش کە ئیدارەی ئیتلاعاتی  ڕێژیم لە زۆربەی شارەکان هەڕەشەی لە مامۆستایانی ئایینی کردبوو کە نابێ لەو ڕۆژەدا جێژن بگرن، بەشێکی بەرچاوتر لە مامۆستایانی خاوەن هەڵوێستی کورد لە بەشێک لە شار و ناوچەکانی کوردستان دژ بە زوڵم و زۆریی دەسەڵات هاتنە دەنگ و خوتبەکانی خۆیان بۆ ئەم باسە تەرخان کرد. مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لە خوتبەکانیاندا زۆر بوێرانە بەرانبەر بەو غەدر و چاولێسوورکردنەوانەی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاشکاوانە بۆ خەڵک قسە دەکەن و باس لەوە دەکەن کە "نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا نەتەنیا هیچ ڕێزێکی بۆ ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دانەناوە و ئەم میللەتەی بە بیانووی جۆراوجۆر سەرکوت کردوە، بەڵکوو ئێستا بە ئاشکرا لە هەوڵی ئەوە دایە کە دیینەکەشی لێ بستێنێ". لەم خوتبانەدا مامۆستایانی نیشتمانپەروەری کوردستان وێڕای پێداگری لە سەر ڕاوەستان و هەڵوێست گرتن بەرانبەر بەو بێڕێزیانەی بە ئەهلی سوننەت دەکرێ و داخوازییە مەزهەبییەکانیان پشت گوێ دەخرێ، مەسئولانە و بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانەوە باس لە سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم و حاشاکردن لە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن. ئەوان کە بێ‌هەڵوێستی بەرانبەر بە زوڵم و زۆری و چاپۆشی لە مافە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی خەڵکی کورستان، دژ بە ڕەسالەتی دینیی هەر ئینسانێکی ئیماندار و شەرع دەزانن، داوا لە تەواوی مامۆستایانی دیکە لە تەواوی کوردستان و خەڵک بە گشتی دەکەن کە بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتکاری و زوڵم و زۆری و بێ‌ڕیزیکردن، کەمتەرخەم و بێ‌هەڵوێست نەبن. هەر لەم پێوەندییەدا مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لەو باوەڕەدان کە، "ئەوەیکە زۆر بە ئاشکرا و لە کاناڵێکی ماهوارەییەوە ڕاستەوخۆ تەوهین بە باوەڕەکانی بەشێک لە ئیمانداران دەکرێ و ئەوەیکە بە ئاشکرا و بێباکانە ڕۆژانە خەڵکی کوردستان دەچەوسێتەوە و زوڵمی نەتەوەیی و مەزهەبی لێ دەکرێ، پێوەندیی بە بێ‌باکیی کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە لە پێشەوایانی دینییەوە هەیە کە جاری وایە زۆر بە ڕاحەتی زوڵم قبووڵ دەکەن و چاو لە سیاسەتی سەرکوت دەپووشن و عادەت بە کوژرانی خەڵکەکەمان دەکەن"، بۆیە ڕاشکاوانە داوا لە گشت مامۆستایانی ئایینی دەکەن کە چیدیکە بێتەفاوەت و کەمتەرخەم نەبن و بەرانبەر بەو زوڵم و زۆریانەی لە خەڵکی کوردستان دەکرێ هەڵوێستیان هەبێت. مامۆستایانی نیشتمانپەروەری کوردستان کە جیا لە پێشەوایەتیی دینی و ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئایینییەکانیان، پێشەوایەتیی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیان لە سەدان ساڵی ڕابردووەوە کردوە، ئێستاش هەر ئەو چاوەڕوانیەیان لێ دەکرێ کە وەک هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەمانەوە بن. بوونی رێبەران و کەسایەتییە بەرزە مێژووییەکانی وەک شێخ عوبەیدوڵلا نەهری، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا درسیم، مەلا مستەفا بارزانی و پێشەوای گەورەمان شەهید  قازی ‌محەممەد، یەکەم سەرکۆماری کوردستان، کە هەر هەموویان لە قۆناغی جیاجیای بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا پێشەوا و ڕابەر بوون، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە لە نێو خەڵکی کورستان و بزووتنەوە ڕەواکەیدا مامۆستایانی ئایینی هەمیشە دەتوانن ئەو ڕۆڵ و مەسئولیەتە مێژووییەیان لە سەر شان بێت. بۆیە جێی خۆیەتی گشت خەڵکی کوردستان، هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان بە چاوی رێز و پێزانینەوە بڕوانینە هەڵوێستی ئەم رۆڵە نیشتمانپەروەرانەی کوردستان کە وەک هەمیشە مزگەوت و منبەریان کردۆتە مەتەرێزی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان  و هاوکات - هەروەک مامۆستایان داوایان کردوە - وەبیر تەواوی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لە هەموو شار و ناوچەکانی نیشتمانەکەمان بهێنینەوە کە؛ خەڵکی مافخوازی کوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستە نیشتمانپەروەرەکانی ئێوەیە و وەک ئێوە لە هەموو چین و توێژێک باشتر دەزانن کە؛ "چاوپۆشی لە زوڵم و سەرکوتکاری، بۆخۆی زوڵمە."