کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی کۆڵبەران کوشتنی گەلێکە

03:29 - 21 جۆزەردان 2719

ھێرشی ھەمەلایەنەی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر گەل و خاک و نیشتمان، لەم ڕۆژانەدا گوڕێکی نوێی گرتووە. بەهۆی ئەوەی کە لە ماوەی جڵ ساڵی ڕابردوودا کوردستان وەک ناوچەیەکی ئەمنیەتی سەیر کراوە، بەردەوام لەشکرکێشیی سەربازیی ڕێژیم لەم دەڤەرە بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکاندا ڕوو لە زیادبوون بووە و؛ بەتەواوی بۆتە شوێنێکی میلیتاریزە. لەو نێوەدا بەشێک لە گەلی مەینەتباری کورد کە بۆ بژیوی ژیانیان ڕوو لە چیاکانی سەر سنوور دەکەن ڕاستەوخۆ دەکەونە بەر فیشەکی دوژمن و گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم نەریتی کوردکوژی و کۆڵبەرکوشتنە بۆتە نەریتێکی جێگیر و چەسپاو لەنێو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا. ڕێژیمی کۆماری سێدارەی ئێران بە درێژایی ساڵانی ڕەشی دەسەڵاتی خۆی لە کوردستان بە شێوەی سیستماتیک و پلان داڕێژراو گەلی کوردی ئاسیمیلە کردوە و، ھەوڵی لەبار بردن و ناشیرین کردنی کولتوور و زمان و ڕەسەنایەتیی ئەم گەلەی داوە و ھەروەھا بەردەوام تێکۆشاوە لە باری ئابوورییەوە تاکی کورد گوێ لەمستی خۆی بکا. لەم نێوەدا ئەو کوردانەی کە بەرپەرچی پیلانەکانی ڕێژیمیان داوەتەوە و لە نێوان کۆیلەتی و ژینی سەربەستانەدا، نادەروەست بوون بەم ڕێژیمەیان هەڵبژاردوە و، بۆ خۆبەخێو کردن ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری؛ ڕۆژانە دەبنە قوربانیی نان و دەبنە قوربانیی سیاسەتی دژەمرۆیی ڕێژیم. کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی ناوچە کوردنشینەکانی لە باری ئابووری و ئاوەدانییەوە گەمارۆ داوە و بۆ دەستەمۆ کردن و لەنێو بردنی پوتانسیێڵە مێژوویی و ئینسانییەکانی کوردان، دەستی لە ھیچ شتێک نەپاراستوە و سامانی ژێرزەوی و سەرزەویی ئەو نیشتمانەی بە ڕۆژی ڕووناک، بە لێدانی دەیان بەنداو و گلدانەوەی سەرچاوە ئاوییەکان و دزینی ئاسەواری مێژوویی ناوچەی زاگرۆسی بە تاڵان بردوە. لە هەمان کاتدا بە بردنەسەرەوەی ڕۆژانەی ڕێژەی بێکاری لە کوردستان، برسی کردن و ئاژاوەنانەوە لە نێوان تاک و بنەماڵە و بە گشتی لەبەریەک ترازاندنی چوارچێوەی بنەماڵە و کۆمەڵگە، بە ئاشکرایی سیاسەتی دژەگەلی خۆی سەلماندوە. کۆماری ئیسلامی دەبێ ئاگاداری ئەوە بێ کە بەم شێوە لە دەسەڵاتدارییە تەنیا و تەنیا جێپێی خۆی لێژ دەکا. گیان لەدەست دانی کاسبکارانی کورد بەهۆی کۆماری ئیسلامییەوە، دەبێتە هەوێنی سەر لە نوێ سەرھەڵدانەوەی گڕی تۆڵە و بەھێزتر بوونی کوردان. سەرھەڵدانی ڕۆژانەی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە، تێکەڵ بوونی کچان و کوڕانی کورد بە ڕیزی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبە کوردییەکان، خەباتی ئەدەبی و ژینگەپارێزی و کولتووری و ... نیشانەی زیندوو بوون و لەسەر پێبوونی گەلی کوردە.