کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتێکی نوێ لە گرتن و بێڕێزیکردن بە چالاکان کوردستان

14:34 - 23 جۆزەردان 2719

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێ لە گرتنی چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان و لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەستی پێ کردوە. ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر، کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی چالاکی بوارە جۆراوجۆرەکنیان ڕاپێچی گرتووخانە و بەندیخانەکان کردوە و وێڕای تەوهین و بێڕێزی پێکردنیان، بە هەڕەشە داوای هاوکارییان لێ کردون. لە شاری سنە و لە هەڵمەتێکی گرتن و چاوسوورکردنەوەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کۆمەڵگەی مەدەنی لەم شارە، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا چەندین کەسی چالاکی ئەم شارەیان گرتوە و ڕاپێچی بەندیخانەیان کردون و تۆمەتی جۆراوجۆری بێ‌بنەمایان داونەتە پاڵ. هەر لەم پێوەندییەدا و هەر لە شاری سنە ئەوە بۆ ماوەی نزیک بە مانگێکە زارا محەممەدی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگیی نۆژین کە تەنیا کاری خزمەت بە زمانی کوردی بووە، لە بەندیخانە دایە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. لە شاری مهاباد تەنیا لە ماوەی نزیک بە یەک مانگی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە کەسایەتییە ئەدەبی، فەرهەنگی و سیاسییەکانی ئەم شارە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراون و هاوکات لە گەڵ بی‌ڕێزی پێکردنیان، داوای هاوکارییان لێ کرداوە. ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مهاباد کە تازەیی کەسێکی زمان شڕ و بێحورمەتی وەک بێهزادی ڕەسووڵی، بەرپرسایەتیی گشتیی ئەم ئیدارەی خراوەتە ئەستۆ، لە ماوەی ئەم یەک مانگەی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە کەسایەتییە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم شارەیان بانگ کردوە و ئەوپەڕی بێحورمەتییان پێ کردون و بە هەڕەشەوە داوایان لێ کردون کە بۆ سیخوڕیکردن و جاسووسیکردن!! هاوکاریان بن. لە شارەکانی ئیلام، پیرانشار و شنۆش هەر لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە چالاکان بانگی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراون و هەڕەشەیان لێ کردون کە چیدیکە حەقیان نیە، چالاکی بکەن. لەم گرتن و ڕاوەدوونانەدا مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر لە زۆرێک لە شار و ناوچەکانی کوردستان، بێ‌بەش نەبوون و بە تاوانی حەقبێژی و داکۆکی لە مافە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی خەڵک ڕووبەڕووی هەڕەشە، بێڕێزی و گرتن بوونەتەوە. ئەوەی لە پێوەندی لە گەڵ ئەم شەپۆلە نوێیە لە گرتن و بێڕێزیپێکردنانەدا دەکرێ وەک خاڵی هاوبەش ئاماژەیان پێ بکرێ بریتین لە: - فشارهێنان و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا چالاک بوون. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم تەواوی هەوڵیان ئەوەیە کە بە گرتن و زیندانیکردن و بێڕێزییەکانیان بەم کەسانە، لە داهاتوودا پێش بەم جووڵە جەماوەرییانە بگرن و کۆمەڵگە لەوە بترسێنن و ئەو پەیامە بڵاوبکەنەوە کە ئەوانەی کە دەیانهەوێ لە وەرێخستنی ڕەفتارە جەماوەرییەکاندا ڕۆڵیان هەبێت، لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ و رووبەڕووی هەڕەشە و گرتن دەبنەوە. - بەربەست درووستکردن لە بەردەم جووڵە و بزاوتی مەدەنی لە کوردستان. ژوورە فکرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەرک بەو واقعیەتە کە خەبات و تێکۆشانی مەدەنی لە کوردستان خەریکی پەرەئەستاندنی زیاتر و بەجەماوەریبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی جیدی لە گەڵ پیلان و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەیە، هەست بە مەترسی دەکەن. بۆیە لە رێگای ناوەندە ئەمنیەتی و سەرکوتکارییەکانیانەوە دەیانهەوێ بە جۆرێک روخسارە دیارەکانی ئەم بزاڤە بترسێنن و هەزینەی قورسی ئەمنییەتییان لە سەر بار بکەن و لە پێشەنگایەتییان کەم بکەنەوە. هەموو ئەم هەڕەشە و گرتن و بێڕێزییانە دەریدەخەن کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خاوەن ئیرادەیە و کۆماری ئیسلامی ئێران لەم کۆمەڵگەیەدا نە تەنیا هیچ جێگە و پێگەیەکی نیە و نەماوە، بەڵکوو بەرەنگاریی جیدیی بەرانبەر بە ماهییەتی وجوودیی دەکرێ.