کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسخوازیی نەتەوەیی

01:09 - 26 جۆزەردان 2719

شوناسخوازیی نەتەوەیی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا، وێستگەیەکە بۆ دیاریکردنی دوو ڕوخساری "نەریت"ی و "مودێرن"ی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان. ئیدی ئەوە نەریتی "خێڵایەتی" و "بنەماڵە" و "عەشیرە" نیە کە هژموونیی بەسەر بزووتنەوەدا هەبێت، بەڵکوو لەم رێکەوتە بەولاوە ئەوە "بیر" و "هزر"ی نەتەوەیی میللەتێکی وێڵ و عەوداڵی ناسنامە و شوناسە کە رێبەرایەتیی خەباتێکی شەکەت لە شکست و سەرکوتکاری دەگرێتە ئەستۆ. هەر ئەم تێگەیشتنە لە ئەقڵی سەردەمە کە لە کەسایەتییەکی بەرزی وەک قازی محەممەددا خۆی دەدەڵێنێ و وەک پێشەوایەکی بێبەری لە خێڵ و عەشیرە و بنەماڵە، ڕێبەرایەتی ئەم ڕەوتە نوێیە لە تێکۆشانی سیاسی – نەتەوەیی دەگرێتە ئەستۆ. گەڕان بەدوا شوناسی نەتەوەیی و دەرککردن بە کەمایەسییە جەوهەرییەکانی خەباتی کورد لە ڕابردوودایە کە حیزبی دێموکرات ناچار بە دۆزینەوەی کەسایەتیی ئینسانی کورد دەکات و لە یەکەم دەرفەتی مێژووییدا "کۆماری کوردستان" ڕادەگەیەندرێ. دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک یەکەم دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی سیاسیی کورد جیا لەوەیکە وەک خۆی توانی کەسایەتییەکی حقوقی – نەتەوەیی بە ئینسانی کورد لە هەستیارترین بڕگی مێژوویدا ببەخشێ، بە پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردی، هەستی باوەڕ بەخۆبوون و خۆبەخاوەن ناسنامەزانینی بنیات نا. هەرچەند رووخانی کۆماری کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو توانی بەشێکی زۆری ئەم بەها و بایەخە شوناسخوازیانە لە دەروونی ئینسانی کورددا لاواز بکات و کوردستان بەتاڵ بکاتەوە لەو هێما و سەمبوولە بنیاتنراوانەی کۆماری کوردستان، بەڵام بە پەیدابوونی "قاسملوو" ئاوێک بەسەر ئەم رێبازە تۆز لێنێشتوانەی حیزبی دێموکراتدا دەکرێ و هیوا بە گەڕان بەدوای ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی لە دەمارەکانی بزووتنەوە دەگەڕێ و دەبووژێتەوە. بووژانەوەی حیزبی دێموکرات لە سەرەتاکانی دەیەی پەنجای هەتاویدا بە داڕشتنی بەرنامەیەکی نوێ لە لایەن دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووەوە دەست پێ دەکات و لەسەر سێ ئەساسی؛ باوەڕمەندبوون بە مافی دیاریکرنی چارەنووس، پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان و، پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، خەباتی شوناسخوازانەی خۆی سەر لەنوێ دەست پێ دەکاتەوە. لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەسەندکراوی کۆنگرەی سێهەمدا کە لە لایەن شەهید دوکتور قاسملووەوە نووسراوە، وێڕای شانازیکردن بە دامەزرانی کۆماری کوردستان، پێداگری لەسەر "درێژەدانی خەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان" دەکات. هەر لەم بەرنامەیەدا هاتووە کە حیزبی دێموکرات "بە پشت بەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیدا خەبات دەکات" و وێڕای ئاماژەدان بە "بێبەشبوونی گەلی کورد لە مافی دیاریکردنی چارەنووس"ی خۆی، ئەم مافە ئینسانییە بۆ خەڵکی کوردستان بە ڕەوا دەزانێ. شەهید دوکتور قاسملوو بە نووسینی کتێبی "کوردستان و کورد" و بەرجەستەکردنەوەی "مێژوو" و "جوغرافیا" و پتانسێلە ژینگەیی و ئابوورییەکانی کوردستان، پێش هەموو شتێک ئیحساسی باوەڕبەخۆبوون و کەسایەتیبوون بە ئینسانی کورد دەبەخشێتەوە و هاوچەشنی پەیامەکانی کۆماری کوردستان بە ماهییەتێکی شوناسخوازانەوە پێناسەی "کورد" و "کوردستان" دەکات. دوکتور قاسملوو کە بۆ ماوەی نزیک بە ١٨ ساڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو لە هەموو نووسین و لێدوانەکانیدا هەوڵی داوە بە بەهێزکردنی لایەنی عیلمیی داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان کە فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکراتە، لە فۆڕمێکی ئەمڕۆییتری بەدوور لە چەمکی "ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ" و لە سەر ئەساسی "واقعبینیی سیاسی" پێناسەی ناوەڕۆکی شوناسخوازانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بکات و لەم پێناوەشدا بە باوەڕ بە چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی میللەتەکەی گیانی بەخت کرد.