کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزگرتن لە کەسایەتیی فەردیی ئینسان

05:35 - 28 جۆزەردان 2719

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٦) ڕێزگرتن لە کەسایەتیی فەردیی ئینسان بەشێک لە فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکرات وەک یەکەم رێکخراوی کوردی کە بە دوور لە پێڕەویکردن لە نەریت و خەسڵەتە باوەکانی تا ئەو کاتی جووڵانەوەکانی کورد لە سەر بنەمای بەکارهێنانی "ئەقڵی جەمعی" خۆی بنیات ناوە، بەخشینی کەسایەتیی ئازاد بە ئینسانی کورد بووە. حیزبی دێموکرات کە ویستوویەتی بە مودێلێکی ئەمڕۆیی و مودێرن و، بە دوور لە خەسڵەتی خێڵایەتی، عەشیرەیی، شێخایەتی و بنەماڵە و لەسەر بنەمای دیاردەیەکی مودێرن بەناوی "حیزب" کە بەرهەمی شۆڕشێکی فکری و ئینسانتەوەری رۆژئاواییە، رێبەرایەتیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد بکات، ڕاست بەو مانایەیە کە ویستوویەتی ڕێز لە کەرامەت و فەردییەتی ئینسانی کورد بگرێت. هەر ئەوەیکە حیزبی دێموکرات شان بە شانی بەڕێوەبردنی شۆڕشێکی سیاسیی نەتەوەیەکی حاشالێکراوی ماف زەوت لێکراو، هەوڵی داوە جەخت لە سەر کۆمەڵێک مەفاهیمی مرۆڤتەوەری وەک "دێموکراسی"، "دادپەروەری کۆمەڵایەتی"، "ئازادی"، "مافی دیاریکردنی چارەنووس" و "بڕیاردان لە سەر هەڵوێست و ڕوانینەکان بە رێگای هەڵبژاردن" و....بکات، ئامانجی ئەوە بووە کە ئینسانی کورد ئازاد بار بهێنرێ و کەسایەتیی پێ ببەخشێ. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، ئینسان نەتەنیا مۆرە(کەرەسە) نیە، بەڵکوو ئامانجێکی هەرە پیرۆز و سەرەکییە. حیزب خۆی بە زەرف و کەرەسەیەک دەشوبهێنێ کە دەتوانێ وەک ئامرازێکی وڵامدەر بە قۆناغەکانی خەبات، خەباتکارە هاوئارمانج و هاوبیروباوەڕەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە بۆ خزمەت بە ویست و داخوازەکانی کۆمەڵگەیەکی ئینسانیی کە ئایدیاو و ویستی وەک یەکیان هەیە بە ناوی میللەتێک. کۆماری دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم دەسەڵاتی سیاسیی حقوقی کورد لە ماوەی یازدە مانگ دەسەڵات و خزمەتی بە کورد و کوردستان، بەرچاوترین ڕۆڵی لە بەخشینی کەسایەتی بە تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستان بینیوە. وەجووڵەخستنی جومگە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کاتی کۆمەڵگەی کوردستان و لە هەمووی گرینگتر خۆ ئەرکدارکردن بە پاراستنی ئاسایشی ژیانی خەڵک، ڕاست بەمانای باوەڕمەندبوون بە پەرەدان بە گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕیزگرتن لە کەرامەتی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان بووە. ئەوج و ئەوپەڕێ ڕێزگرتن لە پێگەی ئینسانیی و کەسایەتی بەخشین بە ئینسانی کورد لە کۆماری کوردستاندا ئەوکاتەیە کە پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرکۆماری کوردستان، شەهید قازی محەممەد، چارەنووسی خۆی بە خەڵکەکەیەوە گرێ دەدات و بۆ پاراستنی ئەوان، خۆی بەدەستەوە دەدات و هەر لەم پێناوەدا لە سێدارە دەدرێ. ئەم لایەنە لە ڕوانین و خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پەیدابوونی کەسایەتییەک بە ناوی عەبدولڕەحمان قاسملوو دەبێتە بەرنامە و باوەڕێکی چەسپاو و تا ئێستاش حیزبی دێموکرات خۆی لەبەرانبەریاندا بە خاوەن و بەرپرس دەزانێ. لە حیزبی دێموکراتدا تاک، هاوکات لە گەڵ پێناسەکردنی ئەرکەکانی بە ڕوونی دەستنیشانی مافەکانی کراوە. لە ڕوانگە و خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکراتدا، "تاک" لە گەڵ مەفهوومی "ئازادی" ناوی هاتووە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو ڕوو بە ئەندامانی حیزبەکەی و پێشمەرگەکان ڕاشکاوانە دەڵێ: "هیچ نێعمەتێک لە جیهاندا لە "ئازادی" بەنرختر نیە. ئازادی کەرامەت و شەخسییەت دەدا بە ئینسان. ئازادییە کە رێگە نادات ئینسان بکرێت بە مۆرە. ئینسان دەبێ لە حاڵەتی مۆرە بێتە دەر و ببێتە شەخسییەت و ببێتە "فەرد"ێکی زیندوو و چالاکی نێو کۆمەڵ". لە سەر ئەساسی ئەم تێفکرینانە بۆ پێگەی "فەرد" لە حیزبی دێموکراتدا، دەربڕینی بیروبۆچوون – تەنانەت بیر و بۆچوونی مخالفی هەڵوێستی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتیش – رێگە پێدراو و ئازادە. ئەم تێڕوانینانە لە حیزبی دێموکراتدا کە بنەمایەکی مرۆڤتەوەرانەی هەیە تا دێ چەسپاوتر دەبن. بۆیە لە قۆناغەکانی دواتری ئەم حیزبەدا و دوای نەمانی شەهید دوکتور قاسملووش، مافی ئازادیی ڕادەربڕینی تاک، پاراستنی مافی کەمایەتیی فکری و سیاسی و... لە حیزبی دێموکراتدا چەسپاوە و بڕیاری لە سەر دراوە. هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەی پێ کرا حیزبی دێموکرات، دەسەڵاتی کۆماری کوردستان و پێشەوای شەهید لە بنیاتنانەوەی کەسایەتیی تاکی کورددا ڕۆڵێکی جەوهەری و سەرەکییان گێڕاوە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕێبازەی تێکەڵ بە کۆمەڵێک مەفاهیمی دیکەی ئۆمانیزم کرد و لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا چەسپاندی و کردی بە دەستوورێکی یاسایی حاشالێنەکراو، شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو.