کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان

01:53 - 30 جۆزەردان 2719

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٧) پشتیوانی لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانییکردن لە خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا وەک ئوسوول و پڕنسیپێکی نەگۆڕ چەسپاوە. بۆیە لە سەر ئەم خوێندنەوە گشتی و بنەڕەتییە کە، " گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کورد لە هەر شوێنێک بێت، ئەندامی یەک نەتەوەن"، حیزبی دێموکرات لە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی پشتیوانی دەکات". باوەڕی حیزبی دێموکرات بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی گەلی کورد لە پاڕچەکانی دیکەی کوردستان، تەنیا ئیدیعایەکی ڕووتی سیاسی نەبووە و نیە، بەڵکوو لە گەڵ ئەوەیکە وەک پڕنسیپ لە بەرنامەی حیزبدا تۆمار و سەبت کراوە، بە کردەوە ئەم باوەڕە سەلمێندراوە. "هەر چەند مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێش ئەوەی کۆماری کوردستان ڕابگەیەندرێ، بارزانییەکان لە باشووری کوردستانەوە بە بەڕێوەبەریی سیاسیی مەلا مستەفا بارزانی و بەڕێوەبەریی ئایینیی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە دەست زوڵم و زۆری ڕێژیمی کۆنەپەرەستی نووری سەعید، خۆیان دەرباز کرد و خۆیان گەیاندە رۆژهەڵاتی کوردستان و، پێشەوای حیزبی دێموکرات، شەهید قازی محەممەد و بەڕێوەبەریی حیزب بڕیاری هاوکاری و لەخۆگرتنی بۆ دەرکردن". لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو لە نووسینەوەی مێژووی حیزب(چڵ ساڵ خەبات)دا دەڵێ: "بە پێی ئوسوول و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، زۆر بە گەرمی پێشوازی لە بارزانییەکان کرا و بە پێی ئیمکاناتی ئەوکاتە لە هێندێک ناوچە بوون بە پێشمەرگە لە سوپای میللی‌دا. مەلا مستەفا دەرەجەی ژنڕاڵی درایە و کرایە فەرماندەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان." پشتیوانی لە خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە هێندێک بڕگەی مێژوویدا هێندە پڕڕەنگ و دەروەستانە خۆی لە ڕەفتار و سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا دەنوێنێ کە، کەسی یەکی ئەم حیزبە بەکردوە دەبێتە بەشێکی ئەساسی لە هەوڵی چارەسەری لە نێوان بزووتنەوەی کوردی بەشێکی دیکەی کوردستان لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی. لە شەستەکانی هەتاوی و هەشتاکانی زایینیدا، ئەوە شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو کە یەکەم هەنگاوەکانی لە پێوەندی لە گەڵ وتوێژی رێبەرانی کوردی باشووری کوردستان لە گەڵ دەوڵەتی عێراق هەڵێنایەوە و لە چەند دانیشتنی نێوان هەیئەتەکانی نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دەوڵەتی ئەوکاتی عێراقدا، ڕۆڵی نێوبژیوانی گێڕا. دانپێدانان و چەند جار باسکردنی دۆستە بیانییەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە شەهید دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات لە پێوەندییە دیپلۆماسییەکانیاندا هەمیشە سەرنجی حیزب و دەوڵەت و کەسایەتییە بیانییەکانیان بۆ لای پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕادەکێشاوە و داوای پشتگیری و پشتیوانییان بۆ لێ دەکردن. بەشداریی و بوونی بەشێکی زۆر لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە یەکێک لە گەورە رێکخراوە جیهانییەکانی وەک ئەنترناسیونال سۆسیالیست وەک ئەندام و چاودێر، شانازییەکەی بۆ شەهید دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات دەگەرێتەوە. ئەم ڕێبازە بۆ حیزبی دێموکرات - کە بناغەکەی شەهید دوکتور قاسملوو دایمەزراندووە – شانازییەکی گەورە و گرانە کە ئەساسی پێوەندیی حیزبی دێموکرات لە گەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، نەتەنیا لە سەر حیسابی خەڵک و بزووتنەوەی ئەو بەشانەی کوردستان نەبووە، بەڵکوو ڕاست لە سەر ئەساسی هەوڵدان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی و "قسەی خێر"کردن بۆ بزووتنەوەی کورد بە گشتی بووە. پشتیوانیی بێ‌ئەملاوئەولای سیاسیی حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور کە بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ لێکەوتە و تێچوو نەبووە، بەشێکە لە باوەڕ و پڕنسیپەکانی ئەم حیزبە. خۆ بە ئەرکدار زانینی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە باوەڕی قوڵی نەتەوەیی ئەم حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە دوورەدیمەنی ڕوانین و ئامانجی درێژخایەنیدا ڕەنگی داوەتەوە و پێی وایە؛ "کوردستان یەک وڵاتە و کورد یەک نەتەوەیە".