کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چوارەمین فستیڤاڵی فەرهەنگی لە ناوچەی سیلوانای ورمێ

17:26 - 1 پووشپەڕ 2719

چوارەمین فستیڤاڵی کەلتووری و هونەری لە ناوچەی گەشتیاریی سیلوانای ورمێ بە بەشداریی چەندین گرووپی هونەری و پێشوازی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەو ناوچەیە بەڕێوەچوو. لەو فستیڤاڵەدا گرووپە هونەری و فەرهەنگی و مووسیقاییەکانی پاریزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام و خوراسان بەرهەمەکانی خۆیانیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ئەو فستیڤاڵە کە ماوەی چوارساڵە لە ناوچەی سیلوانا بەرێوەدەچێ، بەشداریی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی لەوێدا بەرچاوەو ئەمساڵ بەربڵاوتر لە ساڵانی پێشوو لە رۆژی ٢٩ی جۆزەردان تا ٣١ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی درێژەی هەبوو. کردنەوەی پێشانگا بۆ جلوبەرگی کوردی و و نواندنی بەشێک لە کەلتووری کوردەواری و خواردەمەنییە خۆماڵییەکان و نیشان‌دانی یارییە ناوچەییەکان، هەڵپەرکێ و شێوە ژیانی گوندنشینی، لە تایبەتمەندییەکانی فستیڤاڵی ساڵانەی سیلوانایە کە ئەمساڵیش سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشا. شیاوی باسە فستیڤاڵە کەلتوورییەکان کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن، لەسەر ناساندنی فەرهەنگ و کەلتووری کوردەواری و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتتیاران و گەشەی ئابووری کاریگەریی باشی داناوە. پێویستە بگوترێ کە ناوچەی ڕازاوەی سیلوانا بە یەکێک لە ١٩ ناوچەی جیهان ناسراوە کە خاوەنی خاوێنترین ئۆکسیژنن. ناوچەی سیلوانا لە ساڵی ٨٦ ی هەتاوییەوە بە فەرمی وەکوو شوێنێکی تایبەت بە گەشتیاری ناسێندراوە.