کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی لە ڕوانگەی فیلسووف و سیاسەتوانەکانەوە

19:50 - 1 پووشپەڕ 2719

دێموکراسی و چەشنەکانی (کورتەباس)

دێموکراسی لە ڕوانگەی فیلسووف و سیاسەتوانەکانەوە (٤-٢)

  ئەفلاتوون لە کتێبی هەشتەمی کۆماردا، دێموکراسی وەکوو ڕێکخراوەیەکی بەڕێوەبەر و چەشنێک لە یاسای بنەڕەتی پێناسە دەکا. ئەو پێی وابوو "پاش سەرکەوتنی هەژارەکان، بەرپرسە دەوڵەتییەکان بەپێی دەنگدان هەڵدەبژێردرێن و حکوومەتی دێموکراسی پێک دێنن، جار و بار ئەم کارە بە زۆری چەک یان بە هۆی پاشەکشە پێکردنی‌ دەستەڵاتدارانی پێشوو بەهۆی ترسەوەیە. بە باوەڕی ئەفلاتوون، ئازاد بوونی هەموو کەس تایبەتمەندیی دێموکراسییە. دەوڵەت، ئازادیی ئاکار و ئاخاوتن بۆ هەموو کەس دابین دەکا و هەر کەس مافی هەیە هەر چی پێی خۆشە بیکا. لە وڵاتێکدا ئازادیی تەواو دابین‌کرابێ، بێگومان هەر کەس ژیانی خۆیی بە مەیل و سەلیقەی خۆی سامان دەدا؛ واتە لەوێدا سەلیقە جۆراوجۆرەکان خۆیان دەنوێنن. بەم پێیە دێموکراسی یەکێک لە جوانترین حکوومەتەکانە، چونکە وەکوو جلوبەرگێکی ڕەنگاوڕەنگ و پڕ نەخش و نیگار وایە کە تەواوی نیشانە و تایبەتمەندییەکانی ئینسانی تێدا دەبینرێ. بەم پێیە، زۆربەی خەڵک بۆ وێنە ژنان‌ و منداڵان بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتنیان چێژ لەم دیمەنە ڕەنگاورەنگ و دڵڕفێنە وەردەگرن و، لە ڕاستیدا دێموکراسی وەکوو جوانترین حکوومەتەکان پێناسە دەکەن. دووهەمین نیشانەی تایبەت بە دێموکراسی، دیتنەوەی حکوومەتی دڵخواز لەودایە. سێهەمین تایبەتمەندیی دێموکراسی بێسەروبەرەیی ڕەهایە، چونکە لە لایەکەوە هیچ کەس ناچار ناکرێ ئەرکێکی سیاسی وەئەستۆ بگرێ، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامدانیدا لە هەموو کەسیش شارەزاتر بێ. لە لایەکی دیکەوە هیچ کەسێک مەجبوور نییە مل بۆ حوکمێک بدا کە بە مەیلی ئەو نییە. واتە نە کەسێک بە ئەرکی خۆی دەزانێ وەکوو خەڵکی دیکە بۆ مەیدانی شەڕ بچێ یان ئەگەر گرێبەستی ئاشتی بەسترا، پێی پابەند بێ. [...] دوایین تایبەتمەندیی دێموکراسی، ئازادڕەوشتی لە ڕاهێنان و پەروەردەکردنی لاوان و بەکەمزانینی بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگەدایە. لەم حاڵەتەدا بایەخ بەوەی نادا کە بەربژێری حکوومەت چۆن پەروەردە کراوە و چ کار و پیشەیەکی هەبووە، هەر ئەوەندە بەسە ئیدیعای خۆشەویستیی نەتەوەکەی بکا. بەم پێیە دێموکراسی شکڵێك لە حکوومەتێکی "دڵڕفێن، بێسەروبەرە و ڕەنگاوڕەنگە، کە یەکسانی هەم لە نێوان ئەوانەی بەرامبەرن و هەم ئەوانەی نابەرامبەرن دابین دەکا". بە باوەڕی ئەفلاتوون، دێموکراسی بەهۆی زێدەڕۆیی لە ئازادی بەرەو توونابوون دەڕوا. هەروەها زێدەڕۆیی لە ئازادی دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی دێموکراسی و پێداویستی بە دەستەڵاتدارێکی سەرەڕۆ. بەگشتی "ئەفلاتوون دژایەتییەکی توندی لەگەڵ دێموکراسیی ئاتێنی هەیە، ئەو دێموکراسییەی لە ساڵی٣٩٩ پ. ز. بڕیاری کوشتنی مامۆستاکەی واتە سوقراتی دا. دێموکراسی بۆ ئەفلاتوون زۆرتر سیستمێکە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی بگۆڕی جەماوەری خەڵک، نەک تێگەیشتن، هەروەها هۆی بەلاڕێداچوونی لاوانە. ئەفلاتوون لە کتێبی کۆماردا لە قاڵبی وتووێژی خۆی و سوقرات، بە زمانی مامۆستاکەی دێموکراسی وەکوو یەکێک لە خراپترین ڕێژیمەکان پێناسە دەکا. ئەفلاتوون هەروەها لە نامیلکەی پیاوی دەوڵەت‌ (دولتمرد)دا، دێموکراسی وەکوو باشترین نموونەی ڕێژیمێکی بێ‌قانوون پێناسە دەکا کە توانای بەجێهێنانی هیچ کارێکی گەورەی بە باش و خراپەوە نییە." ئەفلاتوون بەشداریی خەڵکی هەژار لە پارلماندا وەکوو کێشە و عەیبێک دەبێنێ و پێی وایە هەژاران بەپێی هەژاریی فەرهەنگی، لە بڕیارداندا تووشی هەڵە دەبن. هێرۆدۆت مێژوونووسی یوونانیش لەم پێوەندییەدا پێی وایە "ئەگەرچی لە دێموکراسیدا هەموو کەس لە بەرامبەر یاسادا، یەکسانن، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە بە ئاسانی دەتوانێ ببێتە مۆبوکراسی یان حکوومەتی نەزان و نالێهاتووەکان و، بە دڵنیاییەوە حکوومەتی زانا و کەسە لێهاتووەکان، باشترە لە حکوومەتی نەزانەکان." ئەرەستوو، دێموکراسی بە "دەستەڵاتی هەمووان لەسەر هەر کەس و هەر کەسیش بە چەشنێکی بگۆڕ لە سەر هەمووان" دەزانێ. دێموکراسی، چەشنە ڕێژێمێکە کە زۆربەی خەڵک لەوێدا بۆ بەرژوەندیی خۆیان حکوومەت دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە چونکە زۆرینەی خەڵک فەقیر و هەژارن و تەنیا چەند کەسێک خاوەنی ماڵ و سامانن، ئەم دێموکراسییە، حکوومەتی هەژارانە. ئەرەستوو لە کتێبی "سیاسەت"دا باس لە ٣ حکوومەتی پاشایەتی، ئاریستۆکراسی و کۆماری دەکا. حکوومەتی پاشایەتی، حکوومەتێکە بەرژوەندیی گشتی لەبەرچاو بگرێ و لەژێر فەرمانی تاکە کەسێکدا بێ. ئاریستۆکراسی حکوومەتی گرووپێک لە باشترین کەسەکانە و ئامانجی مسۆگەرکردنی باشترین شتەکان بۆ وڵات و دانیشتوانیەتی. بەڵام حکوومەتێک کە گرینگی بە خێر و قازانجی هەمووان بدا و بە دەستی زۆرینە بەڕێوە بچێ، هەر دەبێ هەڵگری ئەو ناوە بێ کە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر هەموو حکوومەتەکانە، ئەویش "پۆلیتییە" . بە باوەڕی ئەرەستوو ئەم سێ چەشنە حکوومەتە جاروبار بە لاڕێدا دەڕۆن و، حکوومەتی پاشایەتی دەبێتە حکوومەتێکی ستەمکار. ئاریستۆکراسی دەبێتە ئۆلیگارشی و،کۆماری دەبێتە دێموکراسی. ئۆلیگارشی تەنیا بەرژوەندیی دەوڵەمەندەکان و دێموکراسیش تەنیا بەرژوەندیی هەژاران لەبەرچاو دەگرێ و هیچ کام لەم حکوومەتانە بۆ بەرژوەندیی گشتی تێ ناکۆشن. بە باوەڕی ئەرەستوو دێموکراسی حکوومەتێکە کە بە دەستی هەژاران بەڕێوە دەچێ. ئەرەستوو لە کتێبی سیاسەتدا باس لە ٥ چەشنی دێموکراسی دەکا: چەشنی یەکەمی دێموکراسی لە هەموو چەشنەکانی دیکە لە بنەمای یەکسانی نیزیکترە و یاسا، هەژاران سەرتر لە دەوڵەمەندەکان نابینێ و هیچ کامیان بەسەر یەکدا زاڵ ناکا، بەڵکوو هەموویان یەکسان و هاوسەنگ دەبینێ. لە چەشنی دووهەمی دێموکراسیدا هەبوونی ڕادەیەکی دیاریکراوی سەروەت و سامان هەرچەند کەمیش بێ، شەرتی وەدەستهێنانی پلە و پایەی دەوڵەتییە. لە چەشنی سێهەمدا هەر شارۆمەندێک کە عەیبێک لە ڕەچەڵەکیدا نەبێ، دەتوانێ بە حکوومەت بگا، بەڵام یاسا باڵاترین داوەرە. لە چەشنی چوارەمدا هەر کەس شارۆمەند بێ، مافی وەرگرتنی پلە و پایەی هەیە، بەڵام دیسان یاسا بەسەر تەواوی کاروبارەکاندا زاڵە. لە چەشنی پێنجەمدا هەر ئەو ڕێسایانەی لە جێگەی خۆیان دان، بەڵام لە جێگەی یاسا، کۆمەڵانی خەڵکی ئاسایی دەستەڵاتیان بەدەستەوەیە و یاسا بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەوەشێتەوە. بە باوەڕی ئەرەستوو زۆربەی ڕێژیمەکان دێموکراتیک یان ئۆلیگارشین و هەر کام لەوان سنوورێکی تەسکی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەم پێیە باشترین ڕێژیم دەکرێ خاوەنی تێکەڵاوێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو ڕێژیمە بێ. لە ڕاستیدا پێناسەی ئەرەستوو پێوەندی بە ئەزموونی دێموکراسی لە ئاتێن، واتە ٤٠٠ ساڵ پێش زایینەوە هەیە. لە دێموکراسیی ئاتێنیدا دەبوو شارۆمەندان بە نۆبە بەشداریی پارلمانی گەل یان خەڵک بن. مەبەست لە دێموکراسی یان حکوومەتی خەڵک "سەرچاوەگرتنی دەسەڵات" نەک لە دەرەوە، بەڵکوو لە خودی خەڵکەوەیە. لە یوونان ئەندامەکانی پارلمانی خەڵک لە ٣ هەزار یوونانی پێک هاتبوون- ژنان و کۆیلەکانی تێدا نەبوون-، کە هەر سێ مانگ جارێک دەگۆڕدران. نێوەرۆکی دێموکراسیی ئاتێنی نەک ئازادیی بیروهزری تاک، بەڵکوو بەرگریی بێ ئەم‌لاولا لە حکوومەتی خەڵک لە ڕێگای بریاردانی خەڵک لە پارلمان بوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو کە سوقرات بە هۆی ڕەخنەگرتن لە دێموکراسی، ناچار بە خواردنی ژەهر کرا. لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، مۆنتسکیۆ هەوەڵ بیرمەندە وێڕای جیاکردنەوەی دەستەڵاتی یاسادانان، ڕاپەڕاندن (بەرێوەبردن) و دادوەری وەکوو بنەمای سەرەکیی دێموکراسی، دژایەتیی لەگەڵ هەر چەشنە شکڵێک لە کۆمار دەکا. مۆنتسکیۆ پێی وابوو کۆمار دەتوانێ هۆیەک بێ بۆ زیان گەیاندن بە دەسەڵاتی بێ ئەملاولای دێموکراسی. لە ڕوانگەی مۆنتسکیۆوە دەستەڵاتی کۆی میللەت، شێوەی حکوومەتی دێموکراسی لە جمهووریەتدایە، لە دێموکراسیدا میللەت لە لایەکەوە دەستەڵاتدار و لە لایەکی دیکەوە فەرمانبەرە. میللەت ناتوانێ دەستەڵاتدار بێ، مەگەر لە ڕێگای دەنگی خۆیەوە کە بریتییە لە ئیرادەی میللەت. بەم پێیە ئیرادەی میللەت هەر خودی میللەتە و لەم چەشنە حکوومەتانەدا، ئەو یاسایانەی کە مافی دەنگدان دابین دەکەن بنەمای کار و لە ڕاستیدا یاسا بنەڕەتیی ئەوانن. مۆنتسکیۆ "تەقوا" (مانەوە بەپاکی) بە مەرجی سەرەکی بۆ حکوومەتێکی کۆماری و دێموکراسی دەزانێ و هەوڵی ئەوانەی کە دەیانویست لە سەدەی ١٧ی زایینی دێموکراسی لە بریتانیادا دابین بکەن، بەهۆی نەبوونی تەقوا، بە کارێکی بێهوودە لە قەڵەم دەدا. مەبەستی مۆنتسکیۆ لە "تەقوا" وڵاتپارێزی، هۆگری بە یەکسانی و هۆگری بە کۆمارە. هۆگری بە کۆمار لە دێموکراسیدا، هەر ئەو خۆشەویستییەی دێموکراسییە و خۆشەویستیی دێموکراسی هەمان خۆشەویستیی بەرامبەری و یەکسانیە. لە ڕوانگەی مۆنتسکیۆوە گەندەڵیی هەر حکوومەتێک زۆربەی کات لەگەڵ بەڵاڕیداچوونی بنەماکانیەوە دەست پێدەکا و بنەماکانی دێموکراسی لە دوو حاڵەتدا بە لاڕێدا دەچن. یەکەم، کاتێک کە ڕۆحی بەرابەری لەنێو بچێ و ، دووهەم، ئەو کاتەی ڕۆحی بەرابەری تووشی زێدەڕۆیی بێ و هەر کەس بیەوێ لەگەڵ بەرپرسان و پیاوانی سەرەوەی دەوڵەت و گەورە گەورەکان کە بەڕێوەبەری وڵاتن، وەک یەک (یەکسان) بن. حاڵەتی یەکەم، حکوومەت بەرەو حکوومەتێکی ئاریستۆکراتی و دەستەڵاتێکی سەرەڕۆ پەلکێش دەکا و، ئەوەکەی دیکە دیسان بەرەو سەرەڕۆییەکی توندتر دەکێشرێ و ئەم سەرەڕۆییە لەنێو ناچێ مەگەر بە سەرکەوتنی دوژمنە بیانییەکان. ژان ژاک ڕۆسۆ پێی وایە لە جیهاندا هیچ کاتێک حکوومەتی دێموکراسی بە مانای ڕاستەقینەی خۆی نەبووە و ناشبێ، لەبەر ئەوەی ئەمە بە پێچەوانەی سیستمی ئاساییە کە زۆرینەی خەڵکی میللەتێک فەرمان بدا و کەمینە فەرمانبەر بێ. هەروەها ناکرێ خەڵکی، ڕۆژانە بۆ ڕاوێژکردن و بڕیاردان پێکەوە کۆ ببنەوە و ئەگەر بیانەوێ بەم مەبەستەش کۆمیسیۆنەکان هەڵبژێرن، ئیدی شێوەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان دەگۆڕدرێ. ڕۆسو بۆ هەبوونی دێموکراسی ئەم هەلومەرجانە بە پێویست دەزانێ: ١.‌ هەبوونی وڵاتێکی چکۆلە کە حکوومەت بتوانێ لەوێدا خەڵکی بە هاسانی کۆکاتەوە و هەموو یەکتری بە باشی بناسن. ٢.‌ عادەت، داب و نەریتی زۆر سادە بۆ پێشگری لە سەرهەڵدانی ئەو مەسەلە ئاڵۆزانەی کە پێویستیان بە باس و لێکدانەوەی دوور و درێژ هەیە. ٣.‌ هەتا ئەو جێگایەی دەکرێ یەکسانی لە پلە و پایە و داراییدا هەبێ، چونکە بەرابەری لە ماف و دەستەڵاتدا دەوامێکی وەهای نابێ. ٤.‌ نەبوون یان هەبوونی کەمێک ناز و نیعمەتی ژیان. چونکە ناز و نیعمەت یان ئاکامی سەروەتە، یان ورووژێنەری کۆکرکردنەوەی سەروەت. نازو نیعمەت دەوڵەمەند و فەقیر تووشی گەندەڵی دەکا، دەوڵەمەند لەبەر هەبوونی ئەو ناز و نیعمەتە و، فەقیریش بەهۆی حەسرەتی نەبوونی ئەو ناز و نێعمەتە. ناز و نیعمەت دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ نیشتمانی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاسوودەیی خۆی و خۆپەرستی بفرۆشێ. ناز و نیعمەت پێش بە مل ڕاکێشانی خەڵک لە دەوڵەت دەگرێ و بەشێک لەوان دەکاتە کۆیلەی کەسانی دیکە و دەیانکاتە گوێڕایەڵی بیروڕای باو و ڕێوشوێنی سەردەم. ڕۆسۆ بەبێ هێنانی ناوی مۆنتسکیۆ ڕەخنەی لێ دەگرێ و دەڵی "بەم هۆیەوە یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکان، "تەقوا" بە بنەمای حکوومەتی کۆماری دەزانێ. لەبەر ئەوەی، هیچ یەک لە مەرجەکانی سەرەوە بێتەقوا وەدی نایەن. بەڵام ئەم نووسەرە گەورەیە بیرێکی تەواو ڕوونی نییە. ئەو لەوە نەگەیشتووە، کە دەستەڵاتی حاکمانی سەرەوەی حکوومەت لە هەموو جێیەک هاوچەشنە. هەر وڵاتێک لەسەر بنەمایەکی دروست پێکهاتبێ، بناغەکەی لە سەر تەقوا دانراوە. بەڵام شکڵی حکوومەت کەم و زۆر دەست لەم پرەنسیپە وەردەدا. بەگشتی ڕۆسۆ بۆچوونێکی ئەرێنی لەسەر دێموکراسی نییە و وتەی یەکێک لە پیاوانی پایەبەرز و پەرێزخاوێنی لەهێستان (پۆلۆنیا) بەرامبەر بە پارلمانی شۆڕای وڵات دەگێڕێتەوە کە دەڵێ: "ئازادیم بە تەواوی مەترسییەکانیەوە گەلێک پێ خۆشترە لە کۆیلەتییەکی تێکەڵ بە ئاسوودەیی‌". ئەگەر لە جیهاندا میللەتێک لە خوداکان و فریشتەکان دروست بوایە، من حکوومەتی دێموکراسیم هەڵ دەبژارد. حکوومەتێک بەم کامڵی و باشییە بە کەلکی ئادەمیزاد نایە. دوو بیرمەندی گەورەی سەدەی ١٩ واتە مارکس و ئینگێلس لە بابەتەکانی خۆیاندا کەمتاکورتێک باسی دێموکراسییان کردوە. بیروباوەڕی مارکس لە بارەی دێموکراسییەوە بەگوێرەی نووسراوەکانی گۆڕانی زۆر بەسەردا هاتوە. مارکس لە سەرەتادا لەژێر کاریگەریی ڕۆسۆ لەسەر دێموکراسیی ڕاستەوخۆ، هەروەها ڕەتکردنەوەی خاڵی "نوێنەرایەتی" پێداگری کردوە. پاشان سیستمی کۆمۆنی لەژێر کارتێکەریی کۆمۆنی پاریس و هەڵبژاردنی نوێنەران بەپێی مافی بانگهێشتن و گۆڕین، لە سیستمی پارلمانی بە بەرزتر نرخاندوە. بەڵام پاش شکانی کۆمۆنی پاریس زۆر جار پێداگری لەسەر پێویستیی دێموکراسیی پارلمان دەکا." بەپێی ڕوانگەی مارکس و ئینگێلس لە مانیفێستی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٨٤٧ز. گەیشتنی پرۆلتاریا بە پلەی چینی دەستەڵاتدار و وەدەست‌ هێنانی دێموکراسی، هەوەڵین هەنگاوی شۆڕشی کرێکارییە. ئەوان پێیان وابوو کاتێک پرۆلتاریا لە ڕێگای شۆڕشەوە دەبێتە چینی دەستەڵاتدار، لەو کۆمەڵگەیەی کە جێگری کۆمەڵگەی کۆنی بۆرژوازی بووە، گەشەسەندنی ئازادیی هەر کەسێک شەرتی گەشەسەندنی ئازادیی هەمووانە. بەگشتی بە باوەڕی دامەزرێنەرانی مارکسیزم، دێموکراسیی ڕاستەقینە کاتێکە، دیکتاتۆریی پرۆلتاریا واتە دەستەڵاتی زۆرینەی کۆمەڵگە بەسەر کەمینەدا زاڵ بێ و تێکشکاندنی دەوڵەتی بۆرژوازی، سەرەتای ئەم ڕەوتەیە. مارکس و ئینگێلس لە مانیفێست و زۆر نووسراوەی دیکەدا، وێڕای گرینگی دان بە بەکارهێنانی زەبر و زۆر بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی بۆڕژوازی، ئاڵوگۆڕی ئاشتیخوازانەی دەوڵەت لە وڵاتێکی دێموکراتیکیش‌ بەهۆی دێموکراسیی بۆرژوازییەوە بە دوور لە ڕاستی نازانن. "مارکس لە ساڵی ١٨٧٢ پاش کۆنگرەی لاهە" گەیشتنی ئاشتیخوازانەی کرێکاران بە ئامانجەکانیان لە بریتانیا، ئەمریکا و هۆلەند ڕەت ناکاتەوە." مارکس لە ساڵی ١٨٧٨ دەبێژێ: "ئەگەر بۆ وێنە لە ئینگلیس، یان وڵاتە یەکگرتووەکاندا، چینی کرێکار لە بارودۆخێکدا بێ، بتوانێ دەنگی زۆرینە لە پارلمان و کۆنگەرەدا بێنێتەوە، دەتوانێ لە ڕێگای قانوونییەوە، خۆی لە بەربەستی یاسا و ئەو دەزگایانەی کە پێشگری پێشکەوتنیانە، ڕزگار بکا. لە پێشەکیی بەرنامەی حیزبی کرێکارانی فەڕانسە کە لە ساڵی ١٨٨٠ لەژێر کاریگەریی مارکسدا نووسرابوو، باس لە بەکارهێنانی تەواوی ئامرازەکان و یەک لەوان ڕاپرسیی گشتی لە لایەن پرۆلتاریاوە دەکرێ، واتە ئامرازێک کە پێشتر بۆ فریوکاری بەکار دەهات بکرێتە ئامرازێک بۆ ڕزگاری. ئینگێلس چەند ساڵ پاش نووسرانی مانیفێست، سەرکەوتن لە ڕاپرسی گشتی و دێموکراسی وەکوو یەکێک لە ئەرکە پڕبایەخەکانی خەباتی پرۆلتاریا پێناسە دەکا." هەروەها لە بابەتی "ڕەخنە لە گەڵالەی بەرنامەی سۆسیال-دێموکراتیک لە ساڵی ١٨٩١ زایینی، لە کۆمارە دێموکراتیکەکانی فەڕانسە، ئەمریکا و ڕێژیمە پاشا‌یە‌تییەکانی وەکوو بریتانیا، گۆڕانی کۆمەڵگەی کۆن بۆ نوێ، کاتێک دەستەڵاتی تەواو بە پشتیوانیی زۆرینەی گەل لە دەستی نۆێنەرانی خەڵکدا بێ، بە دوور لە ڕاستی نازانێ. کائۆتێسکی یەکێک لە ڕێبەرانی ئەنتێرناسیۆنالی دووهەم، وێڕای هەبوونی دێموکراسی وەکوو مەرجێک بۆ خەباتی چینایەتیی پرۆلتێری لە چەشنی خەباتی جەماوەری ئاماژە دەکا: ئەگەر دێموکراسیی بێ شەرت و مەرج و دێموکراسیی ڕەسەنیش نەبێ، لانی کەمێک لە دێموکراسی بۆ ڕێکخستن و ڕۆشنگەری لەنێو جەماوەردا پێویستە. کائۆتێسکی، دێموکراسی وەکوو سەروەریی زۆرینە پێناسە دەکا و هاوکات ئەمەی قبووڵ نییە کە کەمینە بێ پارێزگار دەمێنێتەوە. بە باوەڕی کائۆتێسکی دێموکراسی، دەستەڵاتداریی زۆرینەیە، بەڵام زۆرینە تووشی گۆڕانکاری دێ و هیچ ڕێژیمێک لە دێموکراسیدا ناتوانێ حکوومەتێکی هەتاهەتایی بێ. تەنانەت هاوسەنگیی هێزی چینەکان بەتایبەتی لە سەردەمی سەرمایەداریدا شتێکی نەگۆڕ نییە. هێزی حیزبەکانیش گەلێک خێراتر لە ‌هێزی چینەکان تووشی ئاڵوگۆڕ دێ و، ئەمە حیزبەکانن لە دێموکراسیدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ململانێ دەکەن. چینێک دەتوانێ سەروەر بێ، بەڵام ناتوانێ حکوومەت بکا، چونکە چین جەماوەرێکی بێشکڵە و ئەمە تەنیا ڕێکخراوەیە دەتوانێ حکوومەت بکا. لە دێموکراسیدا ئەمە حیزبەکانن حکوومەت دەکەن. بەڵام حێزبێک ناکرێ وەکوو هاوسەنگی چینێک لەبەرچاو بگیرێ. لە پێوەندی لەگەڵ دیکتاتۆریی پرۆلتاریا کائۆتێسکی پێی وایە مەبەستی مارکس لە دیکتاتۆری نەک شکڵی حکوومەتی، بەڵکوو وەزعێکە کە دەکرێ لە هەر شوێنێکدا پرۆلتاریا دەستەلاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێ و، کاتێک مەبەست لە دیکتاتۆری، نەک وەزعێکی سەروەری بەڵکوو چەشنە شکڵێکی حکوومەتی بێ، ئەو کاتە دەکرێ باس لە دیکتاتۆریی کەسێک یان ڕێکخراوەیەک بکڕێ، واتە نەک دیکتاتۆریی پرۆلتاریا بەڵکوو دیکتاتۆریی حیزبی پرۆلتێری. بە باوەڕی کائۆتێسکی، دیکتاتۆریی پرۆلتاریا دەتوانێ تەنیا دەستەڵاتداریی پرۆلتاریا لەسەر بناغەی دێموکراسی بێ. بۆچوونی کائۆتێسکی لە دیکتاتۆریی پرۆلتاریا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ لێنین هەبوو و ڕەخنەی توندی لە شێوەی دامەزراندنی کۆماری شۆڕایی سۆڤیەت دەگرت. لێنین کائۆتێسکی بە چەواشەکاری لە بیروڕای مارکس و ئینگێلس و بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ دیکتاتۆریی پرۆلتاریا تاوانبار دەکا. بە باوەڕی لێنین "هەتا کاتێک چینی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەدا هەبێ، تەنیا دەکرێ باس لە دێموکراسیی چینایەتی بکرێ، نەک ڕەسەن. ئەوەی لە مێژوودا پێشینەی هەیە ئەوە دێموکراسیی بۆرژوازییە کە جێگرەوەی فیۆدالیزم و، دێموکراسیی پرۆلتێرییە کە جێگیرەوەی دێموکراسیی بۆرژوازییە. دێموکراسیی بۆرژوازی وێڕای ئەوەی بە بەراوەرد لەگەڵ سیستمەکانی سەدەکانی نێوەڕاست دەستکەوتێکی گەورەی مێژووییە، بەڵام هەمیشە دێموکراسییەکی تەسک، کلک و گوێکراو، ساختەکار و خەڵک خەڵەتێن دەمێنێتەوە. بۆ دەوڵەمەندەکان حوکمی بەهەشتی بەرینی هەیە و بۆ هەژاران حوکمی داو و فریو. حکوومەتی شۆڕایی وەکوو چەشنێک لە دێموکراسیی پرۆلتێری، وەها بۆتە هۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی دێموکراسیی زۆرینەی بەرچاوی خەڵک واتە چەوساوە و زەحمەتکێشان، کە هەتا ئێستا نموونەی لە جیهاندا نەدیتراوە. لێنین، فۆڕمی سیاسیی "دەوڵەت" ئەویش پاش شۆڕشی سۆسیالیستی وەکوو کامڵترین چەشنی دێموکراسی‌ پێناسە دەکا و دەڵێ: "دێموکراسیش دەوڵەتە و بەم پێیە کاتێک دەوڵەت لەنێو دەچێ، کۆتایی بە دێموکراسیش دێ. واتە دەوڵەت و دێموکراسی شانبەشانی یەک دێن و پێکەوەش لەنێو دەچن. دیکتاتۆریی پرۆلتاریا لەگەڵ پەرەسەندنی بەرچاوی دێموکراسی، ئەویش بۆ یەکەم جار بۆ هەژاران و خەڵکی‌، نەک بۆ دەوڵەمەندەکان دەبێتە هۆی زەوتکردنی یەک زەنجیرە ئازادی لە ستەمکار و چەوسێنەر و سەرمایەدارەکان." دەبێ ئێمە ئەوان سەرکوت بکەین هەتا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بەندی کۆیلەتی و بەکرێگیراویی ئازاد بکرێ. دەبێ خۆڕاگریی ئەوان بە زەبر و زۆر تێک‌ بشکێندرێ و، بێگومان لەو جێیەی سەرکوت و بەکارهێنانی زۆر هەیە، ئازادی و دێموکراسی لێ نییە. لێنین ئاماژە بە وتەیەکی ئێنگێلس دەکا "هەتا کاتێک پرۆلتاریا پێویستی بە دەوڵەت هەیە، داواکارییەکەی نەک بۆ ئازادی بەڵکوو بۆ سەرکوتی دوژمنەکانیەتی و، کاتێکیش بکرێ باس لە ئازادی بکرێ، ئیتر دەوڵەت بە مانای ڕاستەقینەی خۆی نەماوە. دێموکراسی بۆ زۆرینەی خەڵک لە لایەک و سەرکوتی بە زەبر و زۆری چەوسێنەران و ئەوانەی کە ستەم لە خەڵکی دەکەن، یانی بێبەشکردنی ئەوان لە دێموکراسی لە لایەکی دیکەوە – ئەوەیە گۆڕانکاریی دێموکراسی لە سەردەمی تێپەڕین لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم. کاتێکیش لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا چینێک نامێنێ واتە پێوەندیی ئەندامەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ ئامرازی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان جیاوازییەکی نامێنێ" دەوڵەت لەنێو دەچێ و دەکرێ باس لە ئازادی بکرێ. تەنیا لەم سەردەمەدایە کە دێموکراسی لە ڕاستیدا بەتەواوی و بەبێ هیچ ئاوارتەیەک مسۆگەر دەکرێ و دێموکراسی ڕێگای توونابوون دەگرێتە بەر. افلاطون، جمهوری، ترجمە محمد حسن لطفی، ص ٤٢٦، چاپ خوشە، چاپ اول شهریورماە ١٣٥٣، تهران سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٤٢٩ سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٤٣٧ سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٤٣٨ ارسطو، سیاست، ترجمە دکتر عمید عنایت، شرکت سهامی کتابهای جیبی، چاپ دوم ، ص ١١٩، ١٣٤٩، تهران سەرچاوەی سەرێ، لاپەڕەی ١٢٠ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ١٦٦ آرلینە و. ساکسون‌هاوس، ارسطو، ترجمە مراد فرهادپور، دایرةالمعارف دموکراسی، جلد اول، ص ١٣٧- ١٣٦ کتابخانە تخصیصی وزارت امور خارجە، تهران ١٣٨٣ نشریە فلسفی – اجتماعی خرمگس، دفتر ششم، پیرامون دمکراسی، آگوست ٢٠١٦ منتسیکو، روح‌القوانین، ترجمە علی اکبر مهتدی، ص ٩٤ چاپ ششم، انتشارات امیرکبیر ١٣٤٩ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ١٠٩ سەرچاوەی سەرێ ل ١١١ سەرچاوەی سەرێ ل ٥٠ سەرچاوەی سەرێ ل ١٤٣ سەرچاوەی سەرێ ل ١٤٤ سەرچاوەی سەرێ ل ٢٣٥ سەرچاوەی سەرێ ل ٢٣٧ ژان ژاک روسو، قراداد اجتماعی یا اصول حقوق سیاسی، ص ٨١ مترجم: منوچهر کیا، انتشارات گنجینە – ناصر خسرو بهمن ٦٦ سەرچاوەی سەرێ ل ٨٢ Luxury سەرچاوەی سەرێ ل ٨٣ سەرچاوەی سەرێ ل ٨٣ سعید رهنما، "دمکراسی شورایی" در مقابل "دمکراسی پارلمانی"، نشر سایت نقد اقتصاد سیاسی، ژانویە ٢٠١٨ کارل مارکس و فردریش انگلس، مانیفست حزب کمونیست، ص ٤٥ ترجمە محمد پورهرمزان، انتشارات حزب تودە ایران، چاپ دوم ١٣٨٥ سەرچاوەی سەرێ ل ٤٧ سعید رهنما، "دمکراسی شورایی" در مقابل"دمکراسی پارلمانی"، نشر سایت نقد اقتصاد سیاسی، ژانویە ٢٠١٨ مارکس، انگلس، لنین، در بارەی انقلاب اجتماعی، ص ٥٠ – ٤٩ ترجمە محمد پورهرمزان، انتشارات حزب تودە ایران، تهران ١٣٥٨ کارل کائوتسکی، دیکتاتوری پرولتاریا، ص ٢٢، ترجمە منوچهر صالحی، نشر اینترنتی پژوهش ١٣٩٠ سەرچاوەی سەرێ ل ٢٨ سەرچاوەی سەرێ ل ٢٨ سەرچاوەی سەرێ ل ٢٩ سەرچاوەی سەرێ ل ٣٤ سەرچاوەی سەرێ ل ٣٦ سەرچاوەی سەرێ ل ٤٥ ولادیمیر ایلیچ لنین، انقلاب پرولتری و کائوتسکی مرتد، ص ٢٨، ترجمە محمد پورهرمزان، انتشارات حزب تودە ایران سەرچاوەی سەرێ ل ٢٩ سەرچاوەی سەرێ ل ٣٥ و. ای. لنین، دولت و انقلاب، صص ٢٥ – ٢٤ ترجمە محمد پورهرمزان و علی بیات، چاپ سوم، ١٣٨٧، انتشارات حزب تودە ایران سەرچاوەی سەرێ ل ١٠٣ سەرچاوەی سەرێ سەرچاوەی سەرێ ل ١٠٣ سەرچاوەی سەرێ ل ١٠٤ - ١٠٣