کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران

19:55 - 1 پووشپەڕ 2719

(دەقی وتاری بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب لە سمیناری "ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی" لە ئۆسترالیا) وتاربێژانی بەڕێز! ئەندامانی هێژای پارلمان، میوانە بەڕێزەکان، خانمان و ئاغایان و ڕێکخراوە کوردییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە ئۆسترالیا! پێمخۆشە لەبەر ئەوەی کە نەمتوانی بەهۆی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو و دۆخی هەنووکەیی حزووری لەو سێمینارەدا بەشدار بم، بە داوای لێبوردن دەست پێبکەم. ئامانجی ئەو سێمینارە باسکردنە لە دۆخی هەنووکەیی ئێران، وڵاتێک کە زۆربەی پسپۆڕانی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئەو وڵاتە لە دەلاقەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەوری ئەو لە ناکۆکییەکانی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەیبینن. بەڵام، لە ڕوانگەی خەڵکی ئێرانەوە بەگشتی و کوردەکان بەتایبەت، مەسەلەکە بە تەواوی جیاوازە. هەر وەک ئێوە دەزانن شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ هاتە ئاراوە، ئامانجی شۆڕشەکە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادیی بیروڕا دەربڕین و هتد بوو. ئێستا دوای ٤٠ ساڵ، هیچکام لەو ئامانجانەی ئاماژەیان پێکرا نەهاتوونە دی و هەموو شتێک خراپتر بووە و خەڵک لە دۆخێکی دژواردا دەژین. لە دوای شۆڕش، ئایەتوڵڵا خومەینی و دەستوپێوەندییەکانی داوای گشتپرسییەکیان کرد، گشتپرسییەک کە گەلی کورد بەشداریی تێدا نەکرد چونکە زۆر باش ئاگاداری ئاسەوارە نادێموکراتیکەکانی بوون. ڕێژیمی ئیسلامی لە سەرەتادا دەیزانی کە کوردەکان بناخە سیاسییەکانی دەوڵەتی نوێ و یاسای بنەڕەتیی نوێ قبووڵ ناکەن. ناکۆکیی نێوان کوردەکان و ڕێژیمی ئیسلامیی تازە دامەزراو، لەبەر جیاوازیی ڕوانگە لەمەڕ چەندین مەسەلەی بنەڕەتییەوە؛ ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر بوو. وتووێژەکان، کە دەستیان پێکرد نەبوونە هۆی چارەسەر کردنی هیچکام لەو مەسەلە و نیگەرانییانە کە بۆ کوردەکان گرینگ بوون. ماوەیەکی کورت دوای شکستی وتووێژەکان، ڕێژیمی ئیسلامی شەڕێکی بەسەر کورددا سەپاند. لە بەرامبەردا بەرگرییەکی بوێرانە بۆ بەرپەرچدانەوەی دڕندەیی ڕێژیم لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد. بەهۆی ئەم بەرگرییە خەڵکێکی زۆر گیانیان بەخت کرد، خەڵکێکی زۆر کەوتنە بەندیخانەکانەوە و ژمارەیەکی زۆر تووشی برینی قورس بوون، لەگەڵ کاولکاریی بەربڵاو لە کوردستان. ئێمە وەک گەلێک نەهامەتیی زۆرمان چێشتووە و مافە سیاسی، کولتووری و ئیدۆلۆژیکییەکانمان لێ زەوت کراون، جگە لەوە ئێمە بووینە قوربانیی سەرەکیی پێشێلکاریی مافە مرۆییەکان. سەرەڕای ئەو هەموو ڕاستییانە، بەرگری و خۆڕاگریی ئێمە دژی ڕێژیم هێشتا بەردەوامە، بەو هیوایە کە مافە ڕەواکانمان وەدەست بێنین. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مافخوازیی کوردەکان وەک مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سەیر دەکا. ئێستا ڕێژەیەکی بەرچاو زیندانیی سیاسی کورد کە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە لە زیندانەکانی ئێراندا بەند کراون. لە ئاستی ناوچەیی و نەتەوەیی، کوردەکان مافی هەرجۆرە بەڕێوەبەرییەکیان لێ زەوت کراوە و کوردستانی ئێران بۆتە ناوچەیەکی میلیتاریزە لەنێو ئێراندا. بۆ نوێنەرایەتی کردن لە ئاستی ناوچەیی و نەتەوەییدا، کوردەکان دەبێ زۆر بەربەست و کۆسپ ببڕن، چونکە ڕێژیم نایهەوێ هیچ بەڵگەیەکی بابەتییانە لەدژی خۆی دروست بکا و مەیدان بە کوردەکان بدا؛ لەبەر ئەوەش کە ئەم بەربەستانە ئێستاش لە ئارادان، ئێمە درێژە بە خەبات و ناڕەزایەتی دەربڕینمان دەدەین تا ئەو چەشنە هەڵاواردنانە بەرامبەر بە ئێمە نەمێنن. ئەمن دەمهەوێ پیداگری لەسەر ئەوە بکەم کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ئێران نەتەنیا هەوڵی بۆ وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی داوە کە بۆتە گرینگترین و تەنیا نیگەرانیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، بەڵکوو ڕێژیمی ئیسلامی بە هەمان شێوە سەرچاوەی هەرە سەرەکیی تێرۆریزم بووە، چ لە نێو سنوورەکانی خۆی و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا. ڕێژیم ئێستا سەرچاوەی بنەڕەتیی دابینکردنی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بۆ تاقمە چەکدارەکانە لە چەند وڵات و ناوچەی پڕکێشە، هەم لە ناوچەدا و هەم لە ئاستی جیهانیدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەڕی قووڵی بە پێشخستنی داواکانمان لە ڕێگای دیالۆگ، وتووێژ و چارەسەریی ئاشتییانە هەیە. بەڵام بەداخەوە ڕێژیمی ئێران ئەوەی قبووڵ نەکردوە و دژایەتیی خۆی لە ڕێگای تێرۆر، بە کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ڕێبەرانمان لە وڵاتانی جیاواز لە سەرانسەری دنیادا نیشان داوە و ژمارەیەکی زۆر لە کادری بەرچاو و ئەندامانی حیزبە سیاسییەکان لە نێوخۆ و دەروەی کوردستانی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە تێرۆر کراون. نیزیکەی سی ساڵ پێش ئێستا، لە ١٣ی جوولای ١٩٨٩دا، دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ یەکێک لە هاوکارەکانی، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ تێرۆریست_دیپلۆماتەکانی ئێران لە ڤییەنی ئۆتریش تێرۆر کران. بەداخەوە و بە نیگەرانییەکی زۆرەوە، هیچ دادگایەک پێک نەهات و هیچ دەستەیەکی دادوەری و هیچ دادوەرێک بەدوای جێبەجێکردنی هیچ چەشنە دادپەروەرییەک دژی بکوژەکانی ڤییەن نەبوون. لە جیات ئەوە، تێرۆریستە ئێرانییەکان بەرەو تاران ئیسکۆرت کرانەوە. پاشان کاربەدەستانی ئۆتریشی هەرگیز لێکۆڵینەوەیان لەو کارە دڕندە و تێرۆریستییە قیزەوەنە نەکرد کە لە لایەن ڕێژیمی ئێران و لەسەر خاکی ئەوان کرا. لە ١٧ی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٩٢دا، لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان، دوکتور شەڕەفکەندی، جێنشینی دوکتور قاسملوو، لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی، بەدەستی تێرۆریستانی ئێرانی لە ڕێستوورانی میکۆنۆس لە کاتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان، تێرۆر کران. بەڵام ئەمجار، دەستەی دادوەری و دادوەرێک لە ئاڵمان بە ئامانجی چەسپاندنی دادپەروەری، دادگایەکیان پێک هێنا. بەگوێرەی دادگای میکۆنۆس، ڕێبەرە پایەبەرزەکانی ئێران بەرپرسی ئەو تێرۆرە سیاسییە بوون. لە ٨ی سێپتەمبری ٢٠١٨دا، ڕێژیمی ئێران ڕێبەریی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە ئامانج و هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکیی کردە سەر بنکەی سەرەکیی حیزب لە شاری کۆیە لە کوردستانی عێراق. لەو هێرشە مووشەکییەدا ١٦ کەس شەهید بوون کە لە نێویاندا چەند ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی ئێمە بوون و پتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون و ژن و منداڵیش لەنێو بریندارەکاندا بوون. ئەم هێرشە بەئاشکرا پێشێلکردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و کوردستانی عێراق و بێگومان ژێرپێنانی ڕیککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بوو. بەڵام ئەوە هیچ دژکردەوەیەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدواوە نەبوو، جگە لەوەی نوێنەری وڵاتی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماژەی پێدا. ئەوەی کە لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە هێرشەکە ڕاستەوخۆ بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی کردبووە ئامانج، کە لەهەمان کاتدا شوێنی دامەزراوە سڤیلەکان بوو کە چالاکییەکانیان بریتی بوو لەخزمەت کردن بە مافە ئەتنیکی و دێموکراتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە لە بەرچاو گرتنی تێرۆریزم، کوشتار و هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبی ئێمە، ئەوە گرینگە کە بزانین کە ئەجیندای شۆڕشی ئیسلامی و ئامانجەکانی، کە لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا باسیان کراوە، ئەوەیە کە ئامادەکاری بۆ درێژەی شۆڕش لە نێوخۆ و دەرەوە بکرێ. بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی بەڕیوەبەریی ئێران، لەژێر کاریگەریی ئەو ڕاستییەیە کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە بە ئایین و کولتووری جیاجیایە، بۆیە لە ڕوانگەی ئێمەوە گونجاوترین ڕێگاچارە سیستمی فێدڕالییە. فێدڕالیزم بوار بۆ بەشداریی کەمینە ئەتنیکییەکان، دابەشینەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی خۆش دەکا و هەروەها ڕێگا بۆ پێکەوە هەڵکردنی کولتووری و ئەتنیکی دروست دەکا. بۆچوونێکی ئەقڵانی لەبارەی داهاتووی سیاسیی ئێران، دەخوازێ کە بە چاوکراوەیی باسی مەسەلەی پێناسەی داهاتووی ئێران بکەین. ئەوە لە پێشدا دەخوازێ کە ئێران وەک یەکەیەکی جوغڕافیای سیاسی بە پشتبەستن بەو تێگەیشتنە پێناسە بکەین کە وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە لەوێ دوو پرەنسیپی سەرەکیی بەشداری و هەڵناواردن لەبەرچاو دەگیرێن. هەنگاوی دواتر پرۆسەی دابەشینەوەی دەسەڵاتە لە ئێران، کە هێشتا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێوخۆی وڵات نە ڕێزی لێ دەگیرێ و نە قبووڵیش کراوە. بە بۆچوونی من دەبێ لەسەر شێوەیەک لە دێموکراسی پێک بێین و بەباشی جێگیر بێ، کە ئیعتیباری داهاتووی مسۆگەر بکا. پرەنسیپی یەکسانیش دەبێ لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە ڕێزی لێ بگیرێ. لە کۆتاییدا، شێوە کارێکی ئەوتۆ دەتوانێ مافەکانی خەڵکی ئێران دابین بکا، مافە تاکی و هاوبەشەکانی سەرجەم لایەنە ئەتنیکی، ئایینی، سیاسی و کولتوورییەکان. کەمپەینی ئەوپەڕی زەخت کە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بەرامبەر بە ئێران ڕەچاو دەکرێ بۆ ئەوەیە کە لە ڕێگای وشککردنی سەرچاوەی داهاتەکانی بۆ بەڕیوەبردنی سیاسەتە وێرانکەرە دەرەکییەکەی، پێش بە ئێران بگرێ کە نەبێتە سپانسەری سەرەکیی تێرۆریزم لە جیهان. کەمپەینی هەنووکەیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بارەی زەختی ئابووری بۆ سەر ئێران یەکەم جارە کە کاریگەر دەبێ. یەکێک لە سێناریۆکان وەک ئاکامی گرژیی هەنووکەیی نێوان دوو لایەن و جموجۆڵە سەربازییەکان لە ناوچەدا ئەوەیە کە ئەگەری دانووستان لە داهاتوودا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر مەسەلەی ئەتۆمی هەیە. ئەگەر ئەوە وەڕاست گەڕێ، بۆ خەڵکی ئێران دۆخەکە بە هەمان شێوە دەمێنێتەوە و ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نایە. خەڵکی ئێران بۆ چارەسەر کردنی گیروگرفتی وڵات دوو بژاردەی دژواریان لەبەر دەمە. بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە ڕێژیم بەتەواوی لەنێو بەرن و گشت گفتوگۆیەک لەبارەی «ڕێفۆرم یا ئاڵوگۆڕ» لەنێو سیستمی ئێستا لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە. بژاردەی دووهەم ئەوەیە کە کۆمەڵێک ڕێفۆرمی بەربڵاو بسەپێنن تا یاسای بنەڕەتی و سیستمی بەڕێوەبەریی وڵات بگۆڕدرێ. ئەو بژاردانە هەردوو دەبێ سیستمێکی بەڕێوەبەریی دێموکراتیک لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی ئازاد مسۆگەر بکەن، کە لەبەرامبەر خەڵکی ئێراندا وڵامدەر بێ و هەروەها ڕێز لە کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و بەها دێموکراتیکەکان بگرێ. تا وەدیهاتنی هەرکام لەو دوو ئالتێرناتیوانە، هیوادارم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکارییەکانی دژی مافی مرۆڤ، مافە دێموکراتیکەکان و هەروەها هەڵاواردنی ئەتنیکیی بەربڵاو دژی گەلی کورد، زەخت بخاتە سەر ئێران. سپاستان دەکەم کە دەرفەتی بەشداربوون لەم سێمینارەتان بۆ ڕەخساندم.