کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤ لە ئێران و مەترسییەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی

20:08 - 1 پووشپەڕ 2719

ڕۆژی شەممە، 8ی ژوئەنی 2019 (18ی جۆزەردانی 1398ی هەتاوی) لە پارلمانی کویزلەند لە وڵاتی ئوسترالیا سمینارێک بۆ باس لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و مەترسییەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو. لەو سمینارەدا کە لەلایەن کومیتەی ئوسترالیای حیزبی دێموکراتی کوردستان و ناوه‌ندی مافی مرۆڤی كوردانی ئوسترالیاوە ڕێک خرابوو، «جینا لینیکس»، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی ئوسترالیایی؛ «خالید عەزیزی»، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ سێناتۆر «کلێر مۆر» لە حیزبی کرێکاران، سیناتۆر «ئاندۆ بارتڵت»؛ «بەهار ساڵحی»، چالاکی مەدەنی؛ بێهرووز بووچانی، نووسەر و دەرهێنەر و شانۆکاری کورد نیشتەجێ لە دوورگەی مانۆسۆ، «د. ناسر باباخانی»، مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا؛ هۆشیار هونەرپەژوو، توێژەر و چالاکی سیاسی باس و وتاریان پێشکێش کرد. «کوردستان» لە پێوەندی لەگەڵ ئەم سمینارەدا کورتە دیمانەیەکی لەگەڵ سەلاح پوورئەسەد، یەکێک لە بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی سمینارەکە پێک هێناوە. کاک سەلاح چۆن بوو باس و بڕیاری گرتنی ئەم سمینارە ئەویش لە پارلمانی ئوسترالیا هاتە گۆڕێ؟ پاش مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب ھەر چەند ئێمە لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئوسترالیا وەک سیدنی، ملبۆڕن، بریزبن و ئادلاید مەراسیمی ڕێکوپێکمان بۆ شەھیدانی ئەو کارەساتە پێک ھێنا، بەڵام دەبوا شتێکی گەورەتر لەوەش بۆ ناساندنی ڕوخساری ڕاستەقینەی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ نوخبە و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی ئوسترالیا بکەین. بۆیەش پارلمانمان ھەڵبژارد کە شوێنێکی ڕەسمی و گرینگە، بە تایبەت کاتێک بڕیارنامەکەت لەوێ ڕوو بە دەوڵەت دەنێری. بۆیە بیرمان کردەوە کە لە یەکێک لە شارە گەورەکان ئەو کارە بکەین و وا ساغ بووینەوە کە شاری بریزبن و پارلمانی ئەیالەتی کوئینزلەند ھەڵبژێرین. بەشداران و تەوەری باسەکانی ئەم سمینارە چی بوون؟ بەشدارانی سمینارەکە چەند سیاسەتمەدار و نووسەرێک بوون و باسەکانیش فرەجۆر بوون. دوکتور جینا لینیکس نووسەر و لێکۆڵەری ئوسترالیایی کە چەند کتێبی لەسەر کێشەی کورد نووسیوە و بەرپرسی لۆبی کوردە لە ئوسترالیا. ئەو خانمە لە شوێنێکی دوورەوە ھاتبوو، باسێکی ورد و دەقیقی لەسەر مێژووی ئێران، نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێران کە بەپێی داتای ناوبراو ٥٩ لە سەدی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن، کێشەی ئەو نەتەوانە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئێران، حیزبەکانی ئەو نەتەوانە و شوێندانەرییان لە خەبات دژی ڕێژیم خستە ڕوو. لەسەر کوردستان ئاماژەی بە خەباتی گەلی کورد، حیزبە سەرەکییەکانی دێموکرات و کۆمەڵە، جیابوونەوەکان شوێنیان لە ڕێکخستنی جەماوەری لە کاتی ھەر ئەگەرێک، دروستبوونی پژاک و شوێن و کاریگەریی پ ک ک لەسەریان کرد. ناوبراو باسی زۆر ئەگەری کرد وەک کۆدەتا، ھێرشی نیزامی لە دەرەوە ڕا یان خۆپێشاندانی جەماوەری کرد کە ڕەنگە ڕوو بە ڕووی ڕێژیم ببنەوە. کاک خالید عەزیزی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدارێکی دیکە بوو لە ڕێگای ویدیۆ کونفڕانسەوە بەشداریی سمینارەکەی کرد و بە وردی ئاوڕی لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی دایەوە و، ئاماژەی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ نموونە پەروەندەی تێرۆرەکانی وەک تێرۆری د.قاسملوو، د. بەختیار و دوکتور شەڕەفکەندی کرد. باسی ئەوەشی کرد کە ڕێژیم ویستی ڕەوای گەلی کوردی بە ڕێگای نیزامی جواب داوەتەوە و داخوازی ئاشتییانەی حیزبی بۆ کێشەی گەلی کورد ڕەد کردۆتەوە. لە کۆتاییدا باسی ھێرشی مووشەکیی ساڵی ڕابردووی بۆ سەر بنکەکانی حیزب کرد کە ژومارەیەک کادری ڕێبەری شەھید بوون، شوێنێک کە بۆ کاری سیاسی و مەدەنی کەلکی لێ وەر دەگیرا. دواتر سناتۆر کلێر مۆڕ لە حیزبی کرێکار باسی چۆنیەتیی ناسیاویی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد بەھۆی ئەندامانی حیزبەوە کرد و ڕایگەیاند لە زۆربەی بۆنەکانی کورددا بەشداریم کردوە و ھەردەم داکۆکیکاری مافەکانیان بووم. کورد لە دەرەوە دەبێ زیاتر لە نێو پارلمانتاراندا دۆست پەیدا بکا و لە ڕێگای ئەوانەوە کێشەی کورد بباتە پارلمان و لەسەر سیاسەتی دەوڵەت شوێندانەر بن. ناوبراو ڕایگەیاند ئەگەر لە ھەر ئەیالەتێک چەند دۆستی پارلمانی پەیدا بکەن بە ھاسانی دەتوانن لە ئامانجەکەتان بۆ ناساندنی بزوتنەوەکەتان کەلک وەرگرن. وەک لە تایتێڵەکاندا هاتبوو پرسی قەیرانی ئابووری و بابەتی دیاردەی کۆڵبەریش یەکێک لە باسەکانی ئەم سمینارە بوو، وایە؟ بەڵێ، بەھار ساڵحی کە لە شاری ئادلایدەوە ھاتبۆوە، باسێکی زانستیی لەو پێوەندییەدا بە ئامار و فیلمەوە پێشکەشی بەشداران کرد و باسی وەزعی ژیان و گوزەرانی میلیۆنان بێکار لە کوردستان و کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری بۆ درێژە دانی ژیانێکی نەمر و نەژی و کوشتاری جنایەتکارانەی ئەو کاسبکارانە لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە کرد کە بەوردی کەوتە بەر سەرنجی ئامادە بووان. هەروەها سناتۆر ئاندرۆ بارتڵت، یەکێکی دیکە لەو وتاربێژانە بوو، کە چەندین ساڵە وەک داکۆکیکارێکی مافی کوردان ناسراوە. ناوبراو باسی وەزعی کورد و سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیمی ئیرانی کرد و ئاماژەی بە ھەڵبژاردنە پارلمانییەکەی ئەو دواییانەی ئوسترالیا کرد کە پێ ناچێ بە جیدی ئاوڕ لە مافی گەلان و پەنابەران بداتەوە. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی سمینارەکەدا نووسەر و ڕۆژنامەنووس بێهروز بووچانی لە دوڕگەی «مانوس» لە وڵاتی پاپوا گینەی نوێ بەشداریی سمینارەکەی کرد و بە وردی پەڕژایە سەر دۆخی نێوخۆی ئێران و گەلی کورد بەتایبەتی و؛ سیاسەتی ڕێژیمی بە هۆکاری سەرەکیی ئاوارەیی و دیاردەی پەنابەری ناو برد. ھەروەھا ئاماژەی بەبێ دەرەتانی گەلی کورد کرد کە لە دنیادا یەک دۆستی ڕاستەقینەی نییە و ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانی وەک نموونە ھێنایەوە کە ھەموو دنیا پشتی تێکرد. دوکتور ناسر باباخانی مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکاش کۆڕگێڕێکی دیکەی سمینارەکە بوو. بەڕێزیان باسی ئەوەی کرد کە ئه‌مریكا و ئورووپا زۆر باش ئاگادارن كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌ی ڕۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ ده‌یان و بگره‌ سه‌دان جار ئه‌مه‌یان دركاندووه‌ به‌ڵام له‌ ئاستی قسه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌ بۆ بەكرده‌وه بوون‌، بۆیه‌ كاتی خۆیەتی له‌سه‌ر بنه‌مای «بایەخه‌كان»ی كۆمه‌ڵگەكانی خۆیان مامڵه‌ له‌گه‌ڵ دژه‌مرۆڤترین وڵاتی جیهان بكه‌ن. کاک ھوشیار ھونەرپەژوو کە لە نیووزلەندەوە ھاتبوو، باسەکەی لەسەر کارنامەی ڕەشی تێرۆریستیی ڕێژیم لە دەرەوە بە ئامار بۆ بەشداران ڕوون کردەوە و ڕێگاکانی بەگژدا چوونەوەی کۆمەڵگەی جیهانی دژی ئێران دەست نیشان کرد. کاک سەلاح گرینگیی بەڕێوەبردنی ئەم سمینارە ئەویش لە شوێنێکی حکوومەتی وەک پارلمانی ئوسترالیا لە چیدایە؟ گرینگییەکەی لەوەدایە کە لە شوێنێکی ڕەسمی گیرا. چەند وەزیری حکوومەتی ئایەلەتی و پارلمانتاری فێدڕالی، وەزارەتی دەرەوە و نێوخۆ بەتەواوی لە بڕگەکان و باسەکان ئاگادار بوون کە پاشانیش بڕیارنامەیان بۆ دەنێردرێ. ڕەنگدانەوەی ئەم سمینارە لە میدیا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی «بریزبن» چۆن بوو؟ ئێمە پتر لەوەی ویستبێتمان بابەتەکە بەمیدیایی بکەین، هەوڵمان ئەوە بوو کە لە شوێنێکی گرینگی حکوومەتی کارەکە بکەین و زیاتر کاریگەریی لەسەر کەسانی نوخبە و بەدەسەڵاتی ئەم وڵاتە هەبێ. بەو حاڵەش ڕادیۆی سەرانسەریی بەشی کوردی SBS دوو جار وتووێژی لەگەڵ کردم و «لۆبی کوردیش لە ئوسترالیا» لە پەیجەکانی خۆیان بڵاویان کردەوە. بەگشتی ڕوانگەی دەوڵەتی ئوسترالیا و بیروڕای گشتیی ئەم وڵاتە لەسەر تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی و تەواوەتی ڕێژیم چۆنە؟ بیروڕای گشتی و حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن ڕێژیمی ئیسلامی بە تێرۆریست دەناسن و ھاودەردی دەکەن لەگەڵ گەلی کورد، بەھۆی قازانج و مەسڵەحەتی بازرگانیی دەوڵەت زۆر خۆی پێوە ماندوو ناکا، ھەرچەند لە ئاخردا ھەر وەدوای سیاسەتی ئەمریکا دەکەوێ. زۆر سپاس کاک سەلاح بۆ بەشدارییتان لەم دیمانەیەدا سپاس بۆ ئێوەش