کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووانەبێژیی دەسەڵاتدارانی تاران لە سەروویانەوە سەرۆک‌کۆمارەکەیان

20:12 - 1 پووشپەڕ 2719

دووانەبێژیی یان دژبێژی دیاردەیەکی نوێ نییە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا و لەم بابەتەوە ئەوەندە فەکت و بەڵگە بەدەستەوەیە کە وێدەچێ پێویست بە هێنانەوەیان نەبێ. هەر لە قسەکانی دامەزرێنەری ئەم ڕێژیمە لەژێر سێبەری دارەکەی نۆفل لۆشاتۆوە بگرە هەتا لێدوانەکانی ئەم دواییانەی یەکەیەکەی بەرپرسانی گرینگ و نیوەگرینگی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە ئەوان درۆزنن و زۆر ئاسان و بەئاشکراش درۆ دەکەن. ئەم باسە تێدەکۆشێ پتر تیشک باوێتە سەر ئەم تایبەتمەندییە کە بە میرات لە خومەینییەوە وەرگیراوە؛ بەڵام زەق بوونەوەیەکی زیاتر لەسەر ڕۆڵ و مەبەستی حەسەن ڕوحانییە وەک کەسێک کە زۆرترین دووانەبێژییەکانی لەم دواییانەدا بۆ مێژوو تۆمار کردوە. هەر وەکوو باس کرا ئەم دیاردەیە بەشێکە لە نەریتی ڕێژیم بەڵام هیی ئەمجارەیان جیاوازیی تایبەتتری پێوە دیارە و، تەنیا بەمەبەستی خەڵک فریودان نییە، بەڵکوو سەرلێشێواوی و خەیاڵاتی‌بوونێکی زۆریشی پێوە دیارە. حەسەن ڕوحانی بە وادە و بەڵێنیی زۆرەوە هاتە سەر کار و بە کەمترین کردەوە درێژەی بە کار داوە. بەڵێنەکانی بەشی هەرە زۆری لە پێوەندی لەگەڵ کێشە ئابوورییەکانی وڵات بوو، لە بنبڕکردنی بێکاری و بەرهەمهێنانی دارایی نیشتمانی و دابەشینەوەی عادڵانەی سامان و دارایی وڵات ڕا بگرە هەتا کۆنتڕۆڵ و ڕاگرتنی ئاوسانی ئابووری؛ بەڵام ئەوەی دواتر بەرچاو بوو و دەرکەوت و ئێستاش ئاسەواری بە ڕوخساری بازاڕ و ئابووریی وڵاتدا دیارە، ئەوە بوو کە چارەسەرێکی بۆ نەبینراوەتەوە هیچ، بەڵکوو بە بڵاوبوونەوەی فیشی مووچە نجوومییەکان دەرکەوت کە دەوڵەتەکەی ئەویش چۆن و چەندە بیر لە کێشەکانی خەڵک دەکاتەوە و بیر لە چارەسەرکردنیان دەکاتەوە. ئەم کابرایە هەروەها لەمەڕ بابەتگەلی جیاوازی وەک هەڵگرتنی حەسری ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز، گرینگیدان بە پرسی ژینگەپارێزی، لابردنی یارانە بەمجۆرە کە خەڵک بۆخۆیان تا ئەو ڕادەیە تێروتەسەل بن کە پێویستیان بە یارانە و شتی لەو چەشنە نەبێ، هەروەها لابردن و نەهێشتنی ئابلۆقەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و بەگشتی ئەوی پێویست بوو بۆ دەنگهێنانەوە بیڵێ؛ بە خەڵکی گوت و بەڵێنیی پێ فرۆشتن. لە بواری ئابووری بەگشتی و گەشەی ئابووری بەتایبەتی، کار و بژیوی ژیان و توانای کڕینی خەڵک؛ هەموو ئامارەکان بەبێ ئەملاولا دەڵێن کێشەکان چەندقات زیادیان کردوە. ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان باس لە بوونی ئاوسانیی ئابووریی ٣٠ لەسەدی و سەرتر لەوەش دەکەن، گەشەی مەنفیی ئابووریی ئێران نیزیک بە پێنج لەسەدە. بێکارییەکان و مووچەی دواکەوتووی کرێکاران و دەرکردنی هەر ئەم کرێکارە بێدەرەتانانە لە کارگە بەرهەمهێنەرەکان و ئیدارە دەوڵەتییەکانی وەک شارەداری گەیشتۆتە ئاستێکی کەموێنە لە مێژووی ئێراندا و ڕۆژ نییە کە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی داڕماوی ئابووریی ئەم وڵاتەدا، لە شار و ناوچە جۆراوجۆر و گەورە و بچووکەکانی ئێران بەڕێوە نەچێ؛ کەچی گوێی کپی بەڕێز ڕۆحانی دەنگی هیچکامێکیان نابیستێ. کارنامەی دەوڵەتی مشوور! لەم ماوەی شەش ساڵی ڕابردووەدا تەژی لە ڕەشی و بێمشوورییە، لەم ماوەیەدا حەول و تەگبیرێکی هەستپێکراو نەدراوە و نەکراوە کە بووبێتە هۆی ترووسکایی هیوایەکی کاڵ لای خەڵکی وەزاڵەهاتوو و داماوی ئەم وڵاتە. یان کاتێک بەئاشکراییەوە کەسانی ئازادیخواز لە بەندیخانەکان توند دەکەن بەڵام بەوپەڕی بێشەرمییەوە وەزیری دەرەوە لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا دەڵێ کە «ئێران زیندانیی سیاسی لێ نییە»، ئیدی بێشەرمی و درۆ دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. دەوڵەتێک کە جاڕنامەی مافی شارۆمەندی بڵاو دەکاتەوە و یەک لەو کەسانەی کە واژۆی دەکا مستەفا پوورمحەممەدی، ئەندامی شاندی مەرگی ئەم ڕێژیمە بووە و دەستی بە خوێنی هەزاران لاوی ئازادیخوازی ئەم وڵاتە سوور بووە و سوور ماوەتەوە؛ پێکەنین بە ڕیشی خەڵکییە. هەر ساڵێک و دوو سێ مانگ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم جاڕنامەیە بوو کە ڕەشبگیری خەڵکێک کە لە نەبوونی نان و ئازادی و سەربەستی دەیانناڵاند و شەقامەکانیان بە ڕێپێوانی ئاشتیخوازانە پڕ کردبوو، مۆرکی ڕاستی و دروستییەکەی لێ درا! ئێمە نابێ ئەم ڕاستییە لە بەرچاو نەگرین کە دەوڵەتەکان بەگشتی لە ئێراندا هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریانەوە بە ویست و مەبەستی چارەسەری کێشە و ئارێشەکانی «خەڵک» نایەنە سەر کار هەتا چاوەڕوانیی ئەوە هەبێ کە کێشەکان بەلانیکەمەوە کەم بکرێنەوە؛ بەڵکوو بەپێی هەلومەرجەکان تەنیا ڕۆڵی باڵی جێبەجێکەری دەسەڵاتیان هەیە. ئەو کاتەش کە تەنگیان پێ هەڵدەچندرێ و دەبێ وڵامێکیان بۆ خەڵک پێبێ، لە دوای خۆلادان لە ڕاستییەکان و گۆڕینیان؛ دواجار لە ساڵی شەشەمی سەرکۆمارییەکانیاندا دان بەوەدا دەنێن کە ئێمە جێبەجێکەرێکین و هیچی تر! دەوڵەتی هیوا خۆی لەوە خۆش کردبوو کە بە لابردنی ئابلۆقەکان و گەڕانەوەی پووڵە بلۆکەکراوەکان و سەرمایەگوزاریی بیانی لە نێوخۆی وڵات دەتوانن پاپۆڕی شەق و شڕی رێژیمەکەیان لە دەریای شەپۆلاویی ئێستادا کەمێک ئارامتر لە جاران ڕابگرن و تا ڕادەیەکیش بە کرانەوەی ئابووری دۆخێکی باشتر لەنێوخۆدا دروست بکەن؛ بەڵام لەکردەوەدا دیتمان کە لەدوای «بەرجام» و گەڕانەوەی بەشێک لە پووڵە دەسبەسەردا گیراوەکانی ئێران، لەجیات ئەوەی لە خزمەتی خۆشبژیویی خەڵکدا تەرخان بکرێ؛ لەگووپ درا و خەرجی پاوانخوازیی ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەدا کراوە. ئێستا دیسان بە گەڕانەوەی ئابلۆقەکان و خستنە نێو لیستی ڕەشی تێرۆری سپای پاسداران وەک ڕۆڵگێڕی سەرەکیی ئابووریی وڵات؛ دۆخەکە لە داهاتوویەکی نیزیکدا لەوەش کە هەیە بۆ خەڵک ئەستەمتر دەبێتەوە. حەسەنی ڕۆحانی یەک لەو بەرپرسانەیە کە لە بەرامبەر پرسیار و کێشەکاندا یەکێک لە خۆبوێرترینەکانی ئەم ڕێژیمە بووە. جەنابیان بەردەوام ویستوویەتی بارودۆخەکە ئاسایی نیشان بدا و وا بنوێنێ کە نە بای هاتووە و نە بۆران، بەڵام لەم ڕێگایەشدا نەیتوانیوە بەردەوام درێژە بەم ڕەوتە بدا؛ بەڵکوو هەر لەم پێناوەدا دەسبەداوێنی زۆر فرت و فێڵ و درۆی سەیر و سەمەرەی دیکەش بووە. دەوڵەتی جەنابی ڕۆحانی کە پێشتر بەمەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ بارودۆخی نالەباری ئارایی زۆربەی گلەیی و گازندەکەی لە دەوڵەتی پێش خۆی بوو و دەیگوت ئێمە کاولستانێکمان بە میرات بۆ ماوەتە و، بۆ ماوەیەکی زۆر بەم بیانووە خۆی پەڕاندەوە، دواتر ئەم بیانووە کلیشەیی بوو و وازی لێ هێنا بۆ ماوەیەکی زۆر پەنای بردە بەر پاساوی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و بەم شێوازە کاتێکی زۆری کوشت و ڕایدا. بەڵام لە ئاکامدا و لە کاتی خۆیدا سەرەڕای کێشە ڕواڵەتییەکان لەگەڵ باڵی بەرامبەردا لە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکادا هاوئاراستەتر لە پێشوو بۆتەوە. لە سەرەتادا؛ «ئابلۆقەکان لە ڕێگای وتووێژەوە لادەبەین.» دواتر کە بڕیار درا ئابلۆقەکان بگەڕێنەوە؛ «ئەمریکا ناتوانێ کاری وا بکا، ئەم کارە نائاساییە و پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێونەتەوەییە.» بڕیارەکە جدیتر بۆوە؛ «ئەمریکا و دوژمنانی نیزام بە درێژایی ئەم ساڵانە لە هیچ کردەوەیەک نەپرینگاونەتەوە بۆ ئەوەی زەبرمان لێدەن و ئەمەش شتێکی نوێ نییە و چییان پێ خۆشە با بیکەن ئێمە خۆمان نادۆڕێنین.» ئابلۆقەکان تەموورەی ئابووریی ئێرانیان دا؛ «نابێ ئێمە هەوڵ بین و دەست و پێمان ون بێ، بەڵکوو لە بەرامبەر ئەم بڕیارە زاڵمانەدا پێویستە شلوێ نەبین و خۆڕاگر بین.» درێژەی گەمارۆکان و زەختی لانی‌زۆر؛ «بە شانازییەکی زۆرەوە گەمارۆکان مایەپووچ دەکەینەوە و تەنانەت ئەگەر ئەو هەشت وڵاتەش مەعاف نەکرابان ئێمە نەوتی خۆمان هەر دەفرۆشت.» درێژنەکردنەوەی ماوەی کڕینی نەوت بۆ ئەو هەشت وڵاتە؛ «بێتوو بیانهەوێ هەناردەی نەوتی ئێمە بە سفر بگەیەنن، ئێمەش گەرووی هورموز دادەخەین.» لێرەدا لە هەڕەشە کردن نیزیک بوونەوە و ئەم هەڕەشەیەش چەپڵە و بژی بژیی فەرماندەرانی سپای بەدواوە بوو؛ ئەم هەڵوێستەی سپاش بواری بۆ ئەوە ڕەخساند؛ حەسەنی ڕوحانی زیاتر هەست بە شەڕی ئابووری و نائاسایی بوونی دۆخەکە بکا و هەر بەم هۆیەوە پێویستی بە هاوڕێ کردنی خەڵکە بۆیەش تۆپەکەیان لە زەویی خەڵک هاویشت و بە گوتنی ئەوەی کە خەڵک توانایی بەربەرەکانی و خۆڕاگری هەیە، دۆخەکەیان شەڕەنگێز نواند. ئەوەی کە دەوڵەت و حکوومەت هاوکات و بە پاڵپشتیی یەکتر دژایەتی و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکەن و بە پەیمان‌شکێن ناوی دەبەن، دیارە هاوکێشەکان گەیشتۆتە قۆناغێکی نوێتر و جدیترەوە. پێشووتر کە دەوڵەت لەسەر مێزی وتووێژ بوو لەگەڵ ئەمریکا و پێنج زلهێزی دیکەی جیهانی، باڵی بناژۆخوازی حکوومەت بۆ پاراستنی ڕواڵەتیش بێ، بەردەوام دروشمی دژە ئەمریکاییان دەوتەوە و، بەڵام لەولاشەوە دڵخۆش بەوەی ڕێککەوتنێک پێک دێ کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لەوێدا پارێزراوە و، لەملاشەوە ڕوانگە و ڕواڵەتی ئینقلابی و دژەئەمریکاییان بۆ خەمخۆرەکانی شۆڕشی ئیسلامی ڕاگرتبێ؛ بەڵام دەوڵەت بە ڕاشکاوییەوە گلەیی لەم ڕەوتە هەبوو. ئێستا ئەو کەسەی هەڕەشەی نیزامی دەکا پێش لە فەرماندەرانی سپا حەسەنی ڕۆحانییە، بنەمای ئەم غیرەت وەبەرهاتنە وێدەچێ خەیاڵاتێک بێ کە دەسەڵاتدارانی تارانی گرتۆتەوە و بە هەوای ٤٠ ساڵ پێش ئێستا دەڕۆن. لەلای ئەوان وایە کە خەڵکی ئێران گیان لەسەر دەست ئامادەی گیانبازییە بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لەو سۆنگەیەشە کە حەسەن ڕوحانی و عەلی خامنەییش ئیدیعا دەکەن کە «میللەتی ئێران بەرگەی ئەم گەمارۆیانە و زۆر ڕووداوی نەخوازراوی دیکە دەگرێ.» لێرەدا ئەوەی ناڕوونە و لە هەمان کاتدا شایانی سەرنج ئەوەیە، ئەوان کە دەزانن ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە ژماری ناڕازیی لەم ڕێژیمە زیاد دەبێ؛ چۆنە و لەسەر چ بنەمایەک و لەسەر کام تاقمی خەڵک حیسابی شەڕیان کردوە؟! بەڕاستی ئەو خەڵکەی کە هەتا بینەقاقا لە بێدەرەتانی و هەژاریدا نوقم بوون، ئەو خەڵکەی کە دێنە سەر شەقام و لە هەر ناڕەزایەتییەکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە خولقێنەری کێشەکان هەر لێرەیە و بە درۆ دەڵێن ئەمریکایە! ئەم خەڵکە چۆن دەبێ لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتێک کە هۆکاری سەرەکیی ئەم هەمووە کێشە و چارەڕەشییانەیە هاوڕێ و هاوڕا بن؟! خەڵکێک کە لاو و پیر و مێرمنداڵ و ژن و پیاوەکانی هەتا پشتوێنە لە زبڵدانەکاندایە و بژیوی ژیانیان لەوێ دابین دەکەن، لە کاتێکدا کەسانی نیزیک لە بازنەی دەسەڵات تەنانەت خێزانە دووگیانەکانیان دەبەن لە وڵاتانی دەرەوە  منداڵەکەیان ببێ تا لە ئیمکاناتی ئەوێش بێبەش نەمێنن! ڕاستییەکەی ئەمەیە کە نە ئەم تاقمە لە خۆشیدا نوقمبووە چەکی مەرگ هەڵدەگرێ و نە ئەو هەژارانەش لە پێناو پاراستنی هۆکاری سەرەکیی هەژارییەکەیاندا لەخۆبوردوویی نیشان دەدەن.