کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویژدانی نوستوو

20:17 - 1 پووشپەڕ 2719

دادگای میکۆنووس و "نقاشی قهوخانە" (ویژدانی نوستوو) ڕێستوورانی میکۆنووس ئەو شوێنە بوو کە دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی تێدا شەهید کران وبەدوای ئەوەدا دەزگای قەزایی ئاڵمان لە بێرلین دادگایەکی پێک هێنا کە بە دادگای میکۆنووس ناوی دەرکرد. دەتوانین بڵێین ئەو دادگایە لە دوای دادگایی تاوانبارانی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی لە بواری کاتەوە درێژترین دادگا بووە کە سێ ساڵ و نیوی کێشا و تێچوویەکی مادیی زۆری بۆ دەوڵەتی ئاڵمان هەڵگرت. هاوکات فشار و هەڕەشەی زۆر لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سەر دەوڵەتی ئاڵمان بوو تا ڕەوتی دادگایی کردنەکە ڕابگرێ. بەڕێوەچوونی ئەم دادگایە لێکەوتەی سیاسیی بەربەرینی لە پێوەندیی دیپلۆماتیک لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئورووپایی بە دوای خۆیدا هێنا. بەڵام سیستمی قەزایی ئاڵمان بەو هەموو فشارە سیاسی و دیپلۆماتیکە کە لەسەری بوو توانی بە سەرکەوتووییەوە ئەرکی دادپەروەریی خۆی بەجێ بگەیەنێ و بیسەلمێنێ کە سیستمی قەزایی ئاڵمان لە کاری دادوەری و قەزاوەتدا سەربەخۆیە و ڕەوتی ئەو دادگایە ئەوەشی سەلماند کە لە هەر وڵاتێکدا دەزگای قەزایی سەربەخۆ هەبێ، دادپەروەری بەڕێوە دەچێ و قانوون و دادپەروەری نابنە فیدای ساتوسەودای نێوان بەرژەوندیی دەوڵەتەکان. دوای سێ ساڵ و نیو سەرەنجام دادگا حوکمی خۆی لەسەر تاونباران ڕاگەیاند و هەرکام لە دەسبەسەر کراوەکان بەپێی ڕادەی بەشدارییان لە کردەوە تێرۆریستییەکەدا حوکم دران. هاوکات بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی قەزایی جیهاندا لە لایەن دادگایەکەوە سیستمی سیاسیی دەوڵەتێک کە لەسەر حوکم و دەسەڵات بوو، تاوانبار دەکرا بە بکەری ئەسڵیی ئەو کردەوە تێرۆریستییە و ئەم کردەوەیە بە تێرۆری دەوڵەتی ناو برا و، بڕیاردەرانی ئەسڵیی تێرۆرەکە لە ڕادەی سەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەشێوەی غیابی حوکم دران. لەو حوکمەی کە لە ١٠ی ئاوریلی ساڵی ١٩٩٧لە بەشی یەکی دادگای جنایی ئاڵماندا خوێندەرایەوە، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە سیستمی جینایەتکار ناودێر کرا. یەکێک لەو تاوانبارانەی کە حوکمی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە کازمی دارابی بوو. ناوبراو دوای پازدە ساڵ و دوومانگ گیران و دوای کێشانی یەک لە سەرسێی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرا. ناوبراو هەر ئەو ڕۆژەی ئازاد دەکرێ دەوڵەتی ئاڵمان ڕەوانەی ئێرانی دەکاتەوە و لە فڕۆکەخانەی تاران بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی ڕێژیم پێشوازی لێدەکەن. ناوبراو دوای یازدە ساڵ لە ئازاد بوونی و نیزیک بە ٢٧ ساڵ پاش تێرۆری میکۆنووس، لە دووتوێی کتێبێکدا لەژێر ناوی (نقاشی قهوخانە) باس لە ڕووداوی میکۆنووس و ڕەوتی دادگا دەکا و لە هەموو کتێبەکەدا هەوڵ دەدا کە خۆی بێتاوان نیشان بدا و لە ڕێگای بێتاوانیی خۆیەوە بێتاوانیی کۆماری ئیسلامیش بسەلمێنێ. نووسەری کتێبەکە لە لاپەڕەی ١٣ی کتێبی نەقاشیی قاوەخانەدا بە نووسینێکی ئەدەبی حوکمی بێتاوانیی کازمی دارابی داوە و دەنووسێ: «عەمەلیاتی بێرلین لاپەڕەیەک لە مێژووی سووتاند و کردی بە خۆڵەمێش و، ڕێستوورانی میکۆنووس بوو بە فەرامۆشخانە. دەفتەری میکۆنووس پڕە لە ڕق و کینە، دوژمنی و تۆڵە ... و لە کۆتاییدا خەفەت. لە میکۆنووس خۆشەویستی ڕەنگی خوێنی گرت و فەوتا، بەڵام جارێکی دیکە لە خۆڵەمێشی مێژوو بەهۆی پاڕانەوە و ناڵەی شەوانە لە کونجی زیندان وەک قۆقنووس سەری هەڵداوە و بەرەو ناخی زیندانییەک هەڵفڕی ... بۆ ئەوە ئەو زیندانییە ئەو بێدەنگییەی مێژوو بشکێنێ.» ئەو نووسینە حەقیقەتی تێدایە بەڵام نەک ئەو حەقیقەتەی نووسەر و بگێڕەوەی کتێبی نەقاشیی قاوەخانە بەدوایەوەن بۆ سابیت کردنی، بەڵکوو پێچەوانەکەی دروستە و ئەوە دروستە کە بگوترێ تێرۆری بێرلین لاپەڕەیەکی لە مێژووی ئازادیخوازی و مافویستی گەلی کورد سووتاند، بەڵام ڕێستوورانی میکۆنووس نەبۆتە فەرامۆشخانە بەڵکوو هۆکارێک بوو لە شەوەزەنگی بێدادیدا فریشتەی دادپەروەری وەخەبەر بێ و بۆ جارێکیش بێ چەکوچی دادپەروەری لە تەپڵەسەری دێوەزمەی بێدادی بدا. ئەوەش ڕاستە دەفتەری میکۆنووس پڕ بوو لە خۆشەویستی، بەڵام ئەوە دێوەزمەی تامەزرۆ بە خوێن بوو کە ئایەتی مەرگی پێدا پژاند. هەروەها ئەوە نزا و پاڕانەوەی زیندانییەکی دەست بەخوێن نییە کە لە سووچی زیندان بەهۆی پاڕانەوە و ڕازونیازی شەوانەی لەگەڵ پەروەردگار وەک قۆقنووس لە ناخی باڵی گرتبێ بۆ دەربڕینی حەقیقەت، بەڵکوو شەڕی دەروونیی ئەو زیندانییەیە کە ماوەی ٢٧ ساڵ ویژدانی عەزابی دەدا کە لە پێناوی چیدا هەم گیانی چوارکەسی ڕێبواری ئازادی و مرۆڤایەتی ئەستاندوە و هەم بۆخۆی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تەحەمولی دادگا و لێکۆڵێنەوە و زیندانی کردوە و لە هەمان کاتدا دوور بوون لە ژن و منداڵ و بێبەشی لە ئازادیی تاکەکەسی چێشتوە. چونکە ئێستا دەبینێ ئەو بەهەشتەی ئەو ئامادە بوو لە پێناویدا گیانی مرۆڤەکان بستێنێ و تەنانەت خۆی و منداڵەکانیشی فیدا بکا، تەنیا دۆزەخێکە و بەس. دوای تێپەڕ بوونی چل ساڵ بە سەر دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی، ئەو نیزامە نەک سەقامگیر نەبووە بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گەلانی ئێران لێی بێزراوتر دەبن و کازمی دارابی ئەو ڕاستییانە بە چاوی خۆی دەبینێ و دەزانێ ئەوی ئەو کردوویەتی هیچ قازانجی لێ نەکردووە تەنیا عەزابی ویژدانی بۆ ماوەتەوە. بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە دەتوانین هەر لە وتەکانی خۆی کە لە کتێبەکەدا کردوویەتی، کەلک وەربگرین . کاتێک کازمی دارابی لە لایەن پۆلیسی ئاڵمان دەسبەسەر دەکرێ و دوای لێپرسینەوەیەکی کورت لە زیندانی کاتی دەکەن، کاتێک شەوی بەسەردا دێ لە لاپەڕەی ١٢٨ی کتێبەکەدا ئاوا دەڵێ: «لە نێوان نوێژی شێوان و نوێژی خەوتنان دڵم پڕ بوو و خۆم پێ ڕانەگیرا و فرمێسکەکانم هاتنە خوارێ، بۆ نانی شێوان دوو لەتکە نان و قاشێک پەنیر لەگەڵ ئیستیکانێک چایان بۆ هێنام، بەبێ مەیلی خواردم، شەوێک بە هەموو تاریکی و ڕەشیی خۆی لە ڕێگادا بوو، خەو لەگەڵ من غەریبە بوو، پەیتاپەیتا لە خۆم دەپرسی کازم لێرە چ دەکەی؟ ... چەند جار بە لەپی دەستم لە نێوچاوان و لە ئەژنۆی خۆمم دا و تفم لە بەختی ڕەشی خۆم کرد.» ئەوە قسەکانی کازمی دارابین لە یەکەم شەوی دەسبەسەر کرانیدا، دەبینین هەر لە یەکەم شەوی زینداندا تووشی عەزابی ویژدان بووە و کاتێک هاوکار بووە بۆ سەرکەوتنی ئەو پیلانە تێرۆریستییە و بەدوای ڕاپەڕاندن و ڕێکوپێک کردنی پیلانەکەدا بووە، قەت پێی وانەبوو خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەو شەهیدان و ئاهوناڵەی خەڵکی سەرکوت کراوی کورد بەرۆکی خۆی و ئاغاکانی دەگرێ، بۆیە لێکدالێکدا پرسیار لە خۆی دەکا کازم لێرە چ دەکەی، کەسێک لە تاوانێکدا کە ڕووی داوە بێتاوان بێ و هیچ لە خۆیدا شک نەبا هەر لە یەکەم شەودا گریان بەرۆکی ناگرێ و بە لەپی دەستی لە نێوچاوانی خۆی نادا و تف لە بەختی ڕەشیی خۆی ناکا، بەڵکوو هەوڵ دەدا بەسەر خۆیدا زاڵ بێ و بزانێ لە کوێ هەڵە کراوە کە بۆتە هۆکاری تاوانبارکردنی ئەو. نووسەری کتێبی نەقاشیی قاوەخانە و کازمی دارابی کە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە لە دەستپێکی کتێبەکە هەتا کۆتایی بە دوای ئەوەوەن کە کازمی دارابی بێتاوان نیشان بدەن و لە تەنیشت بێتاوانیی ناوبراو هەوڵی ئەوەیانە کە پاکانەش بۆ کۆماری ئیسلامی بکەن. بەڵام لە هەموو کتێبەکەدا کە بە قسەی خۆیان کتێبێکی تەحقیقییە و مەبەستیان ئاشکراکردنی ڕاستیی ڕووداوەکەیە هیچی نوێی تێدا نییە کە سەرەداوێکی نوێ بدا بۆ دەرکەوتنی حەقیقەتی نوێ و لە هەمان کاتدا تەنانەت هیچی وای تێدا نییە کە مەحکەمە پەسەند بێ بۆ ئیسباتی بێتاوانیی کازمی دارابی، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە لە هەمووی کتێبەکەدا کازمی دارابی دەیهەوێ ئەوە بسەلمێنێ دادگای بێرلین کەوتۆتە ژێر کاریگەریی دژەشۆڕشی ئێران. بەبێ ئەوەی پرسیار لە خۆیان بکەن کە هێزەکانی دژەشۆڕشی ئێران و یا بەواتایەکی دیکە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە بواری ئابووری و تەنانەت سیاسییەوە چیان بە دەستەوە بوو کە دەزگای قەزایی ئاڵمان لەبەر بەرژەوەندیی وڵاتەکەی خۆی، کۆماری ئیسلامی کە دەسەڵاتداری ئێرانی پڕ خێروبەرەکەتە بۆ بازاڕی ئاڵمان لە خۆیانی بڕەنجێنێ و کێشەی ئابووری و سیاسی بۆ دەوڵەتەکەی خۆی ساز بکا؟ لەبارەی پێوەندیی ئابووریی دوو دەوڵەتی ئێران و ئاڵمان «ڕۆئیا حەکاکیان» لە لاپەڕەی ٧٠ی کتێبی پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزەدا دەڵێ : «هەتا پێش ساڵی ١٩٩٢ رەقەمی حیسابەکانی نێوان دوو میللەت گەیشتبووە پێنج میلیارد دۆڵار و لە ئاکامدا ئاڵمان ببوو بە شەریکێکی بە دەسەڵاتی ئابووری لە ئێراندا. سەرمایەی ئێران لە بەشەکان (سهام)ی ئاڵماندا لە ٢٠٠ میلیۆن فڕانک تێپەڕیبوو. ئەو دوو دەوڵەتە پتر لە سێسەد نوێنەری خۆیان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و قانوونیدا ناردبووە وڵاتی یەکتر کە نیوەیان ئەندامی پارلمانی ئەو دوو لایەنە بوون [...] .» کازمی دارابی ئەو پێوەندییە ئابووری و سیاسییە لە نێوان ئەو دو وڵاتەدا نابینێ و یا خۆی لە ئاستی کڕ دەکا و یا پێی وایە مادام ئەو پێوەندییە سیاسی و ئابوورییە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە دەبوایە دەوڵەتی ئاڵمان ئەو کردەوە تێرۆریستییە بە جۆرێک لە جۆرەکان پووش بەسەر بکا؛ بە جۆرێک کە ئێران زیانی پێ نەگا. بەڵام هەڵەی ناوبراو لەوەدایە کە ناتوانێ سەربەخۆیی دەزگای قەزایی ئاڵمان ببینێ. دەزگای قەزایی ئاڵمان لانیکەم مێژوویەکی پێنسەد ساڵەی هەیە و لە هەمان کاتدا تێرۆر و کوشتنی چوار کەس لە نێو شاری بێرلینی پێتەختی ئاڵمان جۆرێک لەژێرپێ نانی غروور و کەرامەتی ئاڵمانییەکان بوو، ئەوەیان بۆ قەبووڵ نەدەکرا کە وڵاتەکەیان لە بەر ساتوسەودای بازرگانی ببێتە شوێنی ڕمبازێنی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەوە بوو کە داواکاری گشتیی ئاڵمان لە ڕاگەیەندراوێکدا کردنەوەی پەروەندەیەک بۆ ئەم جینایەتە و دەسبەکاربوون و وەگەڕخستنی ئەم پەروەندەیەی ڕاگەیاند. درێژەی هەیە....