کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسیی ئێران لەو ماوەیەدا چ دەسکەوتێکی هەبووە؟

20:25 - 1 پووشپەڕ 2719

لە یەک ساڵی ڕابردوودا پێ بە پێی زۆرتربوونی فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەزگای دیپلۆماتیکی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دەورە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا جموجۆڵێکی زیاتری لە خۆی نیشان دا. ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد تڕامپ لە پاش کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی نیزیکتر بۆتەوە. ئەوەی ئەوان بە دوایەوە بوون لاوازکردنی ئابووریی ئێران و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە بواری ناردنە دەرەوەی نەوتدا بوو. ئێستا مەبەستی ئەوان لە وەگەڕخستنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بە تایبەت لەسەر کەرتی ناردنە دەرەوەی نەوت گەیشتووەتە ئامانجی خۆی و کۆماری ئیسلامی لەو داهاتە زۆرەی کە گۆمان لەوەدا نەبوو کە بەشی زۆری بۆ پشتگیریی کارە تێرۆریستییەکانیان لە دەرەوەی وڵات بە کار دەبرا بێبەش بووە. لەگەڵ ئەوەی لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئەم گەمارۆیانە لەسەر خراپتر بوونی ژیانی خەڵکی ئێران بە ئاشکرا کاریگەریی قووڵی داناوە، بەڵام هەتا ئێستاش سەرانی کۆماری ئیسلامی، بێمنەت لە ژیان و داهاتووی ئەو خەڵکە باس لە کێشەکانی نێوان خۆیان و ئەمریکا دەکەن. ئەوان کە هەرگیز بیریان لە وەزعی نێوخۆ و خەڵکی ئێران نەکردووەتەوە تەنیا چاویان لە دەرەوەی وڵاتە کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن. ساڵێک لەمەوبەر و لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، سەرانی کۆماری ئیسلامی کە هەمیشە بە تواناکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی دەسکردی خۆیان لە وڵاتانی دەورووبەریان دەنازن و، تازە هەستیان کردبوو کە خۆیان تووشی چ کێشەیەکی گەورە کردووەتەوە بە پەلە دەزگای دیپلۆماسیی خۆیان وەڕێ خست تا بتوانن پێشی ئەو کارەساتە چاوەڕوانکراوە بگرن کە پێشبینی دەکرا بە توندی بەرۆکیان بگرێ. ئەویش لە ڕێگەی پەنابردن بۆ ڕووسیە و دەوڵەتە ئورووپاییەکان، بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە لە وتووێژەکانی بە ئەنجام گەیاندنی بەرجامدا دەوری کاریگەریان هەبوو لە هاوڕایی کردنی دەوڵەتی ئەو کاتی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی ئێران بە قبووڵکردنی ڕێککەوتننامەکە. ئەویش نە تەنیا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە بەڵکوو تەنانەت نوێنەرە تایبەتەکانی ڕێبەریش بەرەو ڕووسییە و وڵاتانی دوور و نیزیک بەڕێ کران. بەڵام لێکدانەوەکانی خامنەیی و هاوبیرانی لە هەڵسەنگاندنی هاوکێشە سیاسییەکانی دنیا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتانە، بە زوویی هەڵە و سەرلێشێواویی خۆی دەرخست. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کە خۆیان وەک قوتبێک دەدی لە هاوکێشە جیهانییەکاندا و بە هۆی ئیمتیازە زۆر و زەوەندەکانی پێشوو بە هێندێک لەو وڵاتانە، باوەڕیان بە پەلکێش کردنیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا هێنابوو نەیاندەزانی کە پێوەندییە ستراتێژییە ئابوورییەکانی وڵاتانی زلهێزی دیکە لەگەڵ ئەمریکا و تواناییەکانی لە ئاستێکدا نییە کە هەڕەشە و تەماح وەبەرنان و هەڕاجکردنی سەرمایەی ئێران بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سیاسیی ئەوان، ناتوانێ کاریگەریی جیدی لەسەر ئەو پێوەندییانە دابنێ. هەربۆیە لەگەڵ هەموو جیاوازیی بۆچوونەکانی ئورووپا لەگەڵ دەوڵەتی تڕامپ لەسەر مەسەلەی ناوکیی ئێران، دیتمان ئەو وڵاتانە نەکەوتنە بەرەی ئێران لە دژی ئەمریکا و هەتا ئێستاش ڕوویان لە کۆماری ئیسلامییە کە کێشەکان گەورەتر نەکاتەوە. کۆماری ئیسلامی کە ئێستا هەست دەکا هەموو دەرگایەکی لێ داخراوە و نیگەرانە لە درێژەکێشانی ئەو بارودۆخە و زیادبوونی فشارەکان و کەڵەکەبوونی زۆرتری قەیرانەکان، ئەو جار ڕووی لە دیپلۆماسیی شەڕ کردوە و دەیەوێ لە لایەک بە تێکدانی هێمنیی کەنداو و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکان، ترسی دروستبوونی شەڕ لە بەرچاوی دنیادا گەورە بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بە پرۆپاگەندە لەسەر دەستپێکردنەوەی چالاکییە ناوەکییەکانی، فشار بخاتە سەر وڵاتانی ئورووپایی. لەوانەیە ئێستا ئیتر بۆ خۆیشیان ڕوون نەبێ لەو سەرلێشێواوییەدا بە دوای چیدا دەڕۆن و ئەم هەنگاوانە چ ئاکامێکی دەبێ. ئەوان بەم جۆرە دەیانەوێ ئەو وڵاتانە لەسەر مێزێک دابنێن کە ئەمریکا لە بەرامبەریاندا دانیشتبێ بۆ وڵامدانەوە نەک کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەوەی ڕوون و لە بەرچاوە ئەوەیە کە ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر و بە دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی ناوەکی زۆر لە وڵاتان ڕەخنەیان لە ئەمریکا گرت و بەوەش مەیدانێک بۆ خۆ بە مەزڵووم نیشاندانی کۆماری ئیسلامی و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کرایەوە، ئێستا مەیدانەکە گواستراوەتە بۆ تاران و ئەو ماوە ئەوە نێردەی وڵاتانی وەک ئاڵمان و بەم دواییانەدا ژاپۆن و ئەوجار ئاڵمان و فەڕانسە بە یەکەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە مەترسییەکانی لاسارییەکانیان دەچنە تاران. پەیامی ئەوان و زۆربەی ڕێبەرانی وڵاتە کاریگەرەکان بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوەیە کە هەوڵ بدەن کێشەکان گەورەتر نەکەنەوە و لەو ئاستەدا پێبەند بن بە بەڵێنەکانی پێشوو کە نەبنە سەرچاوەی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە. جگە لە وڵاتانی ئورووپایی تەنانەت وەزیری دەرەوەی چین کە ئێران کیسەی گەورەی بۆ پشتیوانییەکانی هەڵدروو بوو ئامۆژگارییان دەکا کە بە ئیحتیاتەوە هەنگاو هەڵێننەوە. ئێستا ئیتر دوای ئەوەی پەیتاپەیتا دووبارەی دەکەنەوە کە دەبێ لایەنە ئورووپاییەکان لەو فورسەتە کە ماوە کەلک وەرگرن بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان، بە تەواوی دەرکەوتووە کە دیپلۆماسیی ئێران لەو کێبەرکێیەدا بە تەواوی تووشی شکست هاتووە و جێگەیەک نەماوە کە ئەوان پەنایان بۆ نەبردبێ و دووبارە ڕووی لێبنێنەوە بەڵکوو بیکەنە پاڵپشتی خۆیان بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان. لەو لاشەوە ئەوە دیپلۆماسیی ئەمریکایە کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو مەبەستەکانی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هاودەنگی لە نێوان هاوپەیمانەکانیدا نیزیک دەبێتەوە. وەک دیتمان لە دوای هێرش بۆ سەر پاپۆڕە بارهەڵگرەکان و تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هەر زوو بریتانیا و دواتر ئاڵمان بە جۆرێک کەوتنە پاڵ ئەمریکا و خەتاکەیان خستە ملی ئێران. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە ڕۆژبەڕۆژ نرخی تەسلیمبوونی ئێران دەچێتە سەرێ و ئیمکانی هەڵایسانی شەڕیش زیادتر دەبێ. ئاکامی بەردەوامی لە سیاسەتێکی شکست خواردوو کە بە هەر لایەکدا بکەوێ نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر بە سەر پێشەوە بمێنێ تووشی زیانی گەورە دەکا. هەر بۆیە خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی پێویستە بە ئامادەیی تەواوەوە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو ببنەوە و جێ پێی خۆیان لە هەر گۆڕانێکدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە ڕزگاربوونیانە لە دەست چوار دەیە زوڵم و ستەمکاری قایم بکەن. ***