کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای 971 مانگ زیندان بەسەر 27 زیندانیی سیاسیی کورددا

16:33 - 3 پووشپەڕ 2719

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا 106 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 27 کەس لەوان حوکمی 5 مانگ تا 20 ساڵ (سەرجەم 971 مانگ) زیندانییان بەسەردا سەپاوە. گرتنی لانیکەم 106 کەس و حوکمدانی 27 کەس لەوان لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک دایە کە پارەکەش لانیکەم 641 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو 641 کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کرابوون، لانیکەم 165 کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی 30 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها 5 بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و 3 بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندرابوو.