کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی 70 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە بەهاری ئەمساڵ‌دا

16:39 - 3 پووشپەڕ 2719

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لانیکەم70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و ناسناوی 56 کەس لەوانی تۆمار کردوە. لەو 56 کەسە 24 کەس کوژراون و 32 کەسیش بریندار بوون. له‌و 24 کۆڵبەر و کاسبکاره‌ کە کوژراون، 15 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، 5 کۆڵبەر و کاسبکاریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی یان وەرگەڕانی ترۆمبیلەکانیان مردوون و 4 کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنوو و مانەوە لە سەرما و بەستەڵەکی سەرەتای ساڵدا لە سەرما ڕەق هەڵاتوون. لەو 32 کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، 30 کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون، کۆڵبەرێکیان بەهۆی تەقینەوەی مین لە بن پێیدا بریندار بووە و کۆڵبەریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە. کوژران و برینداربوونی لانیکەم ئەم 70 کۆڵبەر و کاسبکارەی کورد لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دابوو و بریندار ببوون و لەو 242 قوربانییە 80 کەسیان کوژرابوون و 162 کەسیش بریندار ببوون.