کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی ڕێژی تەڵاق و جیابوونەوەکان لە پارێزگای سنە

00:41 - 4 پووشپەڕ 2719

لە درێژەی دۆخی خراپی ئابووری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، زیاد بوونی فشارەکان لە سەر خەڵک، بێ هیوایی و بێ دەرەتانی و ڕێژەی بەرچاوی بێکاری لە کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری تەڵاق و جیابوونەوەکان ڕوو لە زیاد بوونە و ساڵانە بە هەزاران بنەماڵە هەلدەوەشێنەوە. ژیانی هاوبەشی زۆربەی بنەماڵەکانی کوردستان بە شێوەیێکی ئاڵۆز و بە داهاتێکی کەمەوە دەچیتە سەر. کە ئەو دۆخە سەختەش دەبێتە هۆی جیابوونەو و دابڕانی بنەماڵە و سەرلێشێواوی زۆربەی ژنان لە بوارەکانی ژیانەوە. ناوەندی ڕاگەیاندی کاروباری بنەماڵەکانی پارێزگای سنە ڕادەی بەرزبوونەوەی تەڵاقی بەو شێوە ڕاگەیاندووە:" ئاستی جیابوونەوەکان زیاتر لەو ڕادەیەی کە چاوەڕوانی دەکرێ. بە جۆرێک کە لە ڕۆژانی حەفتەدا دوو یا سێ جیا بوونەوە ڕوو دەدات و لە دوو مانگەی ڕابردووی بەهاری ٩٨ هەتاوی ‌دا، ئاستی تەڵاق و جیابوونەوەکان دوو بەرابەر بوونەتەوە". بەرپرسی ناوەندی "سەبتی ئەحواڵ"ی پارێزگای سنە سەبارەت بە جیابوونەوەکان دەڵێ:'' لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٤٥٢ جیابوونەوەی ژن و مێرد لە ناوەندەکانی ئێمەدا تۆمار کراوە''. "حەسەن سوومی" لە درێژەدا گوتی:'' زۆرترین ڕادەی جیابوونەوەکان لە شاری سنە ڕوو دەدات چوونکە ڕێژەیێکی زۆری خەڵک لە سنە دەژین و بەپێی حەشیمەت، لە شارەکانی دیکەی کوردستان زیاترە". شایانی باسە کە ڕادەی هاوسەرگیری و پێکهێنانی بنەماڵە لە شارەکانی کوردستان زۆر بووە و ئەو پڕۆسەیە لە شارەکانی پارێزگەی سنە لە ساڵی تازەدا زیاتر لە ١٧٠٠ بنەماڵە بووە بەڵام کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بێکاری و نەبوونی زانیاری پێویست سەبارەت بە ژیانی هاوبەش دەبنە هۆی جیابوونەوەکان.