کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتی لە گەڵ تێرۆریزم

06:30 - 4 پووشپەڕ 2719

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٣) دژایەتی لە گەڵ تێرۆریزم حیزب یان هەر رێکخراوێکی سیاسیی دێموکرات کە لە سەر ئیرادەی مافخوازانەی میللەتێک دەمەزرابێ و مانا وجوودییەکەی لە سەر ئەساسی هەوڵدان بۆ داخوازییە ڕەوا دێموکراتیکەکانی خەڵک و پشت ئەستوور بە ئیرادەی ئەو خەڵکە بێت کە لە پێناویدا تێدەکۆشی، هیچ گومان لەوەدا نیە کە هیچکات پەنا ناباتە بەر کردەوەی نائەخلاقی و دژە ئینسانی. حیزبی دێموکراتیش کە لە قوڵایی باوەڕە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و بۆ بەدواداچوونی ماف و ئازادییە ڕەوا ئینسانییەکانی ئەو خەڵکەدا درووست بووە و لە هەمووی گرینگتر هەمیشە و بەدرێژایی مێژووی تێکۆشانی خۆی خەڵکی کوردستانی بە پشتیوانی خۆی زانیوە، نەتەنیا هیچ کات پەنای بۆ تێرۆر نەبردوە، بەڵکوو تێرۆریزمی لە هەموو شکڵ و شێوەیەکدا مەحکووم کردوە. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، "بە پێی ئوسوولی ئەخلاقی و ئینسانی و تەنانەت سیاسی، کردەوەی تێرۆریستی کارێکی قیزەون و مەحکوومە. چونکە کارێکی غەیرە قانوونی‌یە و غەیرە ئاساییە کە ئەساسەکەی لە سەر زۆر و داسەپاندنی نەزەرێکی تایبەتی دانراوە و گیانی ئەفراد و زۆر جار گیانی خەڵکی بێ‌تاوان و بێ‌دیفاع دەخاتە مەترسییەوە. حیزبی دێموکرات کە خۆی گەورەترین قوربانیی دەستی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، نەتەنیا خۆی وەک رێکخراوێکی سیاسیی چەکدار - کە خوێناویترین خەباتی بەرانبەر بەم ڕێژیمە بەڕێوە بردوە – قەتی پەنا بۆ کردەوەی تێرۆریستی نەبردووە، بەڵکوو ئەم کردەوەیەی لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە و لە هەر شکڵ و شێوازێکدا بووبێ، ڕەت کردۆتەوە و ڕاشکاوانە مەحکوومی کردوە. کاتێک کە دوڵەتی ئامریکا هێرشی کردە سەر وڵاتی لیبی و بە دەیان و سەدان خەڵکی بێ‌تاوان و بێ‌دیفاع گیانیان لە دەست دا، حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە؛ " ئامریکاییەکان کە زیاتر لە هەموو کەس باس لە رەتکردنەوەی تێرۆر دەکەن، دەبێ لە خۆیان بپرسن کە، ئایا هێرشی ئەم وڵاتە بۆ سەر لیبی کە ژن و منداڵی بێ‌تاوانی تێدا بوونە قوربانی، ئەگەر تێرۆر نیە، چیە؟! هەر لەم پێوەندییەدا چەندین جار هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆ سەر فەلەستینییەکانی مەحکووم کردوە و هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستانی بە توندی مەحکووم کردوە. دژایەتیی حیزبی دێموکرات لە گەڵ تێرۆریزم لە باوەڕێکی قوڵ و ئوسوولییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرسی "ڕەوای"ی و "مەشرووعییەت"ی ویست و داخوازییە سیاسییەکانەوە هەیە. حیزبی دێموکرات لەو باوەڕە دایە کە ئەو بزووتنەوانەی کە پشتیان بە ئیرادەی میللەتی خۆیان ئەستوورە و لە پشتیوانیی خەڵک لە سیاسەت و تێفکرینەکانیان پشتیوانی دەکەن، هیچ پێویستییەکیان بە پەنابردنەبەر تێرۆرێزم و ڕەشەکوژی نیە و، بە دڵنیاییەوە ئەوانەی پەنا دەبەنە بە ئەم کردەوە نائەخلاقییە، خۆیان بەتاڵ لە پشتیوانیی گەڵ دا دەبینن. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو، دەڵێ: "ئەو بزووتنەوانەی بە ڕێگای دێموکراتی دا دەڕۆن و لایەنگری و پشتیوانیی خەڵکیان لە گەڵە، پێویستییەکیان بە پانابردن بۆ تێرۆریزم نیە. حیزبی ئێمە لە گەڵ ئەوەی خومەینی چەندین جار دژی ئێمە لە شێوەکانی تێرۆریستی کەڵکی وەرگرتووە، قەت پەنای بۆ وەها کارهایەک نەبردووە. ئێمە تەنیا حیزبی ئێران بووین کە بە بارمتەگرتنمان لە سەفارەتی ئامریکا لە ساڵی ١٩٧٩ مەحکووم کرد. ئێمە هەمیشە تەیارە ڕفاندن و بۆمب دانانەوەمان مەحکووم کردوە. تێرۆریزم سیاسەتی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە داوای ڕەوای خەڵک هیچ وڵامێکی پێ نیە جیا لە سەرکوت". حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لە گەڵ دیاردەی تێرۆریزم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بەم دیاردەیە تێڕوانێکی بەرفراوان و مێژوویی بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان لەم ناوچەیەدا هەیە. بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "ئەگەر ڕۆژهەڵات بە سەرچاوەی تێرۆریزم دەژمێردرێ، لە بەر ئەوەیە کە زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە، ناوەندی ناکۆکی و پێکدانانی ئیستراتژیکی، سیاسی، ئابووری، ئایینی و نەتەوایەتییە. تا ئەم ناکۆکییانە لە بەین نەچن، تێرۆریزم رێشەکێش ناکرێ. تا ئەو کات خەبات دژی تێرۆریزم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەتەنیا لەگەڵ دەستە و تاقم، بەڵکوو زیاتر لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە هانیان دەدەن دەبێ بکرێ. هیچ گومان لەوەدا نیە کە ڕێژیمی خومەینی لە سەرەوەی ئەو دەوڵەتانە دایە". حیزبی دێموکرات پێی وایە؛ " مەرجی سەرکەوتنی خەبات دژ بە تێرۆریزم بەستراوەتەوە بە یەکگرتوویی هەموو گەلانی تینوو و ئەوینداری ئازادی لە سەرانسەری دنیادا بەتایبەت گەلانی جیهانی سێهەم و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕەسەن و دێموکرات".