کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکان بۆسەر مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان

16:10 - 4 پووشپەڕ 2719

لە درێژەی هەڕەشە و بانگ‌کردنی مامۆستایانی ئایینی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ، مامۆستایەکی دیکە لە ناوچەی بانە بانگ‌کراوە بۆ دادگای تایبەت بە ڕووحانییەتی شاری هەمەدان. بە پێی هەواڵێک کە لە بانەوە بە دەستمان گەیشتووە مامۆستا عەبدولباقی سەعیدی پێش‌نوێژی ئاوایی بژێ سەر بە شارۆچکەی ننووری بانە ، بانگکراوە بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایان و لە هۆکاری بانگکرانی ئەو مامۆستایە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە. ناوبراو دەبێ ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی لە دادگای تایبەت بە ڕووحانییەت کە لە شاری هەمەدان و لە شەقامی تاڵەقانی دایە، ئامادە بێ. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەزی ساڵی رابردووش ، مامۆستا "عەبدولباقی سەعیدی"، بە هۆی ڕەخنەکانی لە کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران لە لایەن ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لێپیچینەوەی لێ‌کرا. پێشتریش بە هۆی ڕەخنە گرتن لە سیاستەکانی کۆماری ئیسلامی و باسکردن لە کێشەو گرفتی خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی کوردستان، مامۆستا عەبدولباقی لە پێشنوێژیی مزگەوتی تەرخان ئاوا وەلا نرابوو. بەپێی هەواڵ و راپۆرتەکان چەند ساڵێكە هێندێک لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە هەوڵی لابردنی مامۆستای ئایینی و پێشنوێژە خۆشناوەکانی کوردن و هەر بۆیە هەرجارەو بە بیانوویەک بانگی دادگا و ناوەندە ئەمنییەکان دەکرێن.