کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی تازەلاوی خەڵکی بانە

17:26 - 5 پووشپەڕ 2719

کۆڵبەرێکی تازەلاوی خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا. لە تازەترین جینایەتدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کوردستان خوڵقاندوویانە، کۆڵبەرێکت تەمەن 21 ساڵی خەڵکی بانەیان بە ناوی "هێمن ساڵح‌پوور" کوشتوە. هێمن ساڵح‌پوور، خەڵکی گوندی "ئاڵوتـ"ـی سەر بە شاری بانە، لە کاتێکدا بارەکۆڵی لەسەرشان بووە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم لە پاسگای سنووریی " نێوبریتان"، دراوەتە بەر دەستڕێژ و گیانی لێ ئەستێندراوە. کوژرانی ئەم کۆڵبەرە لاوە لە سەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ئەم سێ مانگی بەهاری ئەمساڵیشدا لانیکەم70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون کە "چاونیوز" ناو و ناسناوی 56 کەس لەوانی تۆمار کردوە. لەو 56 کەسە 24 کەس کوژراون و 32 کەسیش بریندار بوون.