کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕانسە هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران

23:07 - 5 پووشپەڕ 2719

وەزیری دەرەوەی فەرانسە ژان لۆدریان لە بابەت پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ناوکی لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە هۆشداریی دایە تاران و ئەوەی بە وڵامێکی هەڵە بە گوشارەکانی ئەمریکا ناوبرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیەندبوو کە لە شازدەی مانگی گەلاوێژەوە دەست بە کشانەوەی لە بەرجام دەکات . لە کاردانەوە بەو بڕیارەی کۆماری ئیسلامی، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پاڕلەمانی نەتەوەیی ئەو وڵاتەدا گوتی:'' پێشێلکردنی بەرجام لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وڵامێکی هەڵە دەبێ بۆ گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ". پێشتر هەواڵدەریی فارس ، کە سەربە سپای پاسدارانە ڕایگەیاندبوو کە ڕژیمی ئێران لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژەوە بەشێکی دیکە لە کشانەوە لە ڕێکەوتننامەی بەرجام دەستپێدەکەن. ڕژیمی ئێران دوومانگ مۆڵەتی بە لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکە واتە وڵاتانی ڕووسیە و چین دابوو کە بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لە بابەتی فرۆشی نەوت و کارکردنی ئاسایی بانکەکانی دونیا لەگەڵ ئێران یارمەتی کۆماری ئیسلامی بدەن ئەگینا کۆماری ئیسلامی لەو ڕێکەوتنە دەکشێتەوە و دەست بە پیتاندنی یورانیۆم دەکات و گەڵاڵەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسی "ئەراک " دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەییندراوەدا " عەلی شەمخانی " سێ وڵاتی فەرانسە ، بریتانیا و ئاڵمانی بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان لە ڕێکەوتننامەی بەرجام تۆمەتبارکرد و، بەکردەوەیێکی گەمژانە ناوی برد و گوتی :" ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم سێ وڵاتە گوشار دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە لە بەرجام بەڵام لە ئاست چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام بێهەڵوێستن. شایانی باسە کە دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی تڕامپ ، ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی ناوکی هاتەدەرەوەو ئەم ڕێکەوتنەی بە هەڵەی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکای ناوبرد کە هیچ قازانجێکی بۆ ئەمریکا تێدا نییە و دەستی کۆماری ئیسلامی لە کردەوە تێرۆریستییەکانیدا ئاوەڵاتر کردووە و گەمارۆی قورسی خستە سەر کۆماری ئیسلامی.