کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵدان بۆ بەنێونەتەوەییکردنی مەسەلەی کورد

07:03 - 6 پووشپەڕ 2719

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٥) هەوڵدان بۆ بەنێونەتەوەییکردنی مەسەلەی کورد حیزبی دێموکرات کە بە ڕوانگەیەکی دیکە و بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک ئوسوول و پڕنسیپی مودێرن و جیهانپەسەند، ئاڵای رێبەرییکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانی بەدەستەوە گرت، سەرنجی کۆڕکۆمەڵە بیانییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. هەرچەند هەلومەرج و خەباتی حیزبی دێموکرات لە قۆناغەکانی سەرەتای دامەزران و تێکۆشانیەوە مەجالی ئەوەی بەم حیزبە نەدا کە پەیامی خۆی و بزووتنەوەی مافخوازانەی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان لە بەستێنی دیپلۆماسیدا وەک پێویست بە گوێی هەموولایەک بگەیەنێ، بەڵام بە پەیدابوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە قۆناغەکانی دیکە خەباتی حیزبدا، ئەم کەمایەسییە زۆر کەم ڕەنگ دەبێتەوە. لە ڕاستیدا خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەستێنی دێپلۆماسی و پێوەندییەکانی ئەم حیزبە بە ڕووی دنیای دەرەوەدا، مەدیونی شەهید دوکتور قاسملوویە. ڕوانینی دوکتور قاسملوو بۆ "زات"ی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد و پێوەندییە شەخسییەکانی لە گەڵ حیزب و کەسایەتییە بیانییەکان، لە درووستبوونی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بە دنیای دەرەوە، دوو هۆکاری هەرە ئەساسی بوون. پێش هەموو شتێک دوکتور قاسملوو باوەڕی وابوو کە "مەسەلەی کورد، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نیە". ئەم ڕوانین و خوێندنەوەیەش لە تێڕوانینی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ "زات" و "نێوەرۆک"ی بزووتنەوەی کوردەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەو پێی وابوو مادام ویست و داخوازییەکانی بزووتنەوەی کورد "ڕەوا"ن و لە "بەیاننامەی جیهانیی مافی ئادەمیزاد"دا دانی پێدا نراوە، کەوایە ئێمە مافی خۆمانە بەدوای پشتیوانی نێونەتەوەییدا بگەڕێین و دۆست بۆ حیزبەکەمان و بزووتنەوەکەمان پەیدا بکەن. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: "مەسەلەی کورد لە هەموو ئەبعادی خۆیدا بەو شێوەیە کە هەیە لە واقعی دا چەندین میلیۆن کوردە کە دەبێ مەترەح بکرێ. ویستەکانمان ڕەوا، ئینسانی و درووستن. پێم وایە ئەگەر بەم شێوەیە لە مەسەلەکە بڕوانین و بچینە پێشی سەرکەوتنمان زیاتر دەبێ. موهیمییش ئەوەیە کە پەیامەکانی خۆمان کە ڕوا و دیموکراتیکن لە دەرەوە بە باشی وەربگیردرێ. دەبێ بە هەموو ئەو کەسانە کە گوێیان لە قسەکانی ئێمەیە، بڵێین کە داوای کورد زۆر سادە و ڕەوایە. کورد مافی نەتەوەیی خۆی دەوێ کە لە بەیاننامەی جیهانیی مافی ئادەمیزاد دا هاتووە و شتێکی زیادی نیە. بۆیە داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نیە. زۆر دەوڵەتان وەک دەوڵەتی ئێران کە باسی کورد دەکرێ، دەڵێن؛ ئەوە مەسەلەیەکی نێوخۆییە و کەس حەقی نیە دەستی تێوەر بدات. کەوابوو ئێستا کە ئێمە داوای خودموختاری دەکەین، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نیە و بەشێکە لە مافی ئادەمیزاد. بۆیەش ئەو دەوڵەت و رێکخرا و شەخسییەتانە کە خۆیان بە لایەنگری مافی ئینسان دەزانن پێویستە لە داوا ڕەواکانی کورد پشتیوانی بکەن". دوکتور قاسملوو بەم تێفکرینەوە لە مەسەلەی میللەتەکەی و بە کەڵک وەرگرتن لە پێوەندییە شەخسییەکانی خۆی لە گەڵ حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە بیانییەکان، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانی سەرنجی زۆرێک لە رێکخراوە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، دەوڵەتان و کۆڕکۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆلای بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و حیزبەکەی ڕابکێشێ. هەرچەند دوکتور قاسملوو وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات و کەسی یەکەمی ئەم حیزبە لە بەشێکی کوردستان لە دنیای دەرەوە دەردەکەوت و وەردەگیرا، بەڵام بە ئێعترافی زۆرێک لەوانەی کە دوکتور قاسملوو پێوەندیی پێوە گرتبوون و تەنانەت بە ئێعترافی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، هەموو هەوڵی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو لە گەڵ پەیداکردنی پشتیوانی و دۆست بۆ بزووتنەوەی کورد لە ئێران، ئەوە بوو کە "مەسەلەی کورد" لە ئاستێکی گشتی دا پێناسەیەکی نێونەتەوەیی بۆ بکرێ و وەک میللەتێکی زوڵملێکراو پشتیوانی لێ بکرێ. ڕەوابوونی داخوازییەکانی کورد و درووستبوونی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات و تێکۆشان لە پێناو ئەو داخوازییە ڕەوایانەی کە تێکەڵ بە مەنشوورە جیهانییەکانی مافی مرۆڤن، پێگەی حیزبی دێموکراتیان لە کۆڕکۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا هەروا بەرز ڕاگرتووە. هەرچەند بە پێی ڕەوت و هەڵومەرجە سیاسییەکان و پڕڕەنگبوونەوەی لایەنی بەرژەوەندی لە حەوزەی پێوەندییەکاندا، جاروبار دەنگی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت وەک پێویستە گوێی نادرێتێ، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەمان تێفکرینی مێژوویی خۆی بۆ نێوەرۆکی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کە ڕەوا و ئینسانین، لە پێناو بەنێونەتەوەییکردنی مەسەلەی کورد هەنگاو دەنێ.