کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٢ساڵ پاش کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت و نەگوتراوەکان لەو بارەوە

05:49 - 9 پووشپەڕ 2719

٧ پووشپەڕ بۆ خەڵک کورد بەتایبەتی خەڵکی شاری سەردەشت وەبیرهێنەری ڕووداوێکی دڵتەزێنە بە ناوی کیمیابارانی ئەو شارە کە لە دڕێژەی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران وعێراق لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی رووی داو، ئێستاشی لەگەڵ بێ بریندارانی ئەو جینایەتە بەو دەردەوە دەناڵێنن. ئەمساڵ پاش تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و هەڵسووڕاوانی بواری مافی مرۆڤ لەو هەوڵیان دا هاوکات لە گەڵ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی، بەرپرسان و کاربەدەستان ناچار بکەن کە جیا لە سات وسەودای سیاسی بە بەرپرسایەتییەوە چاو لەو کارەساتە و زیان لێکەوتووانی بکەن. ئەوەی جێگای داخە کە کۆماری ئیسلامی لەو کۆمەڵکوژییە زیاترین هەوڵی داوە کە لە کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان خۆی بە چەوساوە نیشان بدات و تەنانەت بۆ ئەو مەبەستەش دەستی داوەتە ساختەکاری. بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆزەمانە کۆماری ئیسلامی دوای کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت زیاترن هەوڵی داوە کە بیکاتە ئامرازێک بۆ سەرپووش دانان لەسەر کۆمەڵێک جینایەت و پێشێلکاریی و تاوانباربوونەکانی لە هەمبەر خەڵکی خۆی و تەنانەت خەڵکی ناوچە. هەر بە پێی هەمان ڕاپۆرت کە "ئالان گۆران" ئامادەی کردووە کۆماری ئیسلامی بە ساختەکاریی ڕووداوەکان بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکی نێو خۆی هەوڵی داوە ڕاستی ڕووداوی کیمیابارانی شاری سەردەشت و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەڵاڕێدا ببا. دەوڵەتی ئێران بەڕواڵەت بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، ٧ی پووشپەڕی لە ڕۆژمێری فەرمیی وڵات تۆماری کردووە، بەڵام گرینگی زیاتری بە تەقینەوەی بۆمب لە دەفتەری حیزبی کۆماری ئیسلامی داوە کە رۆژی ٨ی پووشپەڕ رووی داوەو تەنانەت ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی بە ڕۆژی "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەکی کیمیایی و میکرۆبی" دەست‌نیشان کردوە. ئەو کارەی ڕێژیمیش ئامانجی ئایدۆلۆژی خۆی لە پشتە. هەروەها ڕێژیم لە ڕاگەیەندکانی خۆی‌دا زۆرجار وێنەی قوربانیانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە بەناو سەردەشتەوە بڵاو دەکاتەوە . مەبەست لەو ساختەرییەش ئەوەیە کە رێژیم لەلایەک هەموو توانای دیپلۆماتی و پێوەندییەنێونەتەوەییەکانی خۆی وەگەڕ دەخات هەتا بە گەورە نیشان‌دانی ئاستی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت وەکوو "کارتی گوشار" بەکاری بهێنێ و هەمووجار خۆی بە یەکێک لە قوربانیانی چەکی شیمیایی دەزانێ و بەستێنێکی ساز کردوە هەتا بە بانگەشەو تەبلیغات لەو بارەوە پلان و پیلانە سیاسییەکانی خۆی پێش ببات و بۆنموونە لە دەیەی ٨٠ی هەتاوی بەولاوە هاوتەریب لەگەڵ وتووێژکردنی تاران لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی لەسەر بەرنامەی گۆماناویی ناوکی ئەو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی بەشێوەی بەربڵاو کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشتی میدیایی کردەوەو هەروەها هەمایشی" هەناسە سووتاوەکانی" بەڕێوەبرد. هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باسی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی کردووە چ لە کاتی ڕووادوەکە و چ پاش تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە. بەزاندنی سنوورەکانی ئیخلاق لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بە نیسبەت زیاندیتووانی شاری سەردەشت لە کاتێکدایە پاش تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە ‌ هێشتا بەشێکی بەرچاو لە قوربانیانی ئەو کارەساتە لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەرین و سەرەڕای وادە و بەڵێنی کاربەدەستانی ڕێژیم نە تەنیا ناوەندێکی پزیشکی بۆ برینداران نیە ، بەڵکوو ناچارن لە شاری سەردەشتەوە بۆ کۆخەکۆخ و هەناسەسواری مەودای ٧٥٠ کیلیومێتر ببڕن هەتا شاری تاران. تەنیا و تەنیا لە ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە دوو تیمی پزیشکی لە تارانەوە کە بۆ بانگەشەیە سەردانی شاری سەردەشت دەکەن. جێی‌وەبیر هێنانەوەیە لە کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت زیاتر لە ١٥٠ هاونیشتمانی شەهید بوون و پتر لە ٨٠٠٠کەسی دیکەش برینداربوون. شیاوی باسە ڕۆژی ڕابردوو بەرانبەر بە ٧ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی بە بۆنەی ساڵرۆژی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە شاری سەردەشت و پیرانشار کۆمەلێک چالاکی و جموجۆڵی مەدەنی بەڕێوەچوو.