کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی بەرزان محەممەدی بۆ بەندیخانەی ئێڤین

05:56 - 9 پووشپەڕ 2719

دوابەدوای کوشتنی" عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی "زیندانی سیاسی لە زیندانی فشافوویە و هەروەها مەترسی بۆ سەر گیانی بەرزان محەممەدیش دروستکرد و دوای بەدواداچوون و هەوڵی بنەماڵەو بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرزان محەممەدی زیندانی سیاسیی کورد و هاوبەندی عەلیڕەزا شیرمەحەممەدعەلی ،ڕۆژی ٧ی پووشپەڕ لە زیندانی فەشافوویە کە بە جەهەندەمی زیندانییەکان ناسراوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە. ئەم هەواڵە پێشتریش بڵاوکرایەوە بەڵام ئەمجارە لە لایەن کەسێکی نیزیک بە بەرزان محەممەدی پشتڕاست کراوەتەوە. "بەرزان محەممەدی" خەڵکی گۆشخانی مەریوانە،کە تاوانەکانی بەوتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی "کۆبوونەوەو هاندان بۆ تێکدانی هێمنایەتی نەتەوەیی و ڕاگەیاندن بە دژی ڕژیم " لەسەریەک بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراوە ، دوای کوژرانی هاوبەندییەکەی بە ناوی" عەلیڕەزا شیرمەحەممەدعەلی" ، بەرزان چۆنییەتی کوژرانی ناوبراوی ئاشکرا کرد کە لە مێژە وەکوو یەکێک لە سێناریۆکانی کۆماری ویلایەتی فەقی لە زیندانەکاندا دژی ڕووناکبیران و جودابیرانی ئێرانی کەڵکی لێگیراوە. شایەنی باسە کە بەرزان لە نامەیێکدا لەم بارەیەوە"مەحەممەدڕەزا خەلیلزادە" و "حەمیدڕەزا شوجاعی زەوارە"ی وەکوو بکوژانی هاوبەندییەکەی ناساند بوو ، هەروەها لە نامەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم دوو بکوژە پێشتر چەندین جار هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە کەسێک دەکوژن تاکوو بگەڕێنەوە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. هەروەها لە نامەکەی" بەرزان محەممەدی "دا هاتووە کە بەرپرسانی زیندان لە هەڕەشەکانی ئەو دووکەسە ئاگادار کرابوونەوە بەڵام نەک هەر ئاوڕیشیان نەدایەوە، بەڵکوو لەو کاتەدا کە بڕیاربوو عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی بکوژن دەرگای بەندەکانیان بۆ ئاوەڵا کردن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی و هیچ یاسایێکی نێو نەتەوەیی و تەنانەت یاساکانی خۆیشی لە بەرچاو نەگرتووەو هێچ بایەخێک بە مافی مرۆڤ و بوارە ئینسانییەکان نادات و لە هیچ جەنایەتێک بۆ لە ناوبردنی دژبەرانی خۆی دەرێخی نەکردووە.