کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو "غەڵەت"انەی ئەمریکا توانیی بیکا!

01:08 - 10 پووشپەڕ 2719

یەکەمجار ئاغای خومەینی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە دوای داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران و کەوتنەوەی گرژیی نێوان دوو وڵات گوتی: "ئەمریکا ناتوانێ هیچ غەڵەتێک بکا." لەو کاتەوە تا ئێستا ماوەی چل ساڵە ئەمە وەک دروشمێکی هەمیشە لەسەر زاری کاربەدەستان و لەسەر بنێری کۆڕوکۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان دێ و دەڕوا و لە ئێستادا ئەوەشی لێ زیاد بووە کە "تڕامپ" ناتوانێ هیچ غەڵەتێک لە بەرامبەر ئێراندا بکا! ئاغای خومەینی کاتێک ئەو قسەیەی کرد کە خەڵکی ئێران تازە بەسەر ڕێژیمی سەرکوتکەری پەهلەویدا سەرکەوتبوون و نیزام و دەوڵەتی نوێ لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرعییەتی ڕەهای هەبوو، بەڵام با بزانین کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای چوار دەیە لە کوێی مێژوو وەستاوە و ئەوەش چەندە پێوەندیی بەو غەڵەتانەوە هەیە کە ئەمریکا توانیویەتی بیکا! لە کەس شاراوە نییە ئەمڕۆکە بەرژەوەندیی وڵاتانی لێ دەربکەین کە هۆی پێوەندیی نێوان دەوڵەتانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لە بێزراوترین ڕێژیمە سیاسییەکانی دنیایە. هەروەها لای هەمووانیش ئاشکرایە کە ئەم ڕێژیمە لە ئێستادا تەنیا دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینەکەی لە نێوخۆ و، لایەنگیریی چەند زلهێزێکی جیهانییە ئەوی لەسەر پێ ڕاگرتوە؛ ئەگینا هیچ ڕەوایی و شەرعییەتێکی خەڵکیی نییە. ڕێژیمێک کە بە پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ناسراوە، ڕێژیمێک کە دەستی لە زۆربەی زۆری قەیران و بشێوییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، ڕێژیمێک کە دژی ماف و ئازادی و دێموکراسییە لە وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی دیکەی ژێرچەپۆکەی دیکتاتۆریدا. لایەنێکی سەرەکیی بەرامبەری ئێران لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە ئەمریکایە کە ئێران پێی وایە ناتوانێ پەل ببزێوێ و هیچ غەڵەتێک بکا، بەڵام با بزانین لە ئێستادا ئەمریکا چۆن لە بەرامبەر ئێراندا وەستاوەتەوە و چیی بەسەر هێناوە؟ ئەمریکا تا ئێستا سەبارەت بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ئێران لەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕێگەی دادگا و ناوەندە حقووقییەکانەوە دەستی بەسەر چەند میلیارد دۆلار لە پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێراندا داگرتوە. ئەمریکا لە گەڕێ نوێی گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێراندا سەتا 80ی ئابووریی ئێرانی خستووەتە ژێر گەمارۆکان و ئەو بەشانەی لە کەرت تایبەت و حکومەتیدا ئیفلیج کردوە. بەشی هەرە زۆری هەناردەی ئێران، چ هەناردەی نەوت _کە لە دوو میلیون و 600 هەزار بۆشکە نەوت ڕا بۆ کەمتر لە 300 هەزار بۆشکە دابەزیوە_ و چ هەناردەی غەیرە نەوتی سزای لەسەر داندراوە و بە لانیکەمی خۆی گەیشتوە. ئەمریکا لە تازەترین بڕیاردا 300 کۆمپانیا و کاربەدەست و لایەنی سەر بە خامنەیی و سپای پاسدارانی خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە، بەو حاڵەش دەڵێ لە گەمارۆ و زەختی لانی‌زۆرەکانی دژی ئێران بەردەوامە؛ ئەویش لە کاتێکدا کە چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئێران ئابووریی شتێکی ئەوتۆی بە بەرەوە نەماوە هەتا ئەمریکا گەمارۆی بخاتە سەر. بەڵام دواوێستگەی ئەم هەڵڵایە چ دەبێ؟ ئێران یان ئەم پێملی ئەم دەرزەن مەرجە (12 مەرجەکەیئەمریک  بۆ ئێرانی داناوە) دەبێ و لەسەر مێزی دانوستان کلک و گوێی دەکەن، یان بە ئابوورییەکی داڕماو بەرەوڕووی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان دەبێتەوە و بەوەش بەرەوڕووی گۆڕانی بنەڕەتی دەبێتەوە و ئەم ڕێژیمە نامێنێ کە ئێستا هەیە. ئەمەش دواچارەنووسی ڕێژیمە کە ئەمریکا بەسەریدا دەسەپێنێ. جا با هەر بڵێ ئەمریکا ناتوانێ هیچ غەڵەتێک بکا.....!!