کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی دیاریکردنی چارەنووس

07:01 - 10 پووشپەڕ 2719

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٩) مافی دیاریکردنی چارەنووس "دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران "دا، تا ئێستاش درووشمی سەرەکی و مێژوویی حیزبی دێموکراتە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەم حیزبە هەر دوای چەند مانگ لە دامەزرانی، قەوارەیەکی سیاسی و خۆبەڕێوەبەری بە ناوی "کۆماری کوردستان" دادەمەزرێنێ و بە بەرزکردنەوەی "ئاڵای کوردستان" و پێکهێنانی "سپای میللی"، بە کردوە پەیامی سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانی بڵاو دەکاتەوە!!. تێگەیشتن لەم بە ڕواڵەت پارادۆکسە لە تێفکرین و ڕیچارەی پرسی نەتەوەیی گەلی کورد، ناتوانێ ئاسان بێت. دامەزراندنی کۆمارێکی نەتەوەیی لە وڵاتێکدا کە لەوانەیە بە نیزامێکی سیاسیی زۆر جیاوازتر بەڕێوە بچێت، فورمولێکی تا ڕادەیەک ئاڵۆز دێتە بەرچاو. "دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵ‌"، کە دروشمی ستراتیژیکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانە، یەکێک لەو فورموولە سیاسی و ئیدارەیانەیە کە لێکدانەوەی پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە جۆری ڕوانینی ئەم حیزبەیە بۆ مەفهوومی "مافی دیاریکردنی چارەنووس". بە پێچەوانەی ئەو تێگەشتنە ڕواڵەتییەی کە لە پرسی سەربەخۆیی(استقلال) دەکرێ، "مافی دیاریکردنی چارەنووس" لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ئەوەیە کە کورد "بەڕاستی مافی دانانی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بێ". بۆیە ئەمە هیچ بەو مانایە نیە کە داوای جیابوونەوە لە وڵاتێکی وەک ئێران بکات. هەرچەند حیزبی دێموکرات حەقی سەربەخۆیی نەتەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو میللەتێکی زوڵمێکراو بە ڕوا دەزانێ. حیزبی دێموکرات لە دەلاقە و مەفهوومی "سەروەریی نەتەوەیی"یەوە پێناسەی "مافی دیاریکردنی چارەنووس" دەکات. بەو مانایە کە هەر شکڵێک لە ئیدارەی سیاسی، چ خودموختاری بێت چ فیدراڵی یان هەر شێوازێکی دیکە، بتوانێ مافی دانانی چارەنووس بۆ کورد دابین بکات، ئەو بە باشی دەزانێ و ئەم "خودموختار"بوونەی پێ جۆرێک لە سەروەریی نەتەوەیی‌یە. ئەم تێفکرینە لە "ماف" و "خۆسەروەربوون"ە ئەوەندەی گرینگی بە نێوەرۆک دەدات، کەمتر خولیای فۆڕم و ڕواڵەتە. بە واتایەکی روونتر؛ بە پێی ئەم ڕوانگەیە، بوونی هەرێمێکی ڕاستەقینەی خودموختار کە دانیشتوانی بتوانن ئازادانە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، زۆر باشترە لە قەوارەیەکی "سەربەخۆ" کە دانیشتوانی هیچ هەست بەوە نەکەن کە مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان هەیە. لە پێوەندی لە گەڵ ئەم ڕوانینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ "مافی دیاریکردنی چرەنووس"، شەهید دوکتور قاسملوو لە شێکردنەوەی درووشمی بنەرەتیی ئەو کاتی حیزب، (دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان)دا دەڵێ: "ئەگەر خودموختارییەکی ڕاستەقینەمان دەست کەوت بە مانەیەیە کە "مافی چارەنووس"، جێبەجێ کراوە. مەسەلە ئەوە نیە کە ئێمە نوێنەرێکمان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێ و ئاڵای تایبەتی و دراوی خۆمان هەبێ. هەر ئێستا زۆر میللەت ئەوانەیان هەیە – بەتایبەت لە ئافریقا کە پێشتر داگیرکرابوون و ئێستا ئازاد کراون – بەڵام هیچ هەست بەوە ناکەن مافی دانانی چارەنووسیان هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بوونی شکڵی ڕواڵەتیی سەربەخۆیی یان ئیستقلال، مانای ئەوە نیە کە میللەتەکە مافی دانانی چارەنووسی دەست کەوتبێ. عەکسی ئەوەش هەر ڕاستە." بە گشتی لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەوەیە کە "خەڵک هەست بەوە بکات کە حاکمە بەسەر چارەنووسی خۆی‌دا". `ئەمە تا ئێرە بەشێک لە ڕوانگە و تێفکرینی حیزبی دێموکرات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە "جێبەجێبوونی ئەو ئیدئالانەوە هەیە کە حیزبی دێموکرات لە شێوازی خودموختاری یان فیدرالیدا گەڵاڵەی کردوون و وەک بەرنامەی سیاسیی ئەم حیزبە فورموولە کراون. بەشێکی دیکەی ئەم تێفکرینە باوەڕ بە "ڕەوابوونی جیابوونەوەی میللەتانی زوڵمێکراو"ە لەو وڵاتانەی کە مافەکانیان تێدا زەوت دەکرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم پێوەندییەدا جیابوونەوە بە بڕیارێکی ڕەوا و مەشرووع دەزانێ. بەڵام کە دەگاتە سەر پرسی "جیابوونەوە"ی بەشەکانی کوردستان لەو دەوڵەتانەی کە بەسەریاندا دابەش کراون، پێی وایە چیدیکە "جیابوونەوە" هیچ مەفهوومێکی نامێنێ و ڕاشکاوانە باس لەوە دەکرێ کە ئەمە "یەکگرتنەوە"یە. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیشەوە؛ "مافی یەکگرتنەوە لە مافی جیابوونەوە زیاترە". ئەم تێگەیشتنە کە تێفکرینێکی بنەڕەتیی حیزبی دێموکرات بۆ پرسی نەتەوایەتیی کوردە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە مێژە پێی وایە؛ "کورستان یەک وڵاتە و کورد یەک نەتەوەیە". شەهید دوکتور قاسملوو لەم پێوەندییەدا دەڵێ؛ "مافی دانانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، یانی هەموو کوردستان نە لەیەک جودابوونەوەیە، بەڵکوو بە پێچەوانە، یەکگرتنەوەیە. پێکەوە یەکگرتن مافی جیابوونەوە نیە، مافی یەکگرتنەوەیە، جوودابوونەوە لە میللەتەکانی دیکەیە. لە واقع‌دا حەقی یەکگرتنەوە تەنانەت لە حەقی جودابوونەوە زیاترە. کەوابوو ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئەو حەقەمان هەیە کە ڕۆژێک یەک بگرینەوە، چونکە دابەشبوونی کوردستان، دابەشبوونێکی دەسکردە". #٢٢ی_پووشپەر_پێکەوە سمایل شەرەفی