کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی توندی ئەمریکا بەرانبەر ئێران

03:03 - 12 پووشپەڕ 2719

لەدوای ڕاگەیاندنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ بردنەسەرەوەی ڕادەی پیتاندنی یورانیۆم بەرپرسانی ئەمریکا ولەوانە سەرۆک‌کۆماری ئەو وڵاتە کاردانەوەی توندیان نیشان دا. تڕامپ لە یەکەم کاردانەوە و لە وڵامی هەواڵنێران لە کۆشکی سپیدا گوتی؛ پەیامێکم بۆ کۆماری ئیسلامی نییە ئەوان دەزانن چیدەکەن ،ئەوان دەزانن چ یارییەک دەکەن ،ئەوان یاری بە ئاگر دەکەن. هاوکات کۆشکی سپی ئێوارەی دووشەممە ١٠ی پووشپەڕ ڕایگەیاند ئێمە پێشتریش باسمان کردووە کە هیچ کات ئیزن بە ئێران نادەین دەستی بە چەکی ناوکی بگات. هەروەها لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە ئەمە لە سەرەتاوە هەڵە بوو کە لە ڕێکەوتنی بە ناو بەرجامدا ئیزنی پیتاندنی یورانیوم لەو ڕادەیەشدا دراوە نابێ بهێڵین ئێران یورانیومی لە هیچ ڕادەیەکدا هەبێت . کۆشکی سپی دیسان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گوشارەکان بەهێزتر دەکەین تا ڕژیمی ئێران ڕەفتاری خۆی دەگۆڕێ و واز لە کردەوە تیرۆریستییەکانی دەهێنێت . لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، جان بۆڵتن ڕاوێژکاری سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا گوتی : هیچ هۆکارێک بۆ بردنەسەرەوەی ڕادەی پیتاندنی یورانیوم لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە نییە بێجگە لەوەی کە دەیهەوێ دەستی بە چەکی ناوکی بگات . هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ،لە توویتێکدا نووسی کە ئیجازە بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم نادەین دەستی بە چەکی ناوکی بگات. وڵاتانی ئورووپایی لەوانەش بریتانیا هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە جارێکی دیکە گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لە سەر ئێران زیاد دەکرێن.