کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ وڵامی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دایەوە

02:01 - 14 پووشپەڕ 2719

دۆناڵد تڕامپ، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕ لە توویتێکدا سەبارەت بە ئێران نووسی" ئێران هەڕەشەیەکی تازەی کردووە ، ڕووحانی دەڵێ ئەگەر ڕێکەوتنمان لەگەڵ نەکرێ، هەرچەندە بۆمان بکرێت پەرە بە پیتاندنی یورانیۆم دەدەین ! ئەم هەڕەشانە دەتوانێ زیان بە ئێران بگەیەنێ ،بەچەشنێک کە تا ئێستا کەس زیانی وای پێنەگەیشتبێ" تویتی تڕامپ لە دژکردەوەی قسەکانی ڕووحانی دایە کە ڕۆژی چوارشەممە گوتبووی ،کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ١٦ پووشپەڕەوە واتە سێ ڕۆژی تر ئاستی پیتاندنی یورانیۆم تا ڕادەی پێویست زیاد دەکەین. سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا پێشتر لەو بابەتەوە ڕایگەیاندبوو کە هیچ پەیامێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نییە و ئێران خەریکە یاری بە ئاگر دەکات. هەروەها کۆشکی سپی و سێناتۆرەکان و بەرپرسانی ئەمریکاش، لەوانە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دژکردەوەی خۆیانیان نیشانداو پێداگرییان لە سەر زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران کردەوە و ڕایانگەیاند کە ئیزنی ئەوە بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی. جێی ئاماژەیە کە وڵاتانی ئورووپاییش لەوانە بریتانیا ،ئاڵمان و فەرانسە ،هۆشداریان داوە بەئێران لە هەمبەر زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یورانیۆم ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ خۆی لە شەڕ لە گەڵ دونیادا نزیکتر دەکاتەوە.