کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی نرخی کرێ خانوو لە ئێران

02:03 - 14 پووشپەڕ 2719

بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکانی ناوەندە ئامارییەکانی ئێران کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئامادە کراوە، لە شارەکانی ئێران زیاتر لە ٢میلیۆن و ٦٠٠هەزار خانوو خاڵییە و کەسی تێدا ناژی و ئێستا بڕی ٢٣٦ میلیۆن میتری چوار گۆشە لە خانووەکانی ئێران بێ کەڵکن. خەڵکی ئێران بەدوای زۆر بوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان و تێکچوونی دۆخی کۆمەڵگەی، زیاتر بێ کار و کاسبی بوونە و دەرەتانی وەدەست هێنانی نانیان نەماوە. کرێ خانوو لە ئێران لە ئاستێکی بەرزدا خۆی دەنوێنێ و خەڵکی کەم دەرەتانیش توانای بە کرێ گرتنی خانوویان نییە. پرسی بێکاری سەرەکیترین هۆکاری گران بوونی خانوو لە ئیرانە. شایانی باسە زۆربەی ئەو بنەماڵانەی کە توانای بەکرێ گرتنی خانوویان نییە دەبێ پەنا ببەنە نێو چادرەکان و لە دەرەوەی شارەکاندا بژین و هەر ئەوەش بووەتە هۆی دا‌هێنانێکی نوێ بە ناوی ''چادر نشینی'' لە کۆمەڵگەی ئێران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئەو ڕووداوانەدا بێ دەنگ و دەستەوەستاو دادەنیشن و قەت لە فیکری ئەوەدا نین کە دۆخی کۆمەڵگە و تەنانەت دۆخی ژیانی خەڵكیش چۆنە. لە ڕۆژانی پێشوودا نوێنەری شاری کرماشان لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیدا باسی لەوە کردبوو کە لە شارێکی وەکوو کرماشان کە وەکوو شارەکانی تاران و ئیسفەهان گەورە نییە ، ڕادەی بێکاری هاوار دەکا و چادر نشینی بووەتە باو. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە کردبوو کە خەڵک لەبەر گرانی و نەبوونی داهاتی پێویست خانوو بە کرێ ناگرن.