کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماتەمینی "تاهیر دادیلی" لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات

02:15 - 14 پووشپەڕ 2719

پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٣ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەڕچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب، ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی تاهێر دادیلی ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمە‌دا بەشداربووان لە نزیکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیانیان ئاراستەی کەسوکاری تاهێردادیلی کرد و خۆیان بە هاوخەمی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە زانی. لە درێژەی ئەو ڕێورەسمەدا بەڕێز کاک عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بنەماڵەی دادیلی و ئەو خزمەتەی بە حیزبی دێموکراتیان کردوە بۆ ئامادەبووان قسەی کرد. بەڕێزیان بە ئاوردانەوەیەک لە تێکۆشان و فیداکاریی ئەو بنەماڵەیە لە پێناو بزووتنەوەی کورد و سەرخستنی حیزبی دێموکرات، بە نوێنەرایەتیی دەفتەری سیاسی و سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بەو بنەماڵە دێموکراتدۆست و وەفادارە کرد. تاهیر دادیلی لاوی دێموکرات و لە دایک‌بووی بنەماڵەیەکی شۆڕشگیڕ بوو. تەها دادیلی باوکی "تاهیر دادیلی"یە لە تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها باپیریشی کادر و شەهیدی حیزبی دێموکرات بووە. دادە ئامینە دایکی ئەو لاوە جوانەمەرگەش، لە ژنە هەڵسووڕ و تێکۆشەری دێموکراتەو دوو برای شەهید حیزبی دێموکراتن. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی تاهیر دادیلی ئەندامی هەڵسووڕی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە ناوچەی دهۆک گیانی لە دەستدا.