کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵ و گەشە    

03:40 - 15 پووشپەڕ 2719

بێگومان گرینگترین دەورانی ژیانی مرۆڤ کاتیی مناڵییە. کەسێتی مرۆڤ لەم سەردەمەدا خۆیا دەبێ و پەرە دەگرێ. دیارە ئەو بیرۆکەیە لە نێو دەروونناسەکان پەسند کراوە کە کاتی پەروەردەی کەسێتی مناڵ لە ساڵەکانی پێش چوونە قوتابخانە واتا دوو هەتا شەش ساڵی لە باشترین قۆناغی خۆی دایە. کەسێتی مرۆڤ بە پێی کۆمەڵگە دەردەکەوێ کە لاڕێ دەڕوا یان ڕێزی لە یاسای بنچینیەکانی کۆمەڵگە گرتووە و لە ئاست داب و نەریتی کۆمەڵگە کەسێتی شیاوی لێ دەردەکەوێ.   چ شێوازێک بۆ پەروەردە کردنی مناڵ بە کەسێتییەکی شیاو و گونجاو لە کۆمەڵگە دا پێویستە؟ کەسێتی و بەرهەمی مناڵ وەکوو مۆم وایە چۆن هەوڵی بۆ بدەی و بیپارێزی بەو شێوازەش دەردەکەوێ. بە داخەوە دیارە زۆربەی دایک و باوکان کە باس لە پەروەردەی مناڵ دەکرێ وا بیر دەکەنەوە، مناڵ پێداویستییەکانی سەرەتایی وەکوو سەرپەنا، جلووبەرگ، خواردەمەنی و هێندێ جاریش دڵسۆزی و دڵۆڤانی هەبێ ئەوە باشترین پەروەردەی بۆ دەستەبەر کراوە و چاوەڕوانی داهاتوویەکی گونجاویشی بۆ دەکەن. لە ڕاستی دا مناڵ تەنیا پێداویستییەکانی جەستەیی و سەرەتایی پێویست نییە بەڵکوو ئەوە ڕوحە دەبێ گەشە بکا و قۆناخ بە قۆناخ خۆی ببینێتەوە و لەگەڵ خۆی نامۆ نەمێنێ. ڕوح چۆن گەشە ئەکا و بە ئاستێک لە پەروەردە دەگا کە شیاوی خۆی و بەختەوەری مناڵ لە داهاتوو دا پێکبێنێ؟ گەشە لە مناڵ دا ڕەوەندێکی فرە ڕەهەندییە.وەکوو گەشەی جەستە گەشەی زمان گەشەی ویژدانی توانایی مێشکی و گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی و کەسێتی. کەواتە بۆ پەروەردەی مناڵ دەبێ هەموو ئەو ڕەهەندانە لەبەر چاو بگیرێن و هەوڵی بۆ بدرێ کە قۆناخی خۆی بە باشترین شێوە تێپەڕ بکا. ئەوهایە کە دایک و باوکان ئەرکێکی زۆر قورسیان لە سەر شانە و پەروەردە کردنی مناڵ هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆری دەوێ. ئەگەر هەڵسوکەوتێکی ناشیاو لە مناڵ ڕوو بدات و ئەو هەڵسوکەوتە نەشیاوە بەر لە گەیشتنی مناڵ بە تەمەنی قوتابخانە چارەسەر نەکرێ، ئەوە بۆ داهاتوو چارەسەری دەگاتە ئاستی تەنگانە و بە پێچەوانەی ویستی دایک و باوک ئەو هەڵسوکەوتە دەبێتە بەشێک لە کەسێتی مناڵ. کەواتە دەبێ بە ڕێگای خۆی و بە ڕوانینێکی دەروونناسانە هەوڵی چارەسەری بۆ بدرێ. هەر دایک و باوکێک بۆ پەروەردەیەکی باش دەبێ زانیارییان لەسەر بابەتەکانی دەروونناسی هەبێ و مناڵ و ڕوحی مناڵ بە باشی بناسن. زانیاری لەو ئاستەدا کە کاتێک مناڵ بەکەیفە یان شڵەژاوە یان پڕ قاووقیژە چۆنی دەگەڵ بدوێن.هونەری دواندن نەک هەر لە کێشەی پەروەردەی مناڵ دا کاریگەرە بەڵکوو لێزانین لەو بابەتە پێش لە وەدیهاتنی زۆربەی کێشەکانی مرۆڤ دەگرێ. بە بووچوونێکی تر ئاوێنەی ڕەوشتی مناڵ هەڵسوکەوتی دایک و باوک یان بە گشتی بەتەمەنترێک لە خۆیەتی کە دەگەڵی دەژیت یان ئاموشۆی دەکات. بۆ ئەوەی کە پەروەردەی مناڵ تووشی زیان نەبێت و بە هۆی ئەوەی کە مێشکی مناڵ وەکوو وەرگرێکی بەهێز وایە ئەوە هەڵەیە لەبەر دەمی مناڵ ناهۆشیارانە بدوێی و هەڵسووکەوت بکەی و تەنانەت بیریش بکەیەوە! بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەدا کە شێوازی ژیان گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە و بۆشایی لەسەر پەیوەندییەکان و پێکەوە ژیان دیارە، پەروەردەکردنی مناڵیش ئەستەمتر ئەبێت و گەشەی ڕوح تووشی کێشە هاتووە. چونکە دایک و باوک بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەیە بەردەوام ڕۆڵ ئەگێڕن کە دوو مرۆڤی بەختەوەر و لەیەک نزیکن  بەڵام ئەوە ڕوونە کە پەیوەندییەکان وەکوو پێشوو نەماون و بەشێکی زۆر لە کاتی زۆربەی خەڵک و هاوژینەکان دەگەڵ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئەنتەرنێت تێپەڕ دەبێ. ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی هاوبەش و پەروەردەی مناڵ هەیە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کە ئەو نزیک بوونە کە مناڵ دەیبینێ تا چ ڕادەیەک ڕاستەقینە و سروشتییه؟چونکە مناڵ لە ناسروشتی بوونی ئەو ڕەفتارە بە زووترین کات تێدەگا و وەری دەگرێ. بۆی هەیە پەروەردەبوونی مناڵ لە چوارچێویەکی ئەم جۆرەدا کاریگەری لەسەر داخراو بوونی کەسێتی بکاو و لە داهاتوو دا کەسێکی تەنیایی پەسەند و داخراوی لێ دەرکەوێ. هەروەها ئەزموون نیشانی داوە ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی دەبن زۆربەیان کەسێتییەکی داخراویان هەبووە. ئێستا کە زیاتر لە 350میلیۆن کەس لە ئاستی جیهان دا تووشی خەمۆکی بوونە نەک هەموو بەڵام هۆکاری تووش بوونی زۆربەیان دەگەڕێتەوە سەر چۆنییەتی پەروەردەی مناڵ لە خێزان دا. مناڵ دەبێ بۆ کۆمەڵگە پەروەردە بکردرێ نەک بۆ چوارچێوەیەکی بچووک وەکوو خێزان، ئەم جۆرەیە کە مناڵ لە ئەنتەرنێت و دونیای کۆمپیوتێری دا نووقم دەبێ و پەیوەندی بە دونیای واقعی و دەرەوە نامێنێ، ئیتر چی دەتوانین بڵێین کە ئاوێنەی ڕەوشتی مناڵ هەڵسووکەوتی وێنەکانە!   چەند خاڵێک کە یارمەتیدەری دایک و باوکان لەسەر پەروەردە و گەشەی شیاوی مناڵە بریتین لە:   1: ژینگەی گونجاو و کراوە بۆ یاری کردن مناڵ دەبێ شادمانی و بزۆکی پێیەوە دیار بێت. جوڵەی هەبێ و تواناییەکانی خۆی تاقی کاتەوە و پلە بە پلە لەسەر ئەو تواناییانە باوەڕ بەخۆی بدۆزێتەوە.ئەوەش لە ژینگەیەکی داخراو و بێ ڕوح کە باسمان کرد جگە لە ئەنتەرنێت و یاری کۆمپیوتێری چیتر دەست ناکەوێ و سەرقاڵ کردنی مناڵ به شێوازێکی باش دەستەبەر نابێ. کەواتە سەردانی مناڵ بۆ شاری یاری و پارک و هەروەها ناردنی مناڵ بۆ باخچەی ساوایان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر خۆ دەرخستن و چالاک بوونی داهاتووی لە کۆمەڵگەدا. ئەزموون نیشانی داوە ئەو مناڵانەی کە لە باخچەی ساوایان بەشدار دەبن لە داهاتوو دا لە هاوسەنگی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان کە دەرفەتی بەشداربوونیان لەو شوێنانە دا نەبووە بڕوایەکی پتەوتریان بە خۆ هەیە و باشتر دەتوانن لە کۆمەڵگەدا دەرکەون و مافی خۆیان بپارێزن. "ژان پیاژە" دەروونناسی ناسراوی گەشە کە زۆربەی توێژینەوەکانی لە سەر مناڵ بووە بڕوای وایە کە لە ڕەوەنی گەشە دا مناڵ خۆی ڕۆڵی تایبەتی هەیە و ئەکتیڤە.زانست خوازە و دەیهەوێ بە هەڵسوکەوتی خۆی کاریگەری لەسەر ژینگە دابنێ و پشکنین بکات .بۆیە زۆر جار بێ ئەوەی کە خۆشی تێبگات لە ڕەوەندی ئەو خولیاییە و پشکنینە دا تووشی کاریگەری ژینگە لەسەر خۆی دەبێت. کەواتە دەبێ سوودمەند لەو ئەکتیڤ بوونە و زانست خوازییە کەڵک وەربگیرێ و ڕێنوێنی بۆ بکردرێ و ژینگەی گەشەی مناڵ وا دەستەبەر کردرێ کە لە ڕەوەنی خولیا فێر بوون و بە گشتی ڕەوتی گەشە دا کاریگەری  نێگەتیڤی لەسەر کەسێتی مناڵ دانەنێت.   2: تێگەیشتنی دایک و باوک بە پێی تەمەن لە مناڵ تێگەیشتن لە هەڵسوکەوت و خوڵقی مناڵ لە گرینگترین خاڵەکانی پەروەردەیە کە بۆ ناسینی تواناییەکانی مناڵ دایکان و باوکان دەبێ لە مناڵ و ئەوەی لە مێشکی دا ئەگوزەرێ تێبگەن و بە پێی ویستە ڕەواکان بۆ دەڕخستنی توانایی و ئارەزوومەندییەکانی هەوڵ بدەن کە چێژ لە ژینگە و ئەزموون وەر بگرێ.   3: هەڵبژاردەی شێوازێکی گونجاو لە سنووردانان و دڵسۆزی کردن واتا پێدانی ئازادی و مەنع کردن بۆ مناڵ چوار شێوازی هەڵسوکەوت لەسەر پێدانی ئازادی و مەنع کردن بۆ مناڵ بوونی هەیە کە دەبێ گونجاوترین شێوە بە پێی ڕەفتاری مناڵ بۆ پەروەردە هەڵبژاردە بکردرێ. ئەو چوار شێوەیە بریتین لە: ئا:سنوور دانانێکی کەم بۆ مناڵ  لەگەڵ دڵسۆزییەکی کەم. ب:سنوور دانانێکی زۆر بۆ مناڵ لەگەڵ دڵسۆزییەکی کەم. پ:سنوور دانانێکی کەم بۆ مناڵ لەگەڵ دڵسۆزییەکی زۆر. ت.سنوور دانانێکی زۆر بۆ مناڵ لەگەڵ دڵسۆزییەکی زۆر. مەبەست لە گونجاوترین شێوە ئەوەیە کە دایکان و باوکان بە پێی بارودۆخ شێوەیەکی گونجاو هەڵبژاردە بکەن بۆ مەنع کردن لە خوڵقێک یان پێدانی ئازادی بۆ ئەنجام دانی ئەو خوڵقە نەک ئەوەی کە وشک و سەرسەخت بەردەوام یەک شێوە بە کار بهێنن و هەڵوێست و بیروڕای خۆیان لەسەر ڕەوشتی جۆراوجۆری مناڵ ئاڵوگۆڕ نەکەن.کەواتە باشترین شێوە پێکهاتەیەک لە هەموو شێوەکانی.   4: بن بڕ کردنی توندوتیژی بە داخەوە بەشێک لە دایکان و باوکان بۆ پەروەردە و تێگەیاندنی مناڵ لە توند و تیژی و لێدان کەڵک وەردەگرن بێ ئەوەی کە بزانن ئەوە ڕەنگدانەوەی پێچەوانەی لەسەر هەڵسوکەوتی مناڵ هەیە.دەبێ باش بزانین کە توند و تیژی هەڵسوکەوتی ناشیاو لە مناڵ دا لە بەین نابا بەڵکو تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئەو هەڵسوکەوتە ناشیاوە دادەمرکێنێ و هەر کات دەرفەت بە پیت بزانێ دووبارە سەرهەڵ ئەدا و تەنانەت بە قووەتتریش دەردەکەوێ.کەواتە نابێ توندوتیژی لە ئاست مناڵ بە کار بهێنین.   5: بایەخدانان بۆ ڕای مناڵ مناڵ هەست بە ئەوە ئەکات کە چەندە سەربەخۆیە یان چەندە دایک و باوکی بڕیاری بۆ دەر ئەکەن. لە هەر کات دا بە پێی تەمەن دەبێ سەربەخۆیی مناڵ بپارێزین و ڕێزی لێبگرین.چۆنییەتی دەرکەوتنی مناڵ لە داهاتوو دا لە چوارچێوەی کۆمەڵگە پەیوەندی بە چۆنییەتی سەربەخۆیی لە چێوەی خێزان دا هەیە.مناڵێک کە ڕێگای ئەوەی پێنەدرێ کارەکانی خۆی بۆخۆی بە ئەنجام بگەیێنێ یان لە چێوەی خێزان دا دەر نەکەوێ وهەروەها دەرفەتی قسە کردنی پێ نەدرێ ئەوە بۆ داهاتوو ناتوانێ لە چێوەی کۆمەڵگەدا بە باشی دەرکەوێت و سەربەخۆ بێت.بۆ نموونە مناڵێکی سێ ساڵە ئەبێ دەرفەتی ئەزموونی ئەوەی پێ بدرێ کە بۆخۆی جل و بەرگ هەڵبژێرێ و هەروەها بۆخۆی لەبەری  بکات. کەواتە ئەرکی دایک و باوک پێشان دانی شێوازی دروستی کارەکانە نەک ئەنجامیان لەبری مناڵ.   لە کۆتایی دا دەبێ سەرنج بخەینە سەر ئەو بابەتە کە مناڵی ئێستا بە هۆی گۆڕانکارییەک کە بە سەر چۆنییەتی ژیان دا هاتووە لەگەڵ مناڵانی ڕابردوو واتا سەردەمی مناڵی دایک و باوکان جیاوازیان هەیە.کەواتە دایکان و باوکان نابێ چاوەڕوانی ئەوە بن کە مناڵ جۆرێک پەروەردە بکەن کە لە ڕابردوو دا خۆیان پەروەردە بوونە.لە ڕاستی دا ئەوە دوو دونیای لەیەک جیاوازن.هەڵبژاردەی ئەو سیستمە بۆ پەروەردەی مناڵ ڕەنگدانەوەی باشی نییە و هەر وەها دوور کەوتنەوە لە یەک و تێنەگەیشتنی بە دوا دایە.ئەوە بابەتێکی سەلمێندراوە کە مناڵ توانایی چوونە ناو دونیای دایک و باوکی نییە و بەڵکو ئەوە دایکو و باوکە کە دەبێ ئەوەندە لە مناڵ نزیک ببنەوە کە سنووری دونیای خۆیان بشکێنن و کراوە تر بیر لە پەروەردە بکەنەوە.ئەو کات دەتوانن شێوازێکی باش لە پەروەردە بە کار بهێنن کە ڕەزامەندی دوو لایەنەی لێ وەدێ بێت. بۆ مناڵ باشترین شێواز ئەوەیە کە لە ڕووی پەروەردەییەوە بایەخێکی زۆری پێبدرێ و بە باشترین شێوە مناڵەکان بۆ داهاتوو ڕابهێندرێن چون بناغەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و ژیر، پەروەردە و ڕاهێنانێکی پتەوە.