کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەڕێکی بریندار پاش ٤ ڕۆژ گیانی لەدەستدا

01:10 - 16 پووشپەڕ 2719

کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان ، بە دەستی چەکدارانی رێژیم بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو ڕۆژ نییە کۆڵبەڕیکی کورد نەبێتە قوربانی. بەپێی نوێترین هەواڵ لە پێوەندیە‌دا ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێکی بریندار خەڵکی ناوچەی پیرانشار بە هۆی سەختی برینەکانییەوە پاش ٤ ڕۆژ ململانێ لە گەڵ مەرگ، لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ورمێ گیانی لەدەست‌دا. یوونس ئاڵتۆن خەڵکی ئاوایی "نمنجێ" ی پیرانشار ناوی ئەو کۆڵبەرەیە کە ڕۆژی ١٠ پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی لە ”کانی‌ناخۆشە" تەقەی لێ‌کراو، دوای برینداربوونی ڕەوانەی نخۆشخانەیەک لە شاری ورمێ کرا. ناوبراو دوای ٤ ڕۆژ بەهۆی کاریی‌بوونی برینەکانی ڕۆژی هەێنی ١٤ی پوشپەڕ گیانی‌لەدەست‌دا. شایانی باسە بە پێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.