کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوە لە ژینگەی ناوچەی سنە

01:12 - 16 پووشپەڕ 2719

بۆ جارێکی دیکە بەشێک لە جەستەی سەوزی ئاویەری سنە لە ئاگردا سووتا. ئەمساڵ دوای چەندین جار ئاور تێبەر بوون لە ژینگە و دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەناوچوونی سەدان جۆری گژ و گیا و گیانلەبەر و سووتانی هەزاران هێکتار لە مووچە و مەزرای خەڵک، بۆ سێهەمین جار لە کێوی "ئاویەر"ی شاری سنە ئاورکەوتەوە و، بەهۆی زۆربوونی تینی ئاورەکە، ڕێگای سنە بەرەو شارەدێی "حەسەناوا" سووتا و بوو بەهۆی خەسارێکی گەورەی بە ژینگەی ئەو ناوچە گەیاند. هەواڵنێری "کوردستان وکورد" لە شاری سنە ڕایگەیاند ؛کە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕ بەدوای ئاور کەوتنەوە لە کێوی ئاویەر، لە هەڵمەتێکی ژینگە پارێزیدا، چالاکان و هۆگرانی ژینگە و خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاورەکەیان کوژاندەوە. شایانی باسە ئەمساڵ ئاورکەوتنەوەکان لە ژینگەکانی کوردستان زۆر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بووە و چەندین جار لە شارەکانی سنە، مەریوان، کامیاران، پاوە، جوانڕۆ،ئیلام، شنۆ، پیرانشار و گوندەکانی ئەو شارانە بووە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە دەوروبەری زەریاچەی زرێبار بۆ جارێکی دیکە لە ماوەیەکی ڕابردوودا بەشێکی زۆری لێ‌سووتا. پێویستە بگوترێ کە چالاکان و ژینگەپارێزان و خەڵکی دانیشتووی ناوچەکان چەندین جار داوایان لە بەرپرسان و کاربەدەستان کردوە کە لە کاتی ئاور کەوتنەوەدا هێزەکانی ئاورکوژێنەوە بۆ یارمەتیی خەڵک بنێرن و هاوکاریان بکەن. بەڵام بەداخەوە هیچ هاوکاری و یارمەتییەکیان پێ‌نەگەیشتووە. هەروەها بە پێی هەواڵێکی دیکە شەوی ڕابردوو ١٤ پووشپەڕ بەشێک لە لەوەڕگەو سروشتی ئاواییەکانی مارنج و مووژژ و پەنێران لە ناوچەی کامیاران لە ئاگرێکی گوماناوییدا سووتا و بە ماندووبوونی خەڵکانی خۆڕسک پاش چەند کاتژمێر ئاگرەکە دامرکا.