کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چوارەمین فستیڤاڵی گیلاس لە شاری شنۆ

01:24 - 16 پووشپەڕ 2719

لە شاری شنۆ کە بە پایتەختی گیلاس لە ئێران ناسراوە ، چوارەمین فستیڤاڵی وەرزی و کەلتووری گیلاس بە شێوەی جوان و ڕازاوە بەڕێوەچوو. ئەو فستیڤاڵە کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری شنۆ بەڕێوەچوو، لە لایەن خەڵکی کورد و گەشتیارانەوە بە گەرمی پێشوازی لێ‌کرا. لەو فستیڤاڵە کە لە کووچەباخی شنۆ بەڕێوەچوو، جیا لە پێشاندانی بەروبوومی کشت وکاڵی ناوچەی شنۆ کە بەرچاوترینی گیلاسە، کۆمەڵێک بڕگەو بابەتی فەرهەنگی و کەلتووری بەڕێوەچوو کە بریتی بوون لە؛ خوێندنەوەی شیعر و وتاری کوردی و فارسی لە پێوەندی لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی کوردستان و بەتایبەتی سروشت و ژینگەی شاری شنۆ. نواندنی چەند تابلۆی جوان لە هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی، بڕگەیەکی دیکەی ئەو فستیڤاڵە بوو. لە درێژەی ئەو فستیڤاڵەدا چەند بابەتی زانستی و فەرهەنگیش خوێندرانەوە. لە تەنیشت ئەو فستیڤاڵە زیاتر لە ١٥ ژووری تایبەت بە هونەری دەسچنی و پێشاندانی بەرهەمە دەستییەکان بۆ ژنانی بەشداربوو کرایەوە. شیاوی باسە فستیڤاڵە کەلتوورییەکان کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن، لەسەر ناساندنی فەرهەنگ و کەلتووری کوردەواری و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتتیاران و گەشەی ئابووری ناوچەکانی کوردستان کاریگەریی باشی داناوە.