کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چ شتێک دوژمنایەتیی ئەمریکای کردووەتە ئەرکی سەر شانی کۆماری ئیسلامی؟

02:04 - 16 پووشپەڕ 2719

شۆڕشی گەلانی ئێران لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخدا ڕووی دا و، سەرکەوتنی ئیسلامییەکانی بەدواوە بوو. لەو سەروبەندەدا شەڕی سارد گەیشتبووە لووتکە و ئەگەری شەڕ و تێکهەڵچوونەکان بەرەبەرە ڕوو لە زیادبوون بوو. دابەشبوونی بەشێکی هەرە زۆری جیهان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە دوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، کاریگەری لەسەر زۆرینەی ڕووداوەکانی ڕۆژ لە چوارسووچی دنیا دانابوو؛ بەشێوەیەک کە هەر چەشنە هەنگاو هەڵێنانەوەیەک بەبێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی و ئاکامەکانی پێوەندیدار بەم دوو بەرەیەوە کارێکی پڕمەترسی بوو. ڕاستە کە ئێران بەپێی هەڵکەوتەی شازی ژێئۆپۆلیتیکەوە نێچیرێکی پڕباش بوو بۆ وڵاتانی زلهێز چ پێش لە شەڕی یەکەم و دووەمەوە و چ دواتریش، کە لە مێژوویەکی نادووردا ڕووسەکان توانیبوویان بەشگەلێک لە ئێران بۆخۆیان بپچڕن؛ بەڵام برینی دەستێوەردانی ئەمریکا لە سەردەمی دەسەڵاتداری پەهلەویدا ئازاری لەدەستدانی ئەو بەشانەی لەسەر نەخشەی ئێران لەبیر بردبۆوە. بەندبوونی لە ڕادە بەدەری دەسەڵاتی پاشایەتی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و گەڵاڵەی کاپیتۆلاسیۆن و ... لەو ڕووداوانە بوون کە هەموو خەڵکی ناڕازی لە ڕێژیمی پاشایەتیی دەبردە خانەی دوژمنایەتیی ئەمریکا لەو سەردەمەدا. ڕۆڵ و کارگێڕیی چەپەکان لە ئێران و دوژمنایەتییان لەگەڵ ئەمریکا وەک هێمای ئێمپریالیزمی جیهانی و هەروەتر بەرەی میللیی پاشماوەی دوکتور موسەدیق و زامداری کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و، دوژمنایەتیی ئیسلامییەکان لەگەڵ کولتووری هاوردەی ئەمریکایی و بە مەترسی زانینی ئەم دیاردەیە؛ بوونە هۆی ئەوەی یەکێک لە گرینگترین دروشم و ڕەوتەکانی شۆڕش لەسەر بنەمای دژایەتی کردن لەگەڵ ئەمریکا دابمەزرێ. لەم پێوەندییەدا لایەنگریی یەکیەتیی سۆڤیەت لە شۆڕشگێڕان و هەروەها بوونی ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە ناوچەدا و لە وڵاتی ئەفغانستان، ئەم هەلەی ڕەخساند کە دەوڵەتی ئەمریکا بەقەد شای ئێران بێزراو بێ لەبەر چاوی خەڵکی ناڕازی؛ بۆیە هەر بەم مەبەستە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو پێویستی بە خۆنواندنێکی کردەییانە بوو بۆ ئەوەی سەرنجی نەیارانی ئەمریکا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تاران و لەلایەن خوێندکارانی شوێنکەوتووی خومەینییەوە، خاڵێکی وەرسووڕانی جیدییە لە مێژووی ڕووبەڕوو بوونەوەکانی ئەم دوو وڵاتەدا کە بە بیانووی ڕادەستکردنەوەی شای ڕاونراوی ئێران بەڕێوە چوو. بەم کردەوەیە کۆماری ئیسلامی پەیامێکی بە یاران و نەیارانی خۆی دا کە بەپێی پێویست و بەمەبەستی جێگیربوونی دەسەڵاتەکەی هەتا ڕادەیەکی زۆر پراگماتیستە و تەنانەت لە دەستەوئێخە بوونی لەگەڵ گەورەترین زلهێزی جیهانیشدا ناپرینگێتەوە. کیانووری، ڕێبەری حیزبی توودە لە کاتی دەسبەسەردا گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکای وەک مێلۆدییەکی خۆشی سروودێک پێناسە کرد کە بە دەردی خۆی پتر لە ٥٠ ساڵە چاوەڕێی بیستنی ئەم سروودە دەکرێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ئەم شێوە کردارە ڕادیکاڵانەی لە ساڵانی دواتریشدا بە تێرۆری دژبەرانی سەرەکیی خۆی لە وڵاتانی دەرەوە درێژە پێدا و؛ کارتی زەختی مەترسیی تێرۆریزمی لە نێویاندا وەک هەڕەشەیەکی گەورە بڵاو کردەوە. بە دەست پێکردنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و درێژبوونەوەی ئەم شەڕە شەکەتکەرە، گرژیی نێوان ئێران لە لایەک و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە سەروویانەوە ئەمریکا، چووە قۆناغێکی نوێترەوە. هەرچەندە جێگای ئاماژەیە بەپێی بەڵگە ئاشکرا کراوەکان ئێران لایەنی معامەلەی چەکوچۆڵ لەگەڵ چەند وڵاتی ڕۆژاواییدا بووە! بەدرێژایی ئەم ساڵانە شەڕ و ئاڵۆزی لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە وەک بەرەکەتێک سەیر کراوە. کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ڕەوتی دووڕوخساریی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی خۆی، بە هاتنە سەرکاری خاتەمی سەرۆککۆماری بەناو ڕێفۆرمیست و هەڵگری دروشمی ڕازاوەی «گفتگوی تمدن‌ها»، ڕاستەوخۆ ئەم پەیامەی بە بیل کلینتۆن، سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا کە گەمارۆی ئابووری خستبووە سەر ئێران دا، کە ئێمە لە ڕووداوی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا زۆر بەداخین،. دیارە ئەگەرچی ئەم پەیامە لەلایەن کلینتۆنەوە بێوڵام ماوەیە، بەڵام لە نێوخۆی وڵات کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی بەدواوە بوو و لە درێژەی نواندنی ڕوخساری شۆڕشگێڕانەی! تاقمی خەمخۆری شۆڕش و دەسکەوتەکانی، لەبەر باڵوێزخانەی پێشووی ئەمریکا خۆپیشاندانێکی بەربەرین پێک هێندرا و جارێکی دیکە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ شەیتانی گەورە داوا کرا و، ئەم ڕۆژە وەکوو لاپەڕەیەکی زێڕین لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیدا ئاوڕی لێ درایەوە. ئەم پەیامە پێش لەوەی بەردەنگەکەی ئەمریکا بێ، سەرکۆماری ئێرانی کردبووە ئامانج کە ئەویش پەیامی خۆی وەرگرت و لە یەکەم دەرفەتەکاندا لە لێدوانێکدا توندترین گلەیی و گازندەکانی خۆی لە سیاسەتی «ظالمانە»ی ئەمریکا دەربڕی. هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ ئەم سیاسەتانە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێ، بەڵام پرسیار ئەمەیە کە، ئەم سیاسەتە بۆ بەڕێوە دەچێ؟ کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کە مانەوەی لەسەر دەسەڵاتدا گرێدراوی ئاڵۆزی و هەناردە کردنی بشێوییە بۆ وڵاتانی دیکە، بەو مەبەستەی کە بۆخۆی دوڕگەیەکی ئارام پێک بێنێ و خەڵک لە «بەسووریەیی بوون» بترسێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا عەلی خامنەیی ساڵانێکە بە ئاشکرا لە هەوڵی پێکهێنانی «تمدن نوین اسلامی»دایە و مەرجی گەیشتن بەم مەبەستەش نەکشانەوە لە داخواز و ویستەکانیەتی. هەر بۆیەش مەرجەکانی پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دانووستان قەبووڵ ناکا. چونکوو عەلی خامنەیی لەو بڕوایەدایە کە ئەوەی کە ئەمریکا باسی دەکا، خاڵە بەهێزەکانی ئەوانە، یەک لەو خاڵە بەهێزانەش کشانەوەی ئێران لە سووریە و دەسوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دەوروبەرە. سیاسەتی خامنەیی «خوا و خورما»یە؛ دەیهەوێ نە وتووێژ بکا و نە شەڕیش و بەدڵی خۆیشی ئەسپی هەوسارپچڕاوی زێدەخوازییەکەی لە حەوشەی دراوسێکانیدا تاو بدا. جا بۆیە درێژە دان بەم دۆخە هەنووکەییە، چاوەڕوان مانەوە هەتا هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئەمریکا دەخوازێ. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ بە ڕەچاو کردنی ئەم سیاسەتانە دەستی ناوەتە بینەقاقای کۆماری ئیسلامی و وێناچێ بە سانایی لێی ببوورێ، بێجگە لەوەش خەڵکی ئێرانیش ناڕەزایەتیی تەواوی خۆیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بە ڕاشکاوییەکی زۆرەوە دەربڕیوە. پرسیاری دووەم ئەمەیە کە لەم نێوەدا و لە ئاکامی دوژمنایەتی و بەربەرەکانیی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا، چ لایەن و چ کەسانێک بە بەرژەوەندیی خۆیان دەگەن؟ هەموو وڵاتانی دیکتاتۆری لە مێژوودا پێویستییەکی زۆریان بە دوژمن یان دوژمن‌سازی هەبووە، بۆ ئەوەی کە بنوێندرێ حکوومەت ئەرکی پاراستنی خەڵکی لە مەترسیی دوژمن لە ئەستۆدایە. خۆ بەهێز نواندن لە پێش چاوی خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان لە سەرووی ئەوەوە کە دوژمن تۆقێن بێ، ترسێنەری خەڵکە. کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات سامانی وڵاتی تەرخانی چەکوچۆڵ و ئاژاوەگێڕی کردوە و خەڵکی ئێران هان دەدا لە ڕێگای زێدەخوازییەکانیدا گیانی خۆیان لەسەر دەست دانێن. بەڵام لە چل ساڵەی زاڵبوونی بەسەر ئەم وڵاتەدا پتر لە پێشووتر دەستی لەلایەن خەڵکەوە خوێندراوەتەوە. خەڵک سەرەڕای هەژاری و دەسکورتی و گرانییەکانی بەردەمیان لە حەولی دابینکردنی ژیانێکی خۆشبژیوانە بۆ بنەماڵەکانیان دان. ئەم ئاواتەش بە نەمانی ڕێژیم وەدی دێ؛ ڕێژیمێک کە لەو ئاڵۆزییانەی کە بۆخۆی پێکی هێناون هەلی سەرکوتی خەڵک و بەتاڵان بردنی سامانەکەیانی قۆستووەتەوە. لەم کایەدا ئەوە دیسان سەری خەڵکە کە بێ کڵاو ماوەتەوە. بەڵام ئەم هاوکێشانە بەهۆی فشاری نێوخۆ و هاوکات دەرەکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران بەرەو یەکلابوونەوە هەنگاو دەنێ و، لێرەشدا زەرەرمەندی سەرەکیی هەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامییە لە داهاتوویەکی نیزیکدا. ئیرادەی دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا جیدییە و هەر دوو لایەن لانی ‌زۆری ویستەکانی خۆیان لەبەرچاوە و دەبێ لایەنێک دەست بکێشێتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ئەو لایەنە بێگومان دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ نابێ؛ چونکوو گرینگترین ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی خۆی بەچۆکدا هێنان و پاشەکشێ کردن بە کۆماری ئیسلامی دیاری کردبوو و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە دیسانەوە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش خۆی کاندید کردوەتەوە؛ بۆ ڕای گشتیش بووبێ دەبێ ئەم کێشانە یەکلا بکاتەوە. خۆ ئەگەر هیچکام لە لایەنەکانیش پاشەکشێ نەکەن ئەگەری ڕوودانی شەڕ دەبێ و لەم حاڵەتەشدا تای تەرازوو بە قازانجی ئەمریکا دەشکێتەوە.