کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردنەوەی پەروەندەی میکۆنووس و کەسایەتیی کازمی دارابی

02:13 - 16 پووشپەڕ 2719

دادئەستێنی یا بەواتایەکی دیکە داواکاریی گشتیی ئاڵمان دوای کارەساتی ڕێستوورانی میکۆنووس هاتە مەیدان و، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ١٨/٩/١٩٩٢ بڵاوی کردەوە، هۆکاری دەستبەکاربوونی خۆیان بۆ بەدوادا چوونی ئەو تێرۆرە، بۆ بیروڕای گشتیی خەڵکی ئاڵمان ڕوون کردەوە. ئێمە لێرەدا بەشێک لەو ڕاگەیەندراوە دەخەینە بەر دیدەی خوێنەر: (... ئەگەر لەو حاڵەتەی دواییدا، تاوان لە ڕاستیدا کردارێکی تۆڵەکردنەوە و یا بە سزاگەیاندن لە لایەن ئۆرگانەکانی دەوڵەتی ئێران بێ و ئەوە سابیت بێ، ئەو جۆرە کردەوانەی دەوڵەتە بیانییەکان لەسەر خاکی کۆماری فیدڕاڵی ئاڵمان، ئەمنییەتی نێوخۆیی کۆماری فیدڕاڵ دەخەنە مەترسییەوە. لەو حاڵەتەدا ڕەوتی کار گرینگییەکی تایبەت بە خۆیەوە دەگرێ، لەو ڕووەوە دادئەستێنی گشتی لە دیوانی بەرزی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی حەقی خۆی وەک سکاڵاکەر لە دادگا پاڵپشت بە مادەی ١٤٢، فەقەرەی ئەلف، بەندی یەک و مادەی ١٢٠، بەندی ژمارە ٣ لە قانوونی دادوەریGVG   ئەو ئەرکە وەئەستۆ دەگرێ...). دەبینین لەبەر هەستیاریی کۆمەڵگەی ئاڵمان بەو کردەوە تێرۆریستییە، دادئەستێنی گشتیی ئاڵمان لەسەر مافی گشتی دەبێتە لایەنێکی سکاڵاکەر لەسەر بکەرانی ئەم تاوانە. ئەوانە و چەندین هۆکاری دیکە دەستیان دا بە دەستی یەکتر کە دادگای بێرلین بەبێ گوێدان بە فشارە سیاسییەکان لە لایەن دەوڵەتی ئەو کاتی ئاڵمان سەربەخۆ و ئازایانە کارەکەی کە دادگاییکردنی تاوانبارانی تێرۆری میکۆنووس بوو بە ئەنجام بگەیەنێ. بەڵگە بۆ ئەو ڕاستییە بێجگە لەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کردن ئەوەیە کە دەوڵەتی ئاڵمان ناچار بوو، هەزینەیەکی زۆر بۆ لە ماوەی پتر لە سێ ساڵ بەڕێوەچوونی دادگا خەرج بکا و لە سەریەک لەو ماوە دوور و درێژەدا دادگا هەوڵی دەدا کە دەستی بە حەقیقەت ڕابگا و، کەس بێتاوان سزا نەدرێ. وە لە هەمان کاتدا ئەو خوێنە بە ناحەق ڕژاوە بە ئاسانی وەک باقی وڵاتانی دیکە؛ نەبێتە مایەی ساتوسەودای نێوان دەوڵەتەکان. پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی "تێرۆر بەناوی خودا"دا لەسەر هەڵوێستی دەوڵەتی ئاڵمان دەنوسێ: "لە سەرەتادا شمیت باوێر، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری ئیتلاعات و ئەمنیەتی ئاڵمان لە لایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە ڕاسپێردرابوو کە زانیاری لە لایەن دامودەزگای دەوڵەتییەوە نەدرێ بە دادئەستێنی. هەر بۆیە دادئەستێن باسی لەوە دەکرد کە بۆ سەلماندنی "کیفر خواست" دادخوازێک کە بکرێ ڕابگەیەندرێ، دەبێ میلی میتر بە میلی میتر بچینە پێشێ؛ لە هەموو شوێنەکان بەربەست و کارشکێنی هەیە.) هەر ئەو باسکردنەی دادئەستێن سەلمێنەری ئەوەیە کە دادگا چەندە سەربەخۆیانە کاری کردوە بۆ ڕوونبوونەوەی حەقیقەت و لە هەمان کاتدا نیشاندەری ئەوەیە کە دەوڵەتی ئاڵمان لە سەرەتای پرۆسەی دەستپێکردنی دادگادا، هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە کە دادگا دەستی بە بەڵگە و دێکیومێنتەکان ڕانەگا بۆ ئەوەی ئاکام و بڕیاری دادگا لێکەوتەی سیاسی لەگەڵ ئێران لێ نەکەوێتەوە. یەکێکی دیکە لە بەڵگەکانی سەربەخۆیی دادگای بێرلین (میکۆنووس) ئەوەیە کە دارابی خۆی باس لەوە دەکا کە پێش دەستپێکردنی دادگا، پەڕاوەکانی تایبەت بەم تێرۆرە، کە بەهۆی پۆلیس و دادوەری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوە کۆ کرابوونەوە، هەمووی دەخرێتە بەردەستی تاوانباران و لەو بارەوە ناوبراو لە یاداشتەکانیدا لە لاپەڕەی ١٧ی کتێبی نەقاشیی قاوەخانەدا بەو شێوەیە باسیان دەکا: (پەڕاوەکان نیزیک بە ١٢٠ زۆنکەن دەبوون و هەر زۆنکەنەی لە نێوان ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ لاپەڕە دەبوون یانی نیزیک بە ٥٠٠٠ هەزار لاپەڕە.) ئەو پەروەندانەی کە دارابی باسی دەکا تەنیا ئی پێش دەسپێکی دادگایە و ئاکامی لێکۆڵینەوەی دادئەستێنە و، ئامادەکراوە و وەک بەڵگە لە ئیختیاری دادگا نراوە بۆ قەزاوەت لەسەر کردن. ئەگەر ئەو دادگایە سەربەخۆ و بە دوای دابینکردنی دادپەروەریدا نەبوایە هیچ پێویست نەبوو ئەو هەموو لێکۆڵینەوە بکا و، لە هەمان کاتدا تەواوی ئەو پەروەندەیە بنێتە بەردەستی تاوانباران. حوکمی دادگای میکۆنووس لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەڵگەنامە بوو. دانی هەر بەڵگەیەک بە دادگا ئاکامی هەوڵی خەڵکێکی زۆر و لە هەمان کاتدا ئاکامی نەزمی ئیداری و قەزایی دەوڵەتی ئاڵمان بوو. هەر حەرەکەتێک دەبوایە لەگەڵ قانوونەکانی بەردەست، هاوسەنگیی هەبوایە کە بە نۆرەی خۆی چاودێری بەسەر پێوەندیی ئیدارات و ئۆرگانە جیاوازەکانیدا دەکا و ئەوان لە یەکتر جیا دەکاتەوە. هەر بەو هۆکارە لە تەنیشت هەر بەڵگەیەکی ئەسڵی هەتا ئەو جێگایەی کە ئیمکانی هەبوایە ئەو بەڵگانەی کە نیشانیان دەدا بۆ گەیشتنی بە دادگا چ ڕەوتێکی پێواوە لە تەنیشت بەڵگەی ئەسڵی دادەنرا. کە بە دیتنی ئەو بەڵگانەی کە ڕەوتی ئیداری و قەزایی ئاڵمان نیشان دەدەن، دەتوانین باشتر هەست بە سەربەخۆیی دەزگای دادی ئاڵمان بکەین .   لەمەڕ ناوی کتێبەکەوە کتێبی "نەقاشیی قاوەخانە" کە بە ئانقەست ئەو ناوەی لەسەر نراوە و ئاماژەیە بە قسەی خامنەیی کە ڕێستوورانی میکۆنووسی بە قاوەخانە ناو برد بەو مەبەستەی وا بنوێنێ کە موشتەری قاوەخانە بوون و بەو جۆرە لە پێگەی شەهیدان کەم بکاتەوە. لێرەدا بەشێک لە قسەکانی خامنەیی لە ڕێکەوتی ٢٧/١/١٣٧٦ی هەتاویدا لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەکانی ئەرتەش لەبارەی تێرۆری میکۆنووس کردوویەتی، دێنینەوە. خامنەیی ئەسڵی کارەساتەکە بە بێبایەخ دەزانێ و لەوێدا ڕێستوورانی مێکونووس بە قاوەخانە ناو دەبا، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، نەک هیچ بایەخێک بۆ گیانی مرۆڤەکان دانانێ بەڵکوو ئەو قسانەی خامنەیی دەرخەری دوژمنایەتییەکی تەواوە لەگەڵ گەلی کورد و لە هەمان کاتدا دەرخەری ترسەکەشیەتی لە ئاکامەکانی ئەم دادگایە، بۆیە دەیهەوێ دەستی وەپێش خا و بە ژێردەستانی خۆی بڵێ ئەو دادگایە شتێکی وانییە. (... ئەو بابەتە چەند لایەنی هەیە بە نەزەری من، بێبایەخترین بەشی ئەو بابەتە، ئەسڵی بابەتەکەیە. هەر بەو جۆرە کە باسم کرد، لەسەر بابەتی قەتڵێک کە لە قاوەخانەیەک ڕووی داوە. ناوی ئەو قاوەخانەیەش بە بەرەکەتی دەڵاڵی سەهیۆنیستەکان، لە دنیادا ناوبانگی دەر کردوە، قاوەخانەی میکۆنووس. چ عەیبێکی هەیە ئەویش قازانجێکی وەبەر کەوێ. دووکانێکیان بەناوی دادگا کردۆتەوە و هەوڵ دەدن لەو بابەتە بە قازانجی خۆیان کەلک وەربگرن.)   کازمی دارابی و ناسانێکی کورتی ناوبراو   لەو بەشەی کتێبەکە کە باسی بیۆگرافی و ژیاننامەی کازمی دارابی لە منداڵی و دەورانی پێش ئینقلاب دەکا، تێپەڕ دەبین، بەڵام بۆ ئەوە بێینە سەر ئەسڵی باسەکە کە تێرۆری میکۆنووسە، پێویستە کازمی دارابی باش بناسین کە کێ بووە و چی کردوە هەتا گەیشتووە ئێرە. کازمی دارابی لەو کتێبەدا دەیهەوێ وا خۆ نیشان بدا کە کەسێکی بەئیمان و لەخوا ترس و مرۆڤدۆست بووە و، هەموو کاتێک پشتی هەژارانی گرتوە و لەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدا بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێ. بۆ ڕوونبوونەوەی ئەو حەقیقەتە کە کازمی دارابی بە پێچەوانەی قسەکانی خۆی لە ڕەوتی دادگادا بە تاوانباری سەرەکی ناسراوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین بە وردی هەموو ئەو بەڵگانەی ناوبراو پشتیان پێ دەبەستێ، یەک بە یەک باسیان بکەین و لەگەڵ پەڕاوەکانی دادگا و ئەو بابەتانەی کە لەسەر تێرۆری میکۆنووس و دادگا نوسراون و لەبەر دەستمان دان پێکەوە بەراوردیان بکەین. کازمی دارابی خەڵکی کازروون سەر بە پارێزگای ئیسفەهانە، بەپێی گێڕانەوەی خۆی هەر بە منداڵی، منداڵێکی هاروهاج بووە و خۆی لە هەموو کارێک هەڵقورتاندوە بێجگە لە خوێندن، خۆی گوتەنی هەموو کات لە قوتابخانە هەڵاتوە، کاتێک باس لە تێکەڵبوونی خۆی لەگەڵ لایەنگرانی خومەینی دەکا دەڵێ هیچم لە زوڵم و زۆریی سیستمی پاشایەتی نەدەزانی. ئەو لە لاپەڕەی ٤٥ی کتێبەکەدا بەمجۆرە باسی خۆی دەکا: (... دەبێ بڵێم ئەوەی منی بۆ لای ئەو گرووپە ڕاکێشا، تەنیا هاروهاجی سەردەمی لاوەتیم بوو، پێم خۆش بوو کە ئەوانم قەبووڵ بێ، من سەرێکی نەترسم هەیە و دەتوانم یارمەتییان بدەم...). لە لاپەڕەی ٤٦دا باسەکە درێژە پێدەدا و دەڵێ: (... ڕاستییەکەی ئەوەیە بێ بیرکردنەوە بۆ هەیئەت کارم دەکرد، هەر کە هەیئەت کارێکی هەبوایە بۆ بەڕێوەبردنی بەدوای هۆکاردا نەدەگەڕام. لە ڕاستیدا ئەمن کەسێکی نەترس بووم و ئێستاش هەم، بوێریی کاری مەترسیدارم هەبوو و ئێستاش هەمە...). هەروەها، لە لاپەڕەی ٦٢دا باسی پێوەندیی خۆی و باوکی بەم شێوەیە دەکا: (... ئەمن کەسێکی سەربەخۆ بووم و کارم بە باوکم نەبوو، لە ڕاستیدا ئێمە خۆمان لە کاری یەکتر هەڵنەدەقورتاند.) ئەو سێ نموونەی سەرەوە لە قسەکانی دارابی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ناوبراو کەسێکی هێدی و هێمن نەبووە و زۆرتر بەدوای خۆنواندنەوە بووە. خۆی دان بەوەدا دەنێ کە لەگەڵ باوکی زۆر گونجاو نەبووە، هەروەها نەیزانیوە گرووپە مەزهەبییەکان بۆ دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی، کار و چالاکی دەکەن، دەڵێ هەر کارێکیان پێ سپاردبام جێبەجێم دەکرد، بەبێ ئەوەی لە هۆکارەکەی بپرسم و؛ بەڵگەی بۆ کارانەی ئەوەیە کە سەرێکی نەترسی هەیە. هەر لەسەر ئەو چەند نموونەیە دەتوانین بەو دەرەنجامە بگەین کە تێرۆر و تۆقاندنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەو کەسانە دەکرێ کە وەک دارابی بن. لەجیات ئەوەی لە ڕێگای خویندن و فێربوونی زانستەوە، کەسایەتیی خۆیان بەرنە سەرێ، ڕوو دەکەنە دزێوترین کار کە دوورە لە مرۆڤایەتی؛ هەر بۆ ئەوەی ئاغاکانیان لێیان ڕازی بن بەبێ ئەوەی بیریان لە ئاکامی کارەکە کردبێتەوە .