کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژوو لە ڕۆژنامەی "کوردستان"ی کۆماری میللیی کوردستان‌دا

02:23 - 16 پووشپەڕ 2719

"مێژوو لە ڕۆژنامەی "کوردستان"ی کۆماری میللیی کوردستان‌دا" ناونیشانی توێژینەوەیەکی زانستیی قۆناغی کارناسییە کە زانا محەممەد، قوتابیی بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی کردوویەتی. زانا محەممەد لە وتووێژ لەگەڵ "کوردستان"دا تیشکی خستە سەر ئەوە کە توێژینەوەکە وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژوی کۆماری کوردستان (۱۹٤٦) و گرینگیدانی ئەم کۆمارە کوردییە بە بواری ڕۆژنامەنووسی، بەدوای ئەمەوە بووە کە گرینگیدانی ڕۆژنامەی "کوردستان" وەک زمانحاڵی "کۆماری کوردستان" و "حیزبی دێموکراتی کوردستان" بە بواری مێژوو بخاتەڕوو. نووسەر ئەم توێژینەوەیەی بە پشتبەستن بە 187 سەرچاوەی مێژوویی گرینگ تەواو کردوە کە ژمارەکانی ڕۆژنامەی "کورستان" خۆی بەشێک لە سەرچاوەکان بوون. زانا محەممەد بە بایەخەوە باس لە مێژوو و کارنامەی ڕۆژنامەنووسی لە "کۆماری کوردستان"دا دەکا و دەڵێ مێژووی ڕۆژنامەنووسی كوردی لەگەڵ دامەزرانی كۆماری میللیی كوردستاندا چووە قۆناغێكی نوێ و پرشنگدارەوە. وەک دەبینین لەو ماوە کەمەی تەمەن و دەسەڵاتی کۆماردا چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار دەرچوون و بڵاوبوونەوە كە بایەخی گەورەی سیاسی‌ و ڕۆشنبیری ‌و پەروەردەی كۆمەڵایەتییان هەیە، ئەوە جگە لەوەی ڕۆڵی زمانحاڵی "كۆماری کوردستان"شیان بینیوە. "كوردستان" كه‌ زمانحاڵی حیزبی دیموكرات ‌و هاوكات زمانحاڵی "كۆماری كوردستان"یش بوو، بەرهەمی دەسەڵاتێكی كوردییە و توانیویه‌تی بەڕوونی تەعبیر لە ویست و پەیامی ڕاستەقینەی كورد بکا و نوێنەری داوا و مافەكانی ئەو قۆناغەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بێ. توێژەر لەو توێژینەوەیەدا سەرنجی داوەتە شێوەی باسکردنی کار و ئەرکەکانی چاپ و بڵاوبوونەوەی کوردستان لە زمان سەید محەممەد حەمیدی، سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە کە لە ژمارەی یەکەمدا دەڵێ: "ئێمە كە بە دڵمانا نەدەهات خاوەنی چاپخانە و ئینتیشارات بین، ئەوا بەیارمەتیی خوا نامەی كوردستان داندرا و هەوەڵ ژمارەی بڵاوكراوە. ئەم نامەیە كە لەلایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانەوە بڵاو دەبێتەوە دەیەوێ قەڵایەكی ئاسنین لە ئیجتیهاد‌ و برایەتی بێنێتە بەرهەم كە بناغەكەی بە زانست ‌و هونەر ‌و لەشساغی داندرابێ ‌و دەگەڵ سێڵاوی دووبەرەكی ‌و بێدینی ‌و هەموو جۆرە ڕەوشتێك كە بۆ سەربەستی زەرەر بێت بەربەرەكانێ بكا". زانا محەممەد لە وەڵامی ئەم پرسیارەی "کوردستان"دا کە چۆن بوو بڕیاری دا ئەم تایتێڵە بکا بە بابەتی توێژینەوەکەی، دەڵێ: "هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم تایتڵە بۆ توێژینەوەکە، بۆ چەند فاکتەری جیاواز دەگەڕێتەوە. گرینگترینیان ئەوە بوو کە کەمترین توێژینەوەی زانستی لەبواری مێژوو وەک لایەنێکی گرینگی گۆڤار و ڕۆژنامەکوردییەکانی سەدەی بیستەم کراون بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە گرینگە ئەکادیمیستەکان و ڕووناکبیرانی کورد بە دیدێکی نوێوە توێژینەوەی زانستی لەم ڕۆژنامە و گۆڤارانە بکەن. سەردەمی "کۆماری کوردستان"یش سەڕەرای کەمیی ماوەی حوکمڕانی و کەمیی جوغرافیای ژێردەسەڵاتی و کەمیی ئیمکاناتی پێویست و؛ لە هەلومەرجێکی دژواردا چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار چاپ و بڵاو بوونەوە کە "کوردستان" یەک لەوان و گرینگترینیانە. ڕۆژنامەی "کوردستان" وێرای بینینی ئەرکی زمانحاڵی حیزب و کۆمار، توانیی گرینگیی تایبەتی بە بوارەکانی زمان و ژیانی مەدەنی و گەشەپێدانی کولتوور و مێژوو بدا. لەم دیدەوە بەپێویستمان زانی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لەسەر گرینگیدانی ئەم دەسەڵاتە کوردییە بە بواری مێژوو بدەین، ئەویش لە ئاوێنەی ڕۆژنامەی "کوردستان"ەوە. توێژەر لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە خۆی چۆن باس لە بایەخی ئەم توێژینەوەیە دەکا و توێژینەوەکە چیی تێدا بەرجەستە کراو، دەڵێ: "بایەخی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە یەکەمین جارە توێژینەوەیەکی ورد لەسەر لایەنی مێژوو لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی کۆمار بکرێ. هاوکات ئەوەی زیاتر توێژینەوەکە بایەخدارتر دەکا ئەوەیە کە لە توێژینەوەکەدا تەواو ڕەچاوی بێلایەنی و زانستی بوونی کارەکە کراوە." نووسەر توێژینەوەکەی لە چەند بەشدا پێناسە دەکا و لە درێژەدا دەڵێ: "لە توێژینەوەکەدا هەوڵ دراوە بەکورتی هەڵومەرجی دروست بوونی کۆمار و دەستکەوتەکان و هۆکاری ڕوخانی کۆمار و گرنکیدانی ئەم کۆمارە کوردییە بە ڕۆژنامەنووسی لە چوارچێوەی بەشی یەکەمدا بەرجەستە بکرێ تا خوێنەر بەرچاوڕوونیی تەواوی هەبێ لە نێوەڕۆکی توێژینەوەکە کە بواری مێژووە لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا. لەبەشی دووەمدا گرینگترین ئەو نووسەرانە دەستنیشان کراون کە بابەتی مێژووییان لە ڕۆژنامەی کوردستان‌دا بڵاو کردۆتەوە. هاوکات بەوردی کارمان لەسەر ڕەخنەی مێژوویی کردووە کە لە ڕۆژنامەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و لە چوارچێوەی ڕەخنەگرتن لە خێلەکیبوون و نەخوێندەواری کورد و کاریگەریی لەسەر بزافی ڕزگاریخوازیی کورد. هەروەها ڕەخنەگرتن لە دوژمنانی کورد کە لە هەوڵ دان بۆ شێواندنی مێژوو و زمانی کوردی. کارمان کردوە لەبەر ڕۆشنایی ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بە بەڵگەی مێژوویی وەڵامی نەیارانی کورد بدەینەوە. لەبەشی سێهەمی توێژینەوەکەشدا کارمان لەسەر مێژووی کەسایەتییە ئایینی، سیاسی و ئەدەبییەکان و بوارەکانی تری مێژووی کۆمار کردوە، وەک مێژووی شێوازەکانی پەروەردە، مێژووی دیموکراسی، مێژووی کورد، مێژووی سۆڤییەت و مێژووی بزاڤی مەشروتەخوازیی ئێرانی و کاریگەرییان لەسەر بزاوتی کورد؛ کە هەموو ئەمانەش بەپشتبەستن بە خودی ژمارەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان" کراون. زانا محەممەد ئەم ئاکامگیرییە لەو قسانەی دەکا کە بەرپرسانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و ڕووناکبیرانی کورد لەو سەردەمدا سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختە و هەلومەرجە ئەستەمەش زۆر بەئاگابوون لە مێژووی جیهان و ئێران و کوردستان و هەوڵیان داوە زارۆکانی کورد لە مێژووی خۆیان  ئاگادار بکەنەوە و هەڵە مێژوییەکانی ڕێبەرانی کورد لە مێژوودا دەستنیشان بکەن بە ئامانجی دووبارەنەکردنەوەیان لەداهاتوودا. توێژەر لە کۆتاییدا دەڵێ لە کورتترین قسەدا ڕۆژنامەی "کوردستان" مێژووی وەک ئاوێنەیەک بینیوە تا هەڵە و کەموکوڕییەکانی کۆمەڵغەی کوردەواریی تێدا دەستنیشان بکرێت و هەنگاو بنرێ بەئاراستەی دروست و دووبارەنەکردنەوەیان لە داهاتوودا. شایانی باسە یەكەم ژمارەی ڕۆژنامه‌ی كوردستان له‌ (11/1/1946)دا بڵاو كراوەتەوە. لەسەردەمی كۆماری كوردستاندا (116) ژمارەی لێ دەرچووە و پاش ڕووخانی كۆماریش بە نهێنی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات درێژەی بە ژیانی خۆی داوە و تا ئێستاش لە وەشانی بەردەوامە.