کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برای سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئێران ٢ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

02:51 - 17 پووشپەڕ 2719

مەحەممەدڕەزا خاتەمی" سکرتێری پێشووی" جەبهەی موشارێکەت"و برای مەحەممەد خاتەمی سەرۆک‌کۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ بەمەبەستی بەلارێدابردنی خەڵک، بە دوو سال زیندانی تەعزیری سزا درا. ڕەزا خاتەمی لە سەرەتای پاییزی ڕابردوو قسەی لەسەر شێواندنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی و فێڵ کردنی بەرپرسان و لەوانە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردبوو، کە دوای ئەو قسانە بانگی دادگا کراو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی ئاخرین دانیشتنی دادگایی ناوبراو بەڕێوەچوو. هەواڵدەریی ئیرنا ڕۆژی شەممە ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ ڕایگەیاند کە حوکمی دادگا لەسەر مەحەممەد خاتەمی لە ماڵپەڕی ئێلێکترۆنیکی وەزارەتی دادی ڕژیم بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەحەممەد خاتەمی ڕەتیدەکاتەوە کە هیچ هەواڵێکی لەم بارەوە پێگەیشتبێت. هەروەها خاتەمی لە دادگای ئاخریدا جەختی لەسەر قسەکانی پێشووی کردەوەو باسی لە هەشت میلیون دەنگی ساختە کرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا، کە تەنیا لەسەر ئاماری شۆرای نیگابان دوو میلیون دەنگ بێسەروشوێنە. وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی گوتی : حوکمی ناوبراو قەتعییەو بۆ پێداچوونەوە نابێ.