کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی، دان بە تاوانەکانیاندا دەنێن

02:53 - 17 پووشپەڕ 2719

عەلی موتەهەری، نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە وڵامی غۆڵامحسێن ئیسماعیلی کە قسەکانی ئەوی سەبارەت بە هەبوونی زیندانی و دژبەری سیاسی لە ئێران بە "زۆڵم بە ئینقلاب"ی نێودێڕ کردبوو، گوتوویە کە قسە و ڕخنە تەنانەت ئەگەر سووکایەتی بە بەرپرسانی باڵای ڕژێمیش بێت تۆمەت یان تاوانی ئەمنی نییە بەڵکوو تۆمەت یان تاوانی سیاسییە. مۆتەهەری هەروەها گوتوویە: کەسانێک وەک ئاغای "ئیسماعیلی"ن کە خەسار لە کۆماری ئیسلامی ئەدەن و کێشەی مافی مرۆڤ بۆ ئێران دروستدەکەن. لێیان دەپرسم کە ناڕازیان دژی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ تۆمەتباری سیاسی بوون یان ئەمنی و ئاسایشی؟ لەبنەمادا کەسێک کە لە ڕەوتی هەڵبژاردنێک ناڕازی بێت، تۆمەتباری ئاسایشییە یان سیاسی؟ "سەتار بەهەشتی" کە لە وبلاگەکەیدا تەنیا ڕخنەی لە تاقمێک لە بەرپرسانی ڕژێم گرتبوو و لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا، تۆمەتباری سیاسی بوو یان ئاسایشی؟ هەروەها ئەو هەواڵنێران و خوێندکارانەی کە جاروبار دەسبەسەردەکرێن تۆمەتباری سیاسین یان ئەمنی و ئاسایشی؟ جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە عەلی موتەهەری چەند ڕۆژ لەمەو پێش بە ڕوونکردنەوەی تاوانی سیاسی لە ئاسایشی، لەوڵامی وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی گوتبووی کە لە ئێران هەم تاوانبای سیاسیمان هەیە و هەم دژبەری سیاسی. بەڵام بەرپرسان واتای وشەکانیان گۆڕاوە بۆ ئەوەی بڵێین تاوانباری سیاسیمان نییە و یاسای دادی سیاسی ئەوان نەگرێتەوە و واپیشان بدرێت کە لە ئێران هەموو هاودەنگی ڕژێمن و تۆمەتی ئەمنی و ئاسایشی بخەنە پاڵ جیابیران و ڕەخنەگرانەوە.