کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری مەجلیس؛ کۆڵبەرمان هەیە لە کوردستان، خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرایە

02:55 - 17 پووشپەڕ 2719

ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شارەکانی سنەو کامیاران و دیواندەرە لە مەجلیس بە خستنەبەرباسی پرس کۆڵبەری ئاشکرای کرد کە لە نێو کۆڵبەران کەسانێک هەن کە بڕوانامەی دوکتورایان هەیە و بەڵام بە هۆی نەبوونی هەلی کار بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان پەنایان بۆ ئەو کارە پڕ مەترسییە بردووە. ئەو نوێنەرە داوای بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە کردووەو بە ئاماژەدان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی سەرڕێی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، خوازیاری ئەوەیە کە بە شێوەی یاسایی گرینگی بەو بابەتە بدرێ و، ڕایگەیاندووە؛ کە بۆ نەهێشتنەوەی پرسی کۆڵبەری و ڕەخساندنی هەلی کار، دەبێ دەروازەی قانوونی و تیجاری لە سنوورەکانی کوردستان بکرێتەوە. جێی‌ئاماژەیە کە لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و ناسناوی 56 کەس لەوانی تۆمار کردوە. لەو 56 کەسە 24 کەس کوژراون و 32 کەسیش بریندار بوون. له‌و 24 کۆڵبەر و کاسبکاره‌ کە کوژراون، 15 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، 5 کۆڵبەر و کاسبکاریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی یان وەرگەڕانی ترۆمبیلەکانیان مردوون و 4 کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنوو و مانەوە لە سەرما و بەستەڵەکی سەرەتای ساڵدا لە سەرما ڕەق هەڵاتوون. لەو 32 کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، 30 کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون، کۆڵبەرێکیان بەهۆی تەقینەوەی مین لە بن پێیدا بریندار بووە و کۆڵبەریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە.