کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەنگاوی دوویەمی بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکی هەڵهێنا بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند : ڕادەی پیتاندنی یورانیۆم بەرز دەکەینەوە.

02:57 - 17 پووشپەڕ 2719

هەروەها "حەسەن ڕۆحانی"یش ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هەڕەشەی کە کرد کۆماری ئیسلامی لە ١٦ی پووشپەڕ بەولاوە ڕادەی پیتاندنی یورانیۆم بەدڵخوازی خۆی بەرز دەکاتەوە. هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرابێت ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی پووشپەڕ پیتاندنی یورانیۆم لە سەتا ٥ بەرز دەکاتەوە . چاوەڕوان دەکرێت کە لە ئەگەری پیتاندنی زۆرتری یورانیۆم گرژییەکان بەتایبەت گرژی نێوان ئەمریکاو ڕێژیمی ئێران زۆرتر بێ، هەروەها دژکردەوەی وڵاتانی ناوچەو ئورووپاییشی لێبکەوێتەوە. عەلی رەبیعی گوتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند كە ئەوان لەمەو بەدوا پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 3.67 بەرزدەكەنەوەو رێژەی پۆختەکردنی یۆرانیۆمیش بۆ سەروو 300 كیلۆ بەرزدەكەنەوە. ئەوە لەكاتێكدایە شەوی رابردوو ئیمانوئێل ماكرۆن سەرۆك‌كۆماری فەڕانسە لە پەیوەندییەكی تەلەفوونیدا ھۆشداری بە حەسەن رۆحانی دابوو. ئەمریكاش داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەئاستی باڵا لەدژی ئێران دەكات. شایانی باسە کە ئەمریکا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی فاکتەری سەرەکیی گرژی و ئاڵۆزییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت جیهانیشدا داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت . هەروەها دەوڵەتی تڕامپ دەڵێ:گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی ئەو ڕێژیمە ڕێز لە بەها نێونەتەوەییەکان بگرێت و ببێتە ڕێژیمێکی ئاسایی. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پێشتر ڕایگەیاندبوو ؛ کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیە لەسەر ئەمنییەتی ناوچەیی و جیهانی ،هەر لەسەر ئەو بابەتە تڕامپ هەڕەشەی لەڕژیمی ئێران کرد و گوتی:کۆماری ئیسلامی یاری بە ئاگر دەکات.