کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆریزمی "کۆماری ئیسلامی"یان مەحکووم کرد

23:14 - 17 پووشپەڕ 2719

لە بەرەبەری ساڵیادی کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئۆتریش و شەهید کردنی ڕێبەری ناوازەی کورد ، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چالاکییەکی بەربڵاو لە ناوچەی شنۆ، وێڕای ڕێزگرتن لە یادو ناوی سەرجەم شەهیدان، بە تایبەتی ڕێبەرانی شەهید، بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامییان شەرمەزار کرد. بە بۆنەی سی ساڵەی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، شەهید دوکتور قاسملوو، پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەریندا لە شاری شنۆ چالاکیی تەبلیغییان نواند و لەو ڕێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێبازی شەهیدان دووپات کردەوە. پارێزەرانی چاونەترسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نووسینی دروشمی "نا بۆ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران" بە ڕەنگی شین لە چەندین گەڕەکی شاری شنۆ، یاد و ناوی گەورە ناوداری رێبەری کورد شەهید دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و بۆ جارێکی دیکە رق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.