کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری دەزگای دادی ڕێژیم بۆ ئەنجن‌ئەنجن کردنی بە ئێعدام سزادراوەکان

07:29 - 18 پووشپەڕ 2719

دەزگای دادی ئێران بڕیاری داوە ئەندامانی لەشی بە ئێعدام سزادراوکان لە ئێران دەربێنێ و بیداتە ئەو نەخۆش و کەسانەی پێویستییان پێیەتی. ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە ئەو بەرپرسایەتییەی دراوەتێ، واژۆی لەسەر ئایینامەیەک کردوە کەبەپێی مادەی 47ی ئەو ئایینامەیە، بەشێوەی قانوونی ڕێگە دەدرێ ئەندامانی لەشی بەندییە سزادراوەکان بە ئێعدام دەربهێندرێ. لەو ئایینامەیەدا هاتووە ئەو کەسانە دەبێ بە شێوازگەلێ کۆتایی بە ژیانیان بهێندرێ کە کەمتر ئازار بچێژن و ئەندامانی بەکەلکی لەشیشیان بدرێتە ئەو نەخۆشانەی حەوجێ‌یان پێیەتی. ئەو بڕیارەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە و ناڕەزایەتیی زۆر بە تایبەت هەڵبەزینەوەی کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. "ئیرەج فازیل"، سەرۆکی کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی ئێران لە نامەیەکدا ڕوو بە سەرۆکی دەزگای قەزایی داوای لابردن و نەهێشتنی ماددەی 47ی ئایینامەی جێبەجێکردنی سزادانەکانی کردوە و دەڵێ ئەو بڕیارە هەتا بڵێی قیزەون، نائینسانی و نابەجێیە و ئەو وەک پزیشکێک قەت قەت پێملی قانوونی لەمجۆرە نابێ. ئەو لە نامەکەیدا بۆ ئیبراهیم یونسی نوسیویەتی: "بەکارهێنانی ئەندامانی لەشی سزادراوان بە ئێعدام هەتا بڵێی قیزەونە و ڕەخنەی زۆری دێتەوە سەر. سەرباری ئەوەی ئەم بڕیارە هیچ یارمەتییەک بەو نەخۆشانە ناکا کە لە چاوەڕوانیی پێوەندی لەش دان، چونکی شان و شکۆی پزیشکەکان دەشکێنێ و چێژ و شانازیی بەخشینی ئەندامی لەش لەلایەن کەسانی خێرخوازیش دەباتە ژێر پرسیار." دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمە یەکەمجاری نییە بڕیاری وا نائینسانی و پێچەوانەی هەموو پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ پەسند دەکا. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی چوار دەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە دەیان هەزار کەس لە بەندیی سیاسی و غەیرە سیاسیی لە وڵاتدا ئێعدام کردوە، لە دەیەی شەستی هەتاویشدا جینایەتی لەو شێوەیەی کردوە. لە کاتی شەڕی ئێران و عێڕاقدا بەندییەکان بەتایبەت بەندییە سیاسییەکان لە گرتووخانەکان پێچەوانەی ویست و دڵخوازی خۆیان لە مانگدا چەند جار خوێنیان لێ دەگیرا و تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی لەشیان دەردەهێندرا و لە نەخۆشخانەکاندا لە جەستەی پاسدارە بریندارەکان و نەخۆشەکانی دیکەی سەر دامودەزگا ئەمنیەتی و سەربازییەکان پێوەند دەکرا. لەخۆڕا نەبوو کاتێک کە ئیبراهیم ڕەئیسی وەک بەربژێری سەرکۆماری هاتە مەیدان و ئەو کاتەی بە بڕیاری خامنەیی وەک سەرۆکی نوێی دەزگای دادی ئێران داندرا، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرینی خەڵکی بەدووی خۆیدا هێنا. کەسێک بەو پێشینەیە و بە ڕابردووی جینایەتەکانی پێشووی چاوەڕوانیی ئەوەی لێدەکرا کە لەسەر خوو و خدەی وەحشیگەرییانەی بەردەوام بێ. بڕیاری نوێی دەزگای قەزایی وەک باس کرا کاردانەوەی توندی کۆمەڵەی پزیشکیی بەدوواوە بووە و لە بیروڕای گشتیشدا زۆر بە خراپ وەرگیراوە و ناڕەزایەتیی لێ کەوتۆتەوە. ڕەخنەی جیددی جیا لە نامرۆڤانەبوونی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە ڕەخنەگران دەڵێن ئەم بڕیارە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی قازی یان کاربەدەستانی قەزایی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستەی پەروەندەی قەزایی بەندکراوان لە زیندانەوە بۆ ئێعدام ببەن. ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێران بە تەواوی دژی ئەم بڕیارەی "دەزگای داد"ی ڕێژیمە، بەڵام ئەوەی ڕوون نییە ئەوەیە کە دەزگای دادی ڕێژیم چەندە گرینگی بەو ناڕەزایەتییانە دەدا و؛ ئاخۆ بڕیارەکەی وەردەگرێتەوە، یان ئەوەی لەمەودا بەندییە بە ئێعدام سزادراوەکان ئەنجن ئەنجن دەکرێن و بە زیندوویی لەت و پەت دەکرێن؟!