کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کووژران و برینداربوونی 4 کۆڵبەرێکی دی لە سەردەشت و شنۆ

00:15 - 19 پووشپەڕ 2719

چوار کۆڵبەری دیی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ و سەردەشت کوژران و بریندار بوون. سەر لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 15ی پووشپەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە نزیک ماڵانی گوندی "کانی زەرد"ی سەردەشت پۆلێک کۆڵبەری ناوچەکەیان دایە بەر دەستڕێژ. لەو هێرشەدا کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ئاوایی کانی زەرد بە ناوی "مەنسوور گرژە" کوژرا مەنسور کە بیست ساڵی تەمەنە و ماوەیەکە زەماوەندی کردوە و خێزانی دووگیانە، بە تاوانی هەڵگرتنی باری سیگار تەقەی لێ کراوە و کوژراوە. کوژرانی ئەم کۆڵبەرە لە کاتیکدایە کە ڕۆژی 8ی پووشپەڕیش لە پیرانشار کۆڵبەرێک بەناوی یونس ئاڵتوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم پێکرا و دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لە دەستدا. هەروەها شەوی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ دوو کۆڵبەری ناوچەی شنۆ بە ناوەکانی "غەریب عەلیزادە" و "سامانە سوور" لە شاخی سیاکێو لە ناوچەی سنووریی "کێلەشین" کەوتنە بەر دەستڕێژ و بریندار بوون. ئەم دوو کۆڵبەرە خەڵکی شارەکانی پیرانشار و مەهاباد بوون و هێزەکانی سپای پاسداران لە پشتەوە تەقەیان لێ کردوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی سۆران لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی پزیشکی دان. شایانی باسە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە تا ئێستا 14 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.