کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

" مەحەممەد سدیق کەبوودوەند'' باوکی مافی مرۆڤی کوردستان " ممنوع الخروج" کراوە

01:27 - 20 پووشپەڕ 2719

مەحەممەد سدیق کەبوودوەند بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مافی چوونەدەرەوەی لە ئێران نابێ. محەممەد سدیق کەبوودوەند" ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە لاپەڕەی خۆیدا ڕایگەیاند کە حوکمی "ممنوع‌الخروج'' واتە، قەدەغە بوونی ڕۆیشتنە دەرەوەی لە ئێرانی بۆ دەرکراوە. ئەو چالاکە مافی مرۆییە نووسیوویەتی: "زۆڵم، نادادپەروەری و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی ئینسانیی من و بنەماڵەکەم، کۆتایی بۆ نییە. پاش ١٠ ساڵ لە زیندانیکردن و بەکاربردنی کردەوەی دژوار و لەگەڵ بارودۆخی خراپی ئابووریی بنەماڵە، بێبەری لە گشتییەتیی مافی کۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبوون و کار،'' سزادانی تەبعی'' بەڕێوەچووە و دەستی پێکردووە و هەنووکەش لەگەڵ قەدەغە بوونی ڕۆیشتنە دەرەوەی من ، بوونی من لە ئێران ئەو گەمارۆیە زیاتر دەکات. ٢٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی "محەممەد سدیق کەبوودوەند"، دامەرزێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پاش ١٠ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا. "محەممەد سدیق کەبوودوەند" لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ی هەتاوی دەسبەسەر و زیندانی کرا. "کەبوودوەند" چالاکییە مەدەنی و مرۆییەکانی خۆی لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە دەست پێکردووە و لەلایەن دەزگاگانی ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی و سپای پاسداران لەژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێریدا بووە و پەروەندەیان بۆ ناوبراو لە دەزگای قەزایی پارێزگاکانی سنە و ورمێ و تاران بۆ کردەوە، لانیکەم لەو چوار پەروەندەیە کە بۆ ناوبراو درووست کرا، دوو لەو پەروەندانە تەرخان کراوە بۆ تۆمەتلێدانی ناوبراو بەتایبەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، بڵاوکردنەوەی کتێبی نایاسایی، تێکدانی بیروڕای گشتی و دامەزراندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە یەکێک لەو پەروەندانەدا بە یەک ساڵ زیندانی، بێبەشکردن لە چالاکیی ڕۆژنامەوانی، لێسەندنەوەی ئێمتیاز و پێشگرتن لە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری یاسایی، هەروەها ١٠ساڵیش زیندانی سەبارەت بە بەڕێوەبەردنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی بۆ بڕایەوە کە سەرجەم ١١ ساڵ حوکمی زیندانیی بە سەردا سەپابوو. کەبوودوەند لە ماوەی دەستبەسەری‌ لە زیندانی "ئێڤین"ـی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک ببوو.