کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوشداریی وڵاتانی ئورووپایی بە کۆماری ئیسلامی

01:29 - 20 پووشپەڕ 2719

وەزیرانی دەرەوەی ،ئاڵمان ،فەرانسە، بریتانیا و بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا هاوکات لە گەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر ڕادەی پیتاندنی یورانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە لە ڕێکەوتننامەی" بەرجام" دا بمێنێتەوە و ڕێز لە بڕیارەکانی ئەو ڕێککەوتنە بگرێ. وەزیرە ئورووپاییەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی بڵاوکرایەوە دەڵێین :ئێمە دڵگرانیی توندی خۆمان سەبارەت بەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە هەندێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکە دەرچووە دەردەبڕین. بەرپرسانی ئورووپایی لەو ڕاگەیاندراوەدا نووسیویانە "ئەم بابەتگەلە دەبێ لە چوارچێوەی بەرجامدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و بۆ ئەم کارە دەبێ هەرچی زووتر کۆمیسیونێکی هاوبەش پێکبهێندرێت. هەروەها لە درێژەدا هاتووە کە:ڕێژیمی ئێران دەڵێ ئێمە دەمانهەوێ لە "بەرجام" دا بمێنینەوە ،هەربۆیە دەبێ خێراتر لە هەڵوێست و کردەوەی خۆی پاشگەز بێتەوەو پەیمانی ڕێککەوتنەکە نەشکێنێ. جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەفەرمی ڕایگەیاند کە ئاستی پیتاندنی یورانیۆم تا هەر ڕادەیەک کە بیهەوێ دەباتە سەرەوە، کە کاردانەوەی توندی وڵاتانی دونیای لێکەوتەوە.