کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپبارانی سنوورەکانی باشووری کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە

01:36 - 20 پووشپەڕ 2719

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانی تۆپ‌باران کرد. بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە" دۆڵە مەیدان" لە ناوچەی پیرانشارەوە بە کاتیۆشا و خۆمپارەهاوێژەوە، سەنگەر و بنکەکانی پێشمەرگەیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە ناوچەکانی سیدەکان و بەربەزین و چەند شوینی دیکە کردە ئامانج و بە خەستی بوردۆمانیان کرد. ئەو هێرشە جیا لەوەی وەکوو هەمیشە زەر و زیانێکی زۆری بە ژینگە و دارستان و مەزرا و مووچەی ئەو دەڤەرە گەیاندوە زۆر بەداخەوە، لاوێکی تەمەن ١٨ساڵ بە ناوی زەیتوون قادر، خەڵکی گوندی تەلان گیانی لەدەست داوە و دوو برای بە ناوەکانی سیروان قادر تەمەن ٢٣ ساڵ و ئیسماعیل قادر تەمەن ١٤ ساڵ برینداربوون. کومیتەی سنووری حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکومکردنی تۆپبارانی کوێرانەی سپای پاسداران و دروستکردنی مەترسی و نیگەرانی بۆسەر گیان و ماڵی هاوڵاتییان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆی بەبۆنەی شەهیدبوونی زەیتوون قادر و برینداربوونی دوو برای دەردەبڕێ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکا.