کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆری دوکتور قاسملو و مامەڵەی پشتی پەردەی دونیای سۆسیال دێمۆکراتی دۆست!

21:58 - 21 پووشپەڕ 2719

نیزیک بە سی ساڵ، بە سەر تێرۆرو شەهیدکردنی دوکتور قاسملو لە گەورە رێبەرانی  لە بیر نەکراوەی جووڵانەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد بە تایبەت لە رۆژهەڵات و هەیئەتی هاوڕێی لە سێیەمین رۆژی وتووێژ دەگەڵ بەڕواڵەت دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە "وین"ی پێتەختی وڵاتی ئوتریش بۆ گەیشتن بە رێگا چارەیەکی ئاشتی یانەی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێ. حیزبی سوسیال دێمۆکڕات، بەڕێوەبەری دەوڵەتی ئەو کاتی ئوتریش بوو. ئەو دانیشتنە و ئاکامە دڵتەزێنەکەی هاوکات بوو دەگەڵ کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و دەوڵەتداریی سوسیال دێمۆکڕاتەکان لە 17 وڵاتی ئوروپاییدا. ئەو سوسیال دێمۆکڕاتانەی کە بەڕواڵەت لە نیزیکترین دۆستانی جووڵانەوەی کورد و شەخسی دوکتور قاسملوو  وەک گەورە کەسایەتیی سیاسی ناوداری کورد بوون بە جۆرێک کە تەنانەت شێوە ئامانجی فیکری  حیزبیش لە کۆنگرەی شەشەم را بەرەو دامەزرانی کۆمەڵێکی سوسیال دێمۆکڕات کێشرا. لێرە دا کۆمەڵە پرسیارێک کە تا ئێستا بە دەگمەن هاتۆتە گۆڕێ دەورووژێن؟ ئایا دوکتور قاسملوی زانا و رێبەر و وردبین لە سیاسەت،  نێوەرۆک و ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بنج و بناوانی لە سەر ویلایەتی فەقیهـ و "تقیە" دامەزراوە و یاسای ئەو وڵاتەش بەو پێیە دارێژراوە، نەدەناسی؟ ئایا شارەزای عورفی وتووێژ بەبێ پشتیوانی لایەنێکی قایم لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا نەبوون؟ ئایا بەپێی چەندین جار ئەزموونی دانیشتن دەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی، دیسان هەر دوو دڵ بوون؟ ئایا بوونی جیناحی بەڕواڵەت نەرمکێشی ئەوکات و ئیسلاحتەڵەبی دواتر لە دەوڵەت ا، شوێندانەری چەشنێک سازانی لێ دەکەوتەوە؟ ئایا کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، گریمانەی هەرەس پێهێنانێکی دیکەی وەک پەیمانی ساڵی ٧٥ی "الجزایر"ی بۆ کوردی رۆژهەڵات و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی لێ دەکرا؟ ئایا لەتبوونی حیزبی دێموکرات پاش کۆنگرەی هەشت و رەقیبێکی سیاسی وەک "شورای ملی مقاومت " کە لە سەرەتادا حیزب وەک کۆڵەکەیەکی بە هێزی بوو و دواتر ئیمکانی مانەوەی تێدا نەما، هۆکارێک بوو بۆ ئەگەری قۆستنەوەی سازانێک؟ و...... یان، بە خوێندنەوەی ئەوەی کە دونیای غەرب و بە تایبەتی ئوروپای سوسیال دێمۆکڕات، سەرگەرمی کێبەرکێی پەیتا پەیتای ساتوسەودای بێ ئەژماری ئابووری دەگەڵ رەییس  دەوڵەتی ئیسلامی ئەوسەردەمە مەلا هاشمی رەفسنجانی دەرفەتێک بوو بۆ دانیشتن؟ دانیشتن و دانووسانێک لە جەرگەی ئورووپای سوسیال دێمۆکراتدا، کە دوکتور قاسملو لەو دونیایە دا خاوەنی زۆر دۆست لە کەسایەتی یە ناسراوەکانی حکوومی و مەدەنی و حقوقی بوون و خۆیانی تێدا بە پارێزراو دەزانی. بە هەر پێوانەیەک، وتووێژێکی نێوان گەورە رێبەرێکی ناسراوی نێونەتەوەیی وەک دوکتور قاسملوو و نوێنەرانی حکومەتی ئیسلامی لە پێتەختی وڵاتی ئوتریش ناکرێ گەورە بەرپرسانی دەوڵەتی و ئەمنییەتی ئەو وڵاتەی لێ ئاگادار نەبووبێ و بە بێهۆش لایەنی نێوبژیوانی ئەو دانیشتنەش پێشنیار نەکراوە. کورد و هێزە رەسەنەکانی رۆژهەڵات بە گشتی و حیزبی دێمۆکڕات بە تایبەتی، زەربەیەکی گەورەی بە تێرۆر و شەهیدکردنی دوکتور قاسملو وە جەستەی کەوت، یەک وڵاتی ئوروپایی و هیچ حیزبێکی سوسیال دێمۆکڕات متەقیان لێنەهات، لە بەرامبەر دا وڵاتی سوسیال دێمۆکڕاتی ئوتریش بێ مایەترین و پاشکەوتووترین ئامرازەکانی لە رەدە و ئیستاندارد خاریجکراوی بە کۆماری ئیسلامی ئێران نەغد کردەوە و باقی وڵاتانی ئەو بازنەیەش هەر کامە و بە شێوەیەک بەشی خۆیان پچڕی.... ئوروپای سوسیال دێمۆکڕات تەنانەت لە رێگای دامەزراوە مەدەنێکانی مافی مرۆڤیشەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، چۆن زەرەری بۆ پەزی دەبوو.... کەوابوو ئەو دامەزراوەش لە ئەگەری بەرژەوەندیدا دمکوت دەبێ. پاش سی ساڵ بە سەر ئەو کارەسات و جینایەتە،  کە بە ئاشکرا لە نێو ماڵی ئورووپادا کرا،  ئێستاشی دەگەڵ بێ ئاوڕی جیدی لێ نەدراوە... هەر ساڵە و جارێک بیرەوەری ئەو رۆژە تاڵە، کەم و زۆر دەکرێتەوە بێ ئەوەی  حیزبە کورد یەکان بە گشتی و بە تایبەت حدکا و حدک  بیرێکی ئەساسی و یاسایی کە بێ شک پێویستی بە دانانی مایەی مادی زۆرە و دەبێ تیژبینترین، زیرەکترین و بە غیرەتترین وەکیل و مافناسەکانی نێونەتەوەیی بۆ مەحکومکردن و بە چۆکداهێنان و سەلماندنی ئەو تێرۆر و جینایەتە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەرخان کرابان و هەروەها بێ هەڵوێستی دەوڵەتی سوسیال دێمۆکڕاتی ئوتریش یان بە تەنگەژە کێشابا.... هەر ساڵە و نوێنەرانی حدکا و حدک و باقی حیزبە کوردستانییەکان کە ئەندامی هەمیشەیی یان چاوەدێرن لە کۆنگرەی ئینترناسیونال سۆسیالیست کە سۆسیال دێمۆکڕاتەکان دامەزرێنەرین، تێچوویەکی زۆری بۆ دەدەن بێ ئەوەی هیچ باسێکی گرینگ سەبارەت بە پرسی کورد و تێرۆر و شەهید کردنی رێبەرانی کوردی تێدا بخەنە بەرباس و بۆ جارێکیش بێ، بە کۆدەنگی، کۆنگرەی سوسیال دێمۆکڕاتەکان بە تەنگەژە بکێشن. بەرز و بەڕێز بێ یادی رێبەرانی تێرۆر کراوی کورد شەهیدان دوکتور قاسملو و دوکتور سادقی شەرەفکەندی بە دەستی ناپاکی کۆماری جینایەتکار و تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران.