کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یەکەمین فستیڤاڵی شیعری کوردی لە خوراسان

03:55 - 23 پووشپەڕ 2719

یەکەمین کێبڕکێی شیعری کوردی بەناوی "ملواری" لە خوراسان بە پێشکەش کردنی چەند خەڵاتێک بە بەشداربووان کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، لە شاری خوراسان بۆ یەکەم جار ڕێوڕەسمێکی گرینگ و مێژوویی بەناوی ملواری بەڕێوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا گرینگی بە شیعر و ئەدەبی کوردی درا و لە زانکۆی خوراسان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کێبڕکێ‌یەکە درێژەی هەبوو. ئەو ڕێوەڕەسمە بە بەشداریی هەندێک لە شاعیران و نووسەران و ئەدەبدۆستانی کرمانجی گەرم و گوڕتر بوو و بە پێشوازیی کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو ناوچەوە دەستی پێکرد و هەروەها لە کۆتاییدا خەڵات بە بەشداربووان پێشکەش کرا و بە مەراسیمێکی پڕ شکۆ و مەزن یاد کرا و ڕێز لە بەڕێوەبەرانی ئەر ڕێوڕەسمە گیرا. لەو ڕێوڕەسمەدا بە دوو زمانی کوردی و فارسی بابەت پێشکەش کرا و ڕێژەی زۆر میوانی تێیدا بەشدار بوون کە زۆربەیان کوردی کرمانج و ئەوانی دیکەیان فارس زمان بوون. لە درێژەدا چەند کەس لە شارەزایانی زمان و ئەدەبی کوردی سەبارەت بە گرینگیی زمان و شیعری کوردی وتاریان پێشکەش کرد و کۆڕەکەیان گەرمتر کرد. شایانی باسە کە ئەو کێبڕکێ و ڕێوڕەسمە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی زانکۆوە پێشوازیی لێ کرا و بە گەرمی پەسەند کرا و "موحەممەد سادق جەوادی حەسار"، بەڕێوەبەری گشتیی زانکۆکانی خوراسان، یەکێک لەو کەسانی بوو کە بە دڵخۆشییەوە بەشداریی ڕێوڕەسمەکەی کرد و سەبارەت بە نرخ و گرینگیی ئەو فستیڤاڵانە قسەی کرد. ئەو فستیڤاڵە دواتر بە گۆرانی و شیعر و مۆسیقای تایبەتی ئەو ناوچەیە ڕازاوەتر بوو و دوو هونەرمەندی کورد بە ناوەکانی "موحسن میرزازادە و عەلیڕەزا ئیسلامی" مووسیقایان ژەند و کۆڕەکەیان رەنگینتر کرد.