کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی بەندکراو و، شاراوە مانەوەی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی

05:40 - 26 پووشپەڕ 2719

ئامارەکان دەڵێن 240 هەزار کەس لە ئێران زیندانین. لەو 240 هەزار کەسەی بە هۆکاری جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی حوکمی زیندانیان دراوەتێ، سەدا چواریان ژنن، بە واتایەکی دی زیاتر لە 9 هەزار ژن لە ئێران زیندانین و هەر بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان زیاتر لە نیوەی ژنانی بەندییش خاوەن مێرد و منداڵن. هەروەها بەشێکی زۆر لەو ژنانە منداڵی بچووکیشیان لەگەڵە و ئەم منداڵانە تەمەن و کاتی خۆیان بەجێی یاری لەگەڵ هاوتەمەن و خوشک و براکانیان لە ماڵێ یان لە پارک و باخچەی ساوایاندا، لە بەندیخانە بەسەر دەبەن. هۆکارەکانی زۆربوونی ئاماری بەندکراوانی ژن جۆراوجۆرن، هەم ئابووری، هەم کۆمەڵایەتی و هەم سیاسی. ئاڵوگۆڕ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و بەشداریی ژنان لە بازاڕی کار بێ ئەوەی ڕۆتین و ئاسانکارییەکان بۆ ئەم هەلومەرجە کرابن و مەیدانەکە لە زێهنییەتی پیاوانە ڕەها کرابێ، یەکێک لە هۆکارەکانی توشبوونی ژنان بە بەندیخانەیە. ئەوەش خۆی هۆکاری بەژنانەبوونی تاوانەکانە. هۆکارەکانی دیکەش بریتین لە پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئێعتیاد بە مادەی هۆشبەر و هەڵکشانی ئاماری تەڵاق ئەویش لە تەنیشت هۆکاری بنەڕەتیی هەژاری و هەروەها هەژاریی فیکری. ژنان لە زیندان بارودۆخیان چۆنە، ئیمکاناتی پێڕاگەیشتنیان چەندەیە، بێهداشت و خواردن و خەویان چەندە لەجێی خۆیدایە، مژاری ئەم نووسینە نین، پرسیار ئەوەیە کە کەوتنە زیندان چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی دادێی ژنانی بەندی دادەنێ و ئەوان دوای بەربوون لە گرتووخانە چۆن دەتوانن بۆ ژیانی ئاسایی بگەڕێنەوە. کێشەی سەرەکیی ژنانی زیندانی لە دوای بەربوونیان بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خێزان و نیگەرانیی لە شێوەی گەڕانەوەیانە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتییان. ژنانی بەندکراو هەر ئەوە نییە کە بەهۆی تاوانێکی کە کردوویانە و سزاکەیان وەرگرتوە بتوانن ئەو قۆناغە لە ژیان بەجێ بێڵن، بەڵکوو بەردەوام لەگەڵ ئەم ترسە دەژین کە نەکا لە کایەکانی دیکەی ژیاندا ئەم ڕابردووە زیانیان لێ بدا. ژن هەبووە بەهۆی کێشانی چەکێکی بانکیی لەگۆترە و نەبوونی پارە لە حسێبەکەی بۆ چەند مانگێک کەوتۆتە بەندیخانەوە، بەڵام هەر ئەوەندە وا دەکا متمانەی لە کۆمەڵگەدا خەوشدار بێ و نەتوانێ بۆ دۆخی پێش گیرانەکەی بگەڕێتەوە. لۆمەکردنی دەورووبەر و بەردەوام شکاندنەوە و تانووت‌لێدان یەکێکی دی لەو نیگەرانییانەیە قەت لە یەخەی ژنانی زیندانی نابێتەوە و دەبێتە هۆی خەمۆکی و تەنیاییان، هەروەها دابڕانیان لە کۆڕی خێزانی و هاوڕێیەتی و خزمایەتیشدا. کەم نین ئەو ژنانەی پێش زیندانچوونیان شەنگ و چالاک بوون و دوایە هەموو ڕایەڵەکانی پێوەندیی خێزانی و کۆمەڵایەتییان لەگەڵ دەوروبەریان لەدەست داوە. خۆ بەتاوانبار زانین، یان ڕوانینی تاوانبارانەی خەڵک لەسەریان وەک مۆتەکەیەک لەگەڵیان دەمێنێ و زۆر دەرفەتی گەڕانەوە و بووژانەوەیان لەکیس دەدا. لایەنی نالەباری کۆمەڵایەتیی دیکەی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە کەوتنە زیندانی ژنان خۆی تاوانخوڵقێنیی زیاتری بەدوودا دێ، هەم لە سۆنگەی ئەزموونکردنی بارودۆخێکی تایبەت لە زیندان بە لایەنی دنەدەرانە و دوایە بەشدارییان لە تاوانی قورستردا؛ هەم لە ڕووی ئەم بۆشاییەی لە نەبوونی ئەواندا لە بنەماڵەکەیاندا دروست دەبێ و بوار بۆ لادانی منداڵەکانی خۆش دەکا. دەبینی ژنێک کە بەهۆی ئاشنانەبوونی بە یاسا و رێساکان و لەسەر ڕەفتارێکی تاوانبارانەی بچووک دەگیرێ و دەکەوێتە بەندیخانەوە؛ بەڵام کە دێتەدەرێ بەهۆی تێکەڵاویی لەگەڵ بەندییە تاوانبارە قورسەکان کۆڵێک ئەزموونی تاوانبارانەی دیکەشی خستووەتە سەر یەک. بێگومان تا ئەو کاتەی هەژاری، بێکاری، قەیرانی ئابووری و هەژاریی کولتووری لە کۆمەڵگەدا هەبێ، بەستێنی لەباریش بۆ تاوانخوڵقێنی چ لە نێو پیاوان و چ لە نێو ژناندا دەبێ. ئەوەی ڕوونە ئەوەشە کە گرتن و زیندانیش ناتوانن چارەسەر و وەڵامدەری ئەم بارودۆخە بن، بۆیە گرینگە کار لەسەر سەرچاوەکە بکرێ کە ئەویش بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا ناکرێ بەهیچ کلووجێک دڵی پێ خۆش بکەی.