کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندێشەکانی د. قاسملوو، ئیستاش چرای ڕووناکی خەبات و تێکۆشانمانن

22:44 - 27 پووشپەڕ 2719

(دەقی قسەکانی کاک حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەی 233ی پێشمەرگەدا)   هاوڕێیانی بەڕێز! بەشدارانی بەڕێزی کۆتایی دەورەی ٢٣٣ی سەرەتایی فێرگەی سیاسی- نیزامی کە بە دەورەی سییەمین ساڵی شەهیدانی ڤییەن ناودێر کراوە، بەخێر بێن بۆ ئەم بۆنەیە. بەبۆنەی کۆتایی دەورەی ٢٣٣ی سەرەتایی فێرگە، پڕبەدل پیرۆزبایی بە بەشدارانی دەورە دەڵێم هەروەها ماندوونەبوونی دەکەم لە بەرپرسی فێرگە و مامۆستایان و پێرسۆنێلی فێرگە ,کە لە پێناوی پەروەردە کردن و بارهێنانی ئەو فێرخوازانە، ئەو تازەلاوانەی کە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دیارە پەروەردە و ڕاهێنان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، بۆ هەرچی شارەزا کردنی ئەو تێکۆشەرانەی کە لە ڕیزەکانی حیزبی ئێمەدا خەبات و تێکۆشان دەکەن بۆ ئەوەی لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بە کردەوە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوە بردنی ئەرک و پێ‌سپێردراوەکانیان بە کاری بهێنن.   هاوڕێیانی تێکۆشەر! کۆتایی ئەم دەورەیە هاوکاتە لەگەڵ ٣٠یەمین ساڵی شەهیدکرانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی؛ کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ کە لە ١٣ی ژوئیەی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی، بەرامبەر بە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا لە ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، بە دەستی دیپلۆمات-تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران، دوکتور قاسملوو کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە لە هەوڵ و تیکۆشاندا بوو و دەیهەویست ڕێگایەکی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە لایەنی بەرامبەر لە نییەتی ئاشتیخوازانەی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستان کەلکی خراپیان وەرگرت و نییەتی دوژمنکارانەی خۆیان بە نیسبەت شەخسی دوکتور قاسملوو و هەروەها جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بە کار هێنا و، سیمای تێرۆریستیی کۆمارەکەیان و ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمەیان بە تەواوی و بۆ جارێکی دیکە سەلماندەوە.       نەخش و دەوری دوکتور قاسملوو لە جووڵانەوی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا و مەترسییەکانی ڕێژیم لە هەوڵ و خەباتی دیپلۆماسییانەی دوکتور قاسملوو دوکتور قاسملوو لە هەلومەرجێکدا، ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی گرتە دەست، کە ئەم حیزبە لەو سەردەمەدا لە ڕووی فیکری و تەشکیلاتییەوە تووشی ئالۆزی و پڕش و بڵاوییەکی زۆر ببوو، دوکتور قاسملوو بە لێهاتوویی خۆی و بە شارەزایی لە کاروباری سیاسی و تێگەیشتن لە هەلومەرجی ئەوکاتەی خەبات، هەوڵی دا حیزبی دێموکراتی کوردستان بگێڕێتەوە سەر دۆخی ئەساسیی خۆی، بە کار و بەرنامە و پڕۆژەکانی هەوڵی دا لە سەرەتادا کادر و پێشمەرگەکان کە پڕش و بڵاو بوون کۆیان کاتەوە و لە هەوڵی پێکهێنانی کۆنفڕانس و کۆنگرەدا بێ، بۆ ئەم کارەش تێکۆشا بەرنامە و پڕۆگرامێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە بە هاوکاریی کەسانی دیکە لە حیزبدا دابڕێژێتەوە، کە بتوانێ ویست و داخوازەکانی گەلی کورد بە هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگەی کوردستان و تەنانەت ئامانج و خواستەکانی تێکۆشەرانی کوردی تێدا جێ بکاتەوە. بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و لە دوای ئەو بە ڕێبەریی دوکتور قاسملوو، کۆمەڵێک ئوسوول و پڕەنسیب و چەمکی نویێ، وەک خەباتی نەتەوەیی، دابینکردنی مافی زەحمەتکێشان، دێموکراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ، بەرابەریی مافی ژن و پیاو و زۆر پڕەنسیپی دیکە، لە بەرنامە و پرۆگرامی حیزبی دێموکراتدا جێگای خۆیان کردەوە. ئەوە بوو بە بناغەیەک، بۆ پتەو بوون و پەرەپێدانی خەباتی نەتەوایەتی و دامەزرانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، بۆیە جێی پەنجە و زەحمەتەکانی دوکتور قاسملوو لە ماوەی ١٨ ساڵ سکرتێریی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، ئێستاش کاریگەرییان هەیە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا. دوکتور قاسملوو بڕوایەکی یەکجار زۆری بە، بەیەکەوە بوونی ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران هەبوو و، لەو بڕوایەدا بوو کە مەسەلەی کورد ڕێگا حەللی نیزامی نییە و، دەبێ لە ڕێگای ئاشتییانەوە جێبەجێ بێ. دوکتور قاسملوو پێی وابوو هەر ڕۆژیک شەڕ بە دوا بکەوێ، لە قازانجی گەلی کورد دایە، بەڵام بەداخەوە تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکانی کۆماری ئیسلامی، کە لە پایەکانی لەرزۆکی خۆیان دەترسان و حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەلی کورد کە خاوەنی ڕابردوو و مێژووی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و دێموکراسی بوون، ئەوانیش کە دوژمنی ڕاستەقینەی مافی نەتەوایەتی و دێموکراسی و خودموختاری بوون، زۆر زوو پەیامی ئاشتی خوازانەی گەلی کوردیان ڕەت کردەوە و بەداخەوە شەڕ لە چەندین ناوچەی کوردستان دەستی پێکرد و ئەو شەڕەش بە شێوەی جۆراوجۆر تا ئێستاش درێژەی هەیە. دکتور قاسملوو وتووێژی وەکوو پڕەنسیپێک و بڕوایەک لە سیاستەکانی خۆی و بە ڕێگایەکی دروست و ئوسوولی و بە یەکێک لە شێوەکانی خەبات دەزانی، دوکتور قاسملوو دەیفەرموو: "ئێمە شەڕ بۆ شەڕ ناکەین بەڵکوو شەڕ، بۆ ئاشتی دەکەین. شەڕ بۆ ئەوە دەکەین کە دوژمنانمان تێبگەیەنین و بزانن گەلەکەمان چی دەوێ و هەر بەم مەبەستەش دوژمن ناچار بکەین و بیانکێشینە سەر مێزی وتووێژ." لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئوسوول و پڕەنسیپانەی کە دوکتور قاسملوو بڕوای پێی هەبوون (کە زۆرن و لەو دەرفەتەشدا ئیمکانی باسکردنی هەموویان نییە)، بەڵام هەوڵی دوکتور قاسملوو بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی خەباتی گەلەکەمان، بۆ ڕاکێشانی بیروڕای گشتی و، دنیای ئازاد، بۆ پشتیوانی کردن لە ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەمان بوو. یەکێکی تر لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەوە بوو کە دنیای دەرەوە، حیزب و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، ڕێکخراوە دێموکرات و پێشکەوتن خوازەکان، حیزب و ڕێكخراوەکانی ئەندام لە ، لە پەیوەندیدا بێ، بۆ ئەوەی خەباتی گەلی کورد و مافەکانی بە دنیای دەرەوە بناسێنیێ، دوکتور قاسملوو زۆر تێکۆشا کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکاندا لە جێگایەکی دیار و شوێنێکی تایبەتیی  دەنگ و داواکانی ئەم گەلە باس بکرێ. هەوڵی ئەوە بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان جێگە و پێگەیەکی لە ئینتێرناسیۆنالی سۆسیالیستدا هەبێ. هەر ئەو هەوڵ و تێکۆشانە بوو کە بۆ یەکەمجار حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەندامی چاودێریی ئینتێرناسیۆنالی سۆسیالیست وەرگیرا و سەرەنجام پاش خەباتێکی، دوور و بێوچان لە لایەن ڕێبواران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بێتە بەرهەم و ئێستا حیزبی دێموکرات بە ئەندامی ئەسڵی و تەواو وەختی ئینتێرناسیۆنالی سۆسیالیست وەرگیرێ. کۆی ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی زحمەت و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو و ڕێبەرانی دوای خۆی بوو کە ئەو ڕێگەیان درێژە دا و ئاواتەکەی دوکتور قاسملوویان هێنایە دی. لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی و پرسی کورد، حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕوایەکی قووڵی بە تەبایی و یەکڕیزیی هێزە کوردستانییەکان هەبوو و هێزەکانی دیکەی ئێران، کە بڕوایان بە دێموکراسی، ئازادی، مافی نەتەوایەتی هەیە و، هەموو ئەو هێز و ڕێکخراوانە کە بڕوایان بەم ئەسڵ و ئوسوولانە هەیە؛ بە دۆست و هاوپەیمانی خۆمان دەزانین. لەگەڵ ئەوەیدا کە دوکتور قاسملوو سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خەباتی دەکرد، بەڵام لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی، پرسەکانی کورد لە هەموو بە شەکانی دیکەی کوردستان هەوڵی دەدا کە، داکۆکی لە مافی ڕەوای دەیان ملوێن کورد بکا کە لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەشن. ئێستاش ئەو ئامانجانەی ئەو خەباتە لە لایەن تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەردەوامن و دەچنە پێش. هزر و بیر و ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو، ئیستاش چرای ڕووناکی خەبات و تێکۆشانی ڕێبوارانی ڕێگای ئازادییە. دوکتور قاسملوو کە ٣٠ ساڵ لەوە پێش لەلایەن تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کرا. ژانی زامی ئەم تێرۆرە ئێستاش لەسەر جەستەی کورد هەست پێ دەکرێ، بەڵام بیروفکری دوکتور قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە. بەڵام  بەداخەوە وڵاتی ئۆتریش خوێنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کردە سات و سەودای ئابووری و بازرگانی، ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە تێرۆریستانی ڕاسپێردراو بۆ ئەم کارە، ئەوەندە ئاشکرابوون کە پێویست بە هیچ بەڵگەیەک نەدەکرا، چون یەکێک لە ئەندامانی هەئیەتی ڕاسپێردراو یا وتووێژکار لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کردەوە تێرۆریستییەدا بریندار بوو، بەڵام لە جیاتی بیانگرن و موحاکەمە بکرێن، ڕەوانەی ئێران کرانەوە. بۆیە تا ئێستاش پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە بەستراوی ماوەتەوە بەڵام ئەم تێرۆرە و ئەو پەروەندەیە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا هەر وا زیندوویە و ڕۆژیک بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە بەسزای کردەوەکانی خۆیان دەگەن. هاوڕێیانی بەڕێز ئێستاش ئێمە ڕێبوارانی ئەم ڕێبازەین کە دوکتور قاسملوو خەباتی بۆ دەکرد و لەو پێناوەدا شەهید بوو. ئەو ڕێژیمە تێرۆریستەی کە چل ساڵە لەسەر کارە و خوێنی دوکتور قاسملوو و هەزاران تێکۆشەری دیکەی کە بە کردەوە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بوون ڕشتووە، بەڵام ئەم شۆڕشە، ئەم خەباتە هەروا بەردەوامە، پاش ئەو هەموو زوڵم و ستەمە ئێستاش سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەهاتوونەتە سەر ئەقڵ و پەیام و داوا و مافەکانی خەڵکی کوردستان وەربگرن و لە ڕێگای ئاشتییەوە ئەم پرسە چارەسەر بکەن، هەروەک ئاگادارن لە یەک ڕۆژی ڕابردوودا چەند جاشی بەکرێگیراو و خۆفرۆش لە لایەن چەند کەسێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر لە شاری پیرانشار بە سزای جەنایەت و کردەوەکانی خۆیان گەیشتن، ئەو خۆفرۆشانە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ئەوەندە کردەوەی دژی گەلی ئەنجام دابوو، کە سەرەنجام تووڕەیی خەڵک لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرانەی دەرحەقیان دەکرا بێدەنگ نەبن و دەستی تۆڵە بە سزای خۆیانیان گەیاندن. بەڵام وا دیارە ئەو خۆفرۆشانە زۆر خۆش‌خزمەتییان بە کۆماری ئیسلامی کردوە کە بەرپرسان و فەرماندەرانی سپا و قەرارگاکانی سپای پاسداران هەڕەشە لە جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە حیزبی دێموکرات دەکەن، لە لێدوانێکدا فەرماندەی قەرارگای هەمزە لە ورمێ بە ناوی "اصانلو" زۆر بێشەرمانە ڕایگەیاندوە. یەک ،بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێ لە هەر جم و جۆڵێکی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە لایەکی دیکەش ئەو کردەوەیە و کوژرانی ئەو جاشە خۆ فرۆشانە دەداتە پاڵ تێکۆشەرانی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە، لە کاتێکدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە، کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەل و مەرجی ئێستادا هیچ هێزیکی بە شێوەی ئاشکرا، لە نێوخۆی وڵات نییە، بۆیە لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی سوور و پێداگرە لەسەر درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان تا هاتنەدی ئامانجەکانی گەلی کورد و دابین بوونی ماف و داخوازییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات ناوەستێ بەڵام هەمیشە هەوڵی داوە لە ڕێگای ئاشتییانەوە مەسەلەی کورد چارەسەر بکرێ. هەروەک ئاگادارن لە چەند مانگی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خەلیجی فارس، بەهۆی هەست بە بەرپرسایەتی نەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ململانێکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بۆتە هۆی ئەوەی لە حاڵی ئاڵۆزی و تەنگەژەدا بێ، لەو هەلومەرجەدا ئێران لە قۆناغێکی زۆر ئاستەم و لاوازدایە و لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەو پەڕی خراپی دایە، گرانی، تەوەڕڕوم، بێکاری، هەموویان باری قورسی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکیان قورس و قورستر کردوە. لەگەڵ ئەم وەزعییەتەشدا هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرهەڵستکارەکانی بەردەوامە و بەئاشکرا هەوڵ دەدا لە ناوچەدا پێگەی خۆی بەهێز بکا و جێ‌پەنجەی بە ڕووداوەکانەوە دیار بێ. لە پشتگیریی تاقم و گرووپە میلیشیا و تێرۆریستیەکان لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن ڕوون و ئاشکرا و بەردەوامە. ئەم قۆناغە کە کۆماری ئیسلامی تێدایە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا خراپترین قۆناغە کە پێیدا تێپەڕ دەبێ و، یەکێک لە لەرزۆکترین دەسەڵاتەکانە، لەم سەردەمەدا بۆیە ئێمە هیوادارین خەباتی سیاسی و چالاکیی مەدەنی و ژینگەپارێزی، خەبات و تێکۆشانی ژنان و لاوان لە نێوخۆی وڵات هاوکات لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە دەرەوە، بە یەکەوە تۆماری کۆماری ئیسلامی تێکەوە ڤپێچن، دڵنیاشین کە ئەم دەسەڵاتە تا سەر ناتوانێ بەو شێوەیە درێژە بە دیکتاتۆری و زوڵم و سەرەڕۆیی بدا. سەرەنجام خەباتی هەموو چین و توێژەکان و گەلانی دیکەی ئێران سەردەکەوێ و پاشەکشە بەم دەسەڵاتە دەکا و بە ئاوات و ویست و داخوازییەکانی خۆیان دەگەن. لەوە زیاتر وەختتان ناگرم، جارێکی دیکە بەبۆنەی کۆتایی دەورەی ٢٣٣ی سەرەتایی پێشمەرگە، دەورەی ٣٠یەمین ساڵی شەهیدانی ڤییەن، پیرۆزباییتان پێ دەڵێم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە خەبات و تێکۆشاندا. - بژی حیزبی دێموکراتی کوردستان - سڵاو لە شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ڤییەن سەرکەوتووبن.